خۆشم ئه‌وێ

بۆچوون / بیروڕا :: 10/07/2016


دراوسێكه‌مم خۆش ئه‌وێ
ئه‌و كاته‌ی كه‌ جه‌ژنا و جه‌ژن
مه‌سیجێكم بۆ ئه‌نێرێ
حكومه‌تیشم خۆش ئه‌وێ
ئه‌و كاته‌ی كه‌
پۆلیسی نی‌یه‌ بۆ واجب
له‌به‌ر ئه‌وه‌
ئه‌مانه‌تی سه‌روماڵمان
به‌ خودای گه‌وره‌ ئه‌سپێرێ
+++

من شه‌یدای فولكه‌ی وڵاتم
ئه‌و كاته‌ی كه‌
به‌ به‌رچاوی مروره‌وه‌
پاقله‌فرۆش دێت دای ده‌خات
یان ئه‌و كاته‌ی
به‌ به‌رچاوی ویژدانه‌وه‌
سمێڵ زلێك
سه‌ودای بنێشت و 
سێكس ئه‌كات
+++

قه‌زای تانكه‌ر له‌ گیانی من
ئه‌و كاته‌ی كه‌
به‌لای سواڵكه‌ردا باڵ ئه‌گرێ و
سه‌لام ناكات
دكتۆرم زۆر لا به‌ڕێزه‌
ئه‌و كاته‌ی كه‌ ده‌وام ناكات
+++

كوردستانم زۆر خۆش ئه‌وێ
ئه‌و كاته‌ی كه‌
ئابورییه‌كه‌ی
ناوساجی و فه‌ریكه‌ نۆكه‌
كه‌چی‌ فش و هوڕی ریكلام
رێك ئه‌ڵێ‌ی‌ هی نیویۆركه‌
+++

دۆڵی كوردستان ئازیزه‌
به‌و شه‌رته‌ی كه‌
چاوه‌ڕێی هیچ له‌ شاخ نه‌كات
هاووڵاتی ئه‌و كاته‌ لام خۆشه‌ویسته‌
گوێ له‌ خوتبه‌ی مه‌سئول بگرێ
به‌ڵام چه‌پڵه‌ی بۆ لێ نه‌دات



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure