ڕەگەکانی بێمتمانەیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

بۆچوون / بیروڕا :: 11/07/2016

سەرچاوە: project-syndicate
نووسینی : تیمور کوڕان  
وەرگێڕانی : محەمەد نەجمەدین وادی 


ئەو بێمتمانەییەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە، ئەستەمە نەبینرێت و هەستی پێنەکرێت. ئەزموونە چاودێریکراوەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە عەربەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر متمانەیان بە خەڵکانی بیانی، ناوخۆیی و دەرەکی هەیە وەک لە ئەوروپیەکان. ئەمەش ڕێگری دەکات لە بەرەوپێشچوون لە هەموو ڕوانگەکانەوە، هەر لە گەشەپێدانی بازرگانی تاوەکو ڕیفۆرمی حکمومی. 

ئەو کۆمەڵگایانەی کەمتر متمانەیان تێدایە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمتر بەشداری لە بازرگانی نێودەوڵەتی دەکەن، وە کەمتریش سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ نێو کۆمەڵگاکانیان ڕادەکێشن. وە لە ڕاستیدا، بەپێی ئاماری بەهای جیهانی و توێژینەوە هاوشێوەکانی، متمانە لە نێوان تاکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێندە کەمە، بووەتە هۆی سنوردارکردنی مامەڵەی بازرگانی لە نێوان ئەو خەڵکانەی کە بە شەخسی یەکتر دەناسن یاخود بەهۆی خزمایەتیەوە یەکتر دەناسن. بەهۆی نەبوونی متمانەوە، زۆرکات عەرەبەکان ئەو هەلانە لە دەست دەدەن کە دەتوانن لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕکردنەوە، پارەیەکی زۆری لێوە پەیدا بکەن. 
بەهەمانشێوە، عەرەبەکان لە مامەڵەکردنەکانیشیان لەگەڵ دامەزراوە گشتیەکاندا، زۆرکات پەنا بۆ کەسێکی نێوەنگیر دەبەن کە بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆیان پەیوەندیان لەگەڵیاندا هەیە. لە نێوان دەرئەنجامەکانیشدا کە خەڵکی لەو دامەزراوانە پێشبینی دەکەن، بریتیە لە نایەکسانی، کە ئەمەش وای کردووە کاریگەری دامەزراوەکان بێبایەخ و بچوک بکاتەوە. 
بەڕونی، کێشەی نەبوونی متمانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستی بە چارەسەر هەیە. یەکەم هەنگاویش بەرەو ئەو کارە بریتیە لە تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ئەو بێمتمانەییە.
بەڵگەیەکی بەڕچاوی زۆر گرنگ بریتیە لە جیاوازی تێگەیشتنی مسوڵمانان و مەسیحیەکان. بە دڵنیاییەوە داتای ڕەسمی بوونی نیە کە ڕێژەی ئەو کێشەیە دیاری بکات: لە زۆرێک لە بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاتسدا مەسیحی کەم هەن بۆ ئەوەی بەراوردێکی مانادار بکرێت. بەڵام  بەڵگە ناڕەسمیەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە دووکاندارەکانی ناوچەکە و بازرگانەکانەکان و وەبەرهێنەرەکان بە گشتی مەسیحیەکانی ناوخۆیان پێ خاوەن متمانەترن وەک لە مسوڵمانە خۆماڵیەکان. خەڵکی دەڵێن:" هەمیشە بەوشێوەیە بووە." 
کارکردنم لەگەڵ مێژونوسی ئابوری، جارێد ڕوبین، کە تێدا لێکۆڵینەوە لەسەر سەدەی حەڤدەهەمینی تۆمارە ئیسلامیەکانی دادگای ئەستەمبووڵ دەکەم، تێگەیشتنێکی باش دەبەخشێت سەبارەت بەهۆکاری بێمتمانەییەکەی ناوچەکە و متمانەبوونی زیاتریان بە مەسیحیەکان.
لەو کاتەدا، ئەستەمبوڵ شارێکی فرەنەتەوەیی بوو، نزیکەی لە 35%ی دانیشتوانی شارەکە مەسیحی بوون و لە 6% ی جولەکە بوون. بەپێی یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی، مسوڵمانان پێویستبوو بارزرگانی بەپێی یاسا ئیسلامیەکان ئەنجام بدەن، ئەگەر بیانویستبایە بڕیار لەسەر ناکۆکیەک بدەن، دەبوو پەنایان بۆ دادگایەکی ئیسلامی ببردایە. مەسیحیەکان و جولەکەکان،بۆ خۆیان دەیانتوانی بازرگانیەکانی خۆیان بەیپَی یاساکانی خۆیان ئەنجام بدەن، هەرچەند ئازادیش بوون کە پەیڕەوی یاسا ئیسلامیەکان بکەن یاخود دادگای ئیسلامی بەکاربهێنن، ئەگەر ئارەزوویان بکردایە. بەڵام، بەدڵنیاییەوە ئەگەر تێوەبگلانایە لە کەیسێکدا لەبەرامبەر مسوڵمانێک، دەبوو مامەڵەکەیان بە دادگای ئیسلامیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرایە.
کاتێک کە مسوڵمانێک و نامسوڵمانێک ڕوبەڕووی یەکدەبوونەوە لە دادگادا، مسوڵمانەکە لە پێشتربووە. یەکەم، ڕاهێنان و مەشقی دادوەرەکان وای کردبوو کە سودی هەموو گومانەکانی بۆ بەرژەوەندی مسوڵمانەکان دەگەڕاندەوە. دووەم، سەرجەم ستافی دادگاکە مسوڵمان بوون، ئەمەش مانای ئەوەبوو کە گەواهیدانەکە بە تەنها لە ڕوانگەی ئیسلامیەوە قەبووڵ دەکرا. سێهەمین، لەکاتێکدا کە مسوڵمانان دەیانتوانی دژی هەرکەسێک گەواهی بدەن، مەسیحیەکان و جولەکەکان تەنها دەیانتوانی دژی یەکتر و نامسوڵمان گەواهی بدەن. 
بەڵام ئەو ئەفزەلیەتانەی مسوڵمانەکان زیانی هەبوو، لەبەر ئەوەی سیستەمی یاسایی وای کردبوو کە مسوڵمانان ئاسانتر بتوانن یاساکانی بەڵێنامە و حەسانەکان بشکێنن. زۆرکات وایان لێدەهات قەرزەکانیان نەدەدایەوە و ئەو ئیلتیزاماتانەی کە لەگەڵ کڕیار و هاوبەشە بازرگانەکانیان هەیانبوو پشتگوێیان دەخست. هاوکات، نا سموڵمانەکان، کە زیاتر ئیلتیزاماتەکانیان لەسەر توندکرابوو، ناوبانگی خاوەنمتمانەییان وەرگرت.
کەوایە، ئەمە مانای ئەوەیە کە تێگەیشتن لە مانای متمانە لە جیهانی عەرەبیدا سەرچاوە دەگرێت ، ئەگەر بەشێکیشی بێت، لە سەپاندنی نارێکی پابەند بوون لەژێر یاسای ئیسلامی، جیاوازی مەزهەبی و ئاینی لە سەپاندنی یاساییدا بەردەوام نەبوو. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، دادگا ئیسلامیەکان ڕێگەیان بۆ ئەو دادگایانە کردەوە کە لە بنچینەدا عەلمانی بوون، بەلای کەمەوە لەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە بازرگانی و ئابووریەوە هەبوو، دواتر پابەندبوونی یاسایی هاوسەنگتر بوو.
لەو کاتەوە، پشکی نامسوڵمانەکان لە کۆمەڵگا زۆرینە مسوڵمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ڕادەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی کۆچکردن و ئاڵوگۆڕی دانیشتوانەوە کەمی کردووە.
 لە ئەنجامیشدا، موسوڵمانێکی کەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەزموونی کەسی هەیە لە بازرگانی کردن لەگەڵ ناموسڵماناندا. بەڵام هێشتا، تێروانینەکۆنەکەی کە مسوڵمانان کەمتر جێی متمانەن، ماوەتەوە، لە نێوان خێزانەکان و خەڵکدا ئەو تێڕوانینە گوازراوەتەوە. هەروەها خووە دێرینەکەی شکاندنی گرێبەست و پەیمانەکان هێشتا لە هەندێک شوێندا ماوەتەوە. ئەو ئارەزووەی کە دەیەوێت مامەڵەکان سنورداربکات لە نێوان هاوڕی و خزمەکاندا، وەڵامێکی ئاسایی ژینگە کەم متمانەکانە. 
ئەمەش شتێکی گاڵتەئامێز نیە کە ئەو وێرانکاریە دووبارانەی کە بە ڕوونی لە سیستەمی یاسایی دەرکەتوون، وایانکردووە دەسەڵاتداری سیاسی و سەربازی بدەن بە مسوڵمانان لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکەیان لەگەڵ مەسیحی و جولەکەکاندا. لەپشت زیادبوونی تێَچووی مامەڵەی بازرگانی لە نێوان مسوڵماناندا لەو کاتەدا، یاساکان مەبەست لێیان سنوردارکردنی ئازادی ئاینی بوون-  بێبەریکردنی مسوڵمانان لە "هەڵبژاردنی یاسا" و سنوردارکردنی گەواهیدانی یاسایی ناموسڵمانان- هاوکاری ئەوەیانکرد کە کلتوری نامتمانەیی دروست بێت کە لە ئێستادا بووەتەهۆی ڕێگریکردن و سنوردارکردنی بەرەوپێشوچوونی لە چەندین ڕوانگەدا. لەبەر ئەوە، ئەو یاسا ئیسلامیەی کە کۆمەڵگەکانی لاوازکردووە، بووەتە ئامانجیان بۆ ئەوەی پارێزگاری لێبکەن. 
لە کاتێکدا کە چەندین بزوتنەوەی سیاسی هەن کە داوای ئەوە دەکەن جارێکی تر شەریعەت باڵادەست بێت، لە ئێستادا لە هەموو کات گرنگترە کە ئەو تێکدانە درێژماوەیەی کە هەر پێشوەختە بەهۆی ئەوەوە دروستبووە بناسێنرێت. ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی پێیەتی یاسای ئیسلامی نیە، بەڵکو هەوڵێکی بەرفراوانی زۆرە بۆ جارێکی تر بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان کۆمەڵگاکان و ڕێکخراوە تایبەتیەکان و حکومەتدا. زیندووکردنەوەی یاسا ئیسلامیەکان تەنها زامی نەبوونی متمانە قوڵتر دەکاتەوە کە سەرچاوەی سەرەکی شکستی سیاسی و بەرەوپێشەوەنەچوونی ئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure