رۆڵى ئەردۆغان لە لەناوبردنى یەکێتى ئەوروپادا

بۆچوون / بیروڕا :: 10/07/2016

دواڕۆژ

نووسینى: رەوف بەکر
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

ئەو رێککەوتننامەیەى کە ئەنقەرە و بروکسیل لە مانگى ئازارى رابردوودا واژۆیان کرد بۆ سنووردارکردنى لێشاوى کۆچبەران لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا، ئەو سیاسەتى نوقمبوونە بیردێنێتەوە کە رژێمى کوبا لە نیوەى یەکەمى نەوەدەکاندا دژى ویلایەتە یەکگرتووەکان پەیڕەوى کرد بۆ ئەوەى هەندێک سازشى سیاسیى لێ بەدەستبێنێت.
ئەو کاتە، فیدڵ کاسترۆ هەڕەشەى ئەوەى لە واشنتۆن کرد کە لە هاووڵاتییە هەڵاتووەکانى خۆیدا (راکردووەکاندا) نوقمى دەکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بە یاسایەک وەڵامیدایەوە کە پێى دەوترا (پێ وشکەکان و پێ تەڕەکان)، ناوەرۆکەکەیشى ئەوەبوو کە هەر کۆچبەرێک پێ بنێتە ناو خاکى ئەمریکاوە ئاسانکاریی مانەوەى بۆ دەکرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. بەڵام وادیارە مەسەلەکە لە رێککەوتنەکەى تورکیا و ئەوروپادا پێچەوانەیە. ئەمجارەیان هەموو ئەو پەنابەرە نایاساییانەى کە لە تورکیاوە دەگەنە یۆنان دیپۆرت دەکرێنەوە لە رێکەوتى 20ى ئایارەوە. لەبەرامبەر هەر کۆچبەرێکى سورى کە لە دورگەکانى یۆنانەوە دەگەڕێتەوە، یەکێک لە تورکیاوە لە یەکێتى ئەوروپادا پێشوازیى دەکرێت. نەک هەر ئەمە بەڵکو ئەنقەرە بڕى 6 بلیۆن یورۆیش یارمەتى بە دووجار وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەى کە لەوانەیشە هاووڵاتیانى تورکیا لە ڤیزەى (شنگن)یش ببەخشرێن. 



رەنگە ئەمە یەکەمینجاربێت کە (یاساسازیى) بکرێت بۆ دەرکردنى ئەو پەناخوازانەى کە پێیان ناوەتە ناو خاکى ئەوروپاوە، ئەمەیش پێچەوانەى یاساکانى کۆچ و مافى پەنابەرێتییە لە وڵاتانى یەکێتیەکەدا، هەورەک لەگەڵ ئەو پێوەر و بەهایانەیشدا نایەتەوە کە برۆکسل لە بوارى مافەکانى مرۆڤدا پەیڕەوى دەکات.

 جیاوازیەکە لێرەدا لەوەیشدایە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان بەپێچەوانەى کاسترۆوە پەنابەرانى دەوڵەتێکى دیکەى وەک کەرەستەیەک بەکارهێناوە بۆ ئەوەى هەندێک دەستکەوتى سیاسیى لە ئەوروپاییەکانەوە بەدەستبێنێت، ئەویش بە فڕێدانى نزیکەى یەک ملیۆن مرۆڤ لە ساڵى 2015دا بۆ کەناراوەکانى ئەوروپا، ئەمە بەگوێرەى قسەکانى پێش چەند مانگێک لەمەوبەرى خودى ئەردۆغان. خۆ رەنگە ئەگەر دەسەڵاتدارانى تورکیا تەنگیان بەو کەسانە هەڵنەچنیایە کە بە (میوان) ناویان دەبردن و هیچنەبێت کۆت و بەندیان نەخستایەتە رێى هاتوچۆ و جموجووڵیان لە نێوان شارێک و شارێکى دیکەدا، ئەوکاتە ئەوانیش بیریان لەوە نەکردایەتەوە کە بەدواى پاشەڕۆژێکى باشترى خۆیان لە ئەوروپادا بگەڕانایە. هەندێک حاڵەتى سەلمێنراو بە بەڵگەوەى ئەوەیش هەیە کە هێزە ئەمنیەکانى تورکیا بە قەناس ئەو هاووڵاتیانەى سوریایان راوکردووە کە ویستوویانە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەى خۆیان، هەروەها ئەوانەیشیان کە هەوڵیانداوە بە ئاراستەى پێچەوانە لە سنوور بپەڕنەوە. ئەمەیش بۆ ئەوەى ژمارەیان لەناو خاکى تورکیادا زۆر بێت و لەکاتى پێویستدا دانوستانیان پێوە بکەن.

ئەردۆغان مەسەلەى کۆچى لەیەککاتدا وەک چەکێکى ناوخۆیى و دەرەکییش پێکەوە بەکارهێناوە. چونکە لەو کاتەدا کە وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا ناچاربوون پەنا ببەنە بەر دەرکردنى یاساگەلێک بۆ توندکردنەوەى لایەنى ئەمنى لەترسى ئەوەى کە نەوەک بەهۆى شەپۆلى پەنابەرانى هاتوو لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقا بەناو تورکیادا، ببێتە هۆى لەگرێژەنەچوونى بارودۆخەکە، تورکیا بیانووى بۆ سیاسەتە شمولى و ستەمکاریەکانى خۆیى دەهێنایەوە لە دژى میدیا و قەزا و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆ ئەوەى لە دواڕۆژدا بە رەخنەگرانى بڵێت کە بەها و یاساکان لە وڵاتەکانى ئەوروپایش جیاوازییەکى ئەوتۆیان نییە لەگەڵ ئەوانەى تورکیادا. بۆیە هیچ جێى سەرسوڕمان نەبوو کە ئەردۆغان رۆژنامە دابخات و میدیاکاران زیندانى بکات هاوکات لەگەڵ لێسەندنەوەى رەگەزنامە لە هاووڵاتیەکى بەرەچەڵەک مەراکیشى لەلایەن دەسەڵاتدارانى دانیمارکەوە کە تۆمەتى توندڕەویى بەسەردا ساغ بوبووەوە. یان پێداگیرى بکات لەسەر دەرکردنى یاساى قەلاچۆکردنى تیرۆر بۆ خنکاندنى نەیارەکانى لەکاتێکدا کە هێشتا یاساى بارى نائاسایى لە فرەنسا بەسەرنەچووبوو و تەنانەت بەرپرسانى ئەوێ ئامادەبوون لە دژى خۆپیشاندانى کرێکارانیش پەیڕەوى بکەن. ئەوەیش هیچ جێى سەرسوڕمان نییە کە سەرۆکى تورکیا پارێزبەندیى بداتە سوپا و لەولایشەوە لە پارلەمانتارە نەیارەکانى خۆیى بسێنێتەوە لەکاتێکدا کە کڕینى هێڵێکى مۆبایل لە بەلجیکا مەسەلەیەک بێت کە پێویستى بە رێکارى ئەمنیى دیاریکراوبێت. هەموو ئەمانەى تورکیا لەکاتێکدابوو کە چەندین وڵاتى ئەوروپایى نیازى ئەوەیان هەبوو سەربازگیریى بکەن بۆ کارکردن لە دەزگا هەواڵگریەکانیاندا و وردە وردە رۆیشتنیان بەرەو چەمکى دەوڵەتى پۆلیسى.
هەروەها وڵاتانى ئەوروپا ناچار بوون یاساکانى پەنابەرێتى و تێکەڵاوبوون توند بکەنەوە. ئەوەبوو سوید مافى مانەوەى هەمیشەیى پەنابەرى هەڵوەشاندەوە و بێ بەشى کرد لەوەى کە بتوانێت ئەندامانى خێزانەکەى کۆبکاتەوە. یۆنانیش بە کردەوە چووە دەرەوەى چوارچێوەى (شنگن)ەوە و کارمەندانى ئاسایش لەبەردەم دەروازەکانى دەرچوونى فڕۆکەخانەکاندا ریزیان دەبەست بۆ چاودێرى کردنى نەفەرەکان و زۆرجار رێگریى لێکردنیان بۆ سەفەرکردن بەرەو ئەوروپا ئەگەر گومانێن لێ بکردنایە. ئەمە جگە لەو دیوارانەى کە چەندین وڵاتى ئەوروپا لەسەر سنوورەکانیان دروستیان کرد بۆ رێگریى لە شەپۆلى کۆچبەران، ئەمەیش زەبرێکى کوشندە بوو لە بنەماى ئازادیى هاتوچۆ کە لەبنەڕەتەوە یەکێتیى ئەوروپاى لەسەر بنیاتنرابوو. هەروەها ئەو شەپۆلى کۆچبەرانە کاریگەرییەکى گەورەى خراپى لەسەر پەیوەندیەکانى نێوان هاووڵاتیانى ئەوروپا بەجێهێشت، بەتایبەت موسڵمانەکانیان و هەستى نەبوونى ئەمن و ئاسایشى لەلا قووڵکردنەوە بەهۆى زۆربوونى داواکاریەکان بۆ داخستنى مزگەوتەکان و پەلاماردانیان وەک پەرچەکردارێک دژى زیادبوونى نائاسایى رێژەى کۆچبەران و تێکدانى بودجەى وڵاتانى خانەخوێ کە خۆیان لەخۆیاندا بەهۆى قەیرانە یەک لەدواى یەکە ئابوریەکانەوە تێکچووبوون و ماندووبوون.
رۆژێک دێت مێژوو بێتەوە یادى کە ئەوە ئەردۆغان بوو کۆمەڵگەکانى ئەوروپاى وێران کرد. دیسانەوە و لەدواى زیاتر لە پێنج سەدە لە داگیرکاریەکانى باپیرانى، ئەوروپاى (فەتح) کردەوە. بەڵام ئەمجارەیان بەهۆى ناردنى یەک ملیۆن مرۆڤى نائومێد و هەڵاتووى جەنگەکان بەرەو تیاچوون و کردنى دەریاى ناوەڕاست بە گۆڕستانیان، لە پێناوى هیچیشدا نا جگە لە تەماعە تایبەتەکانى خۆى بۆ ئەوەى ببێتە سوڵتانێکى عوسمانى و بە چنگێکى ئاسنینەوە حوکمڕانى بکات. لەهەموو حاڵەتەکانیشدا یەکێتى ئەوروپایش لاى خۆیەوە شکستێکى قورس و خراپى هێنا لە تاقیکردنەوەى کۆچى نایاساییدا، نە تەنیا لەبەرئەوەى کە ملکەچى هەڕەشەکانى ئەردۆغان بوو و هەرچى ویستى بۆى جێبەجێ کرد لەڕێى بەشبەشکردنى یەکێتیەکەوە، بەڵکو لەبەرئەوەى کە ئەم رێککەوتننامەیە کێشەکە لە ریشەوە چارەسەر ناکات و کۆچبەران نارچارن بەدواى رێگەى دیکەدا بگەڕێن بۆ ئەوەى بگەنە ئەوروپا (وەک رێگاى لیبیا-ئیتالیا)، ئەمەیش وڵاتانى دیکەیش هاندەدات لەم مەسەلەیەدا هەمان رێگەى ئەنقەرە بگرنەبەر 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure