ئەو هەڵەیەی داعش کردی کارەساتبارە

بۆچوون / بیروڕا :: 09/07/2016

سەرچاوە: شەرقولئەوسەت
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ئەو بێزارییەی کە جیهانی گرتووەتەوە لە ئاکامی هێرشە تیرۆریستییەکانی هەفتەی ڕابردوو لە چوار دەوڵەتی ئیسلامیدا، دەرفەتێکی نوێ دەبەخشێت بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لەپێناو دروستکردنی سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو دژی داعش و تاقمە توندڕەوەکانی دیکە. بەڵام لە کاتێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات بەرەی هاوپەیمانێتییەکە بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر فراوان بکات پێویستە وریا بێت و هەتا مۆسکۆ لە ڕژێمی سوریا دوورنەکەوێتەوە هاوبەشی لەگەڵ ڕوسیادا نەکات.
هێرشە دڕندانەکانی داعش لە تورکیا و بەنگلادیش و عێراق و شانشینی عەرەبی سعودی وا لە وڵاتانی ئیسلامی و خۆرئاوا دەکات کە بگەنە ئەو باوەڕەی ڕووبەڕووی دوژمنێکی هاوبەش بوونەتەوە کە بریتییە لە گرووپە توندڕەوەکانی وەکو داعش. ئەوەی کە ئەو وڵاتانە ئێستا پێویستیان پێیەتی دروستکردنی سەرکردایەتییەک و دەسەڵاتێکی هاوبەشە وەک ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و بریتانیا دروستیان کرد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤١دا لە پاش شۆک و غافڵگیرییە بەناوبانگەکەی (پیرل هاربەر). لەوکاتەدا تێکەڵکردنی سەرچاوە سەربازیی و هەواڵگیرییەکان کارێكی ئاسان نەبوو تەنانەت بۆ هاوبەشیی درێژخایەنی وەک هاوبەشییەکەی نێوان واشنتۆن و لەندەنیش. بەڵام (وینستۆن چەرچڵ)ی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی بریتانیا درکی بەوە کرد کە هەر لەگەڵ بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە جەنگەکەدا بە شێوەیەکی تەواو، ئیتر سەرکەوتن ئەنجامێکی مسۆگەری هاوپەیمانان دەبێت لە کۆتاییدا.
دەتوانین هەمان سەرچاوەی متمانە هەڵبهێنجێنین و پێکهاتەیەکی سەرکردایەتی وا دابمەزرێنین کە بتوانێت تواناکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوروپا و تورکیا و عێراق و سعودیە و ئەندەنوسیا و پاکستان و زۆر وڵاتی دیکە تێکەڵ بکات کە پێشتر تیرۆریستەکانی داعش کردویانن بە ئامانج.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە داعش بۆیە بەرپرسیارییەتی هەندێک لەو هێرشانەی نەگرتووەتە ئەستۆ، ئەگەرچی بەشێوەیەکی بەرفراوانیش هەر ئەو بە تاوانبار دادەنرێت، چونکە ئەو هێرشانە دەنگدانەوە و خۆشحاڵی دروستنەکردووە لەناو موسڵماناندا و تەنانەت گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە ئیدانەی توندوتیژی دەکەن بەتایبەت تەقاندنەوەی شاری مەدینەی منەوەرە.
سعودیە لە ساڵانی پاش ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١دا بانگەوازی لەوجۆرەی بەخۆوە بینی کاتێک کە کردەوەی هاوبەشی دژی ڕێکخراوی قاعیدە ئەنجامدرا بە سەرۆکایەتی سعودیە و ئاژانسی و هەواڵگری ناوەندی ئەمریکی. هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش لە مەدینە و جدە و قەتیف دەتوانن ئەم هاوکارییە قووڵتر بکەنەوە و هاوبەشی دیکەی عەرەب ڕابکێشن وەک ئوردن و میسر و مەغریب و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەب. هەروەها دەرفەتەکە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبارە پەنجە بنێت بە دوگمەی کارکردنەوە لەگەڵ تورکیاشدا، بەتایبەت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا پشتگیری لە مەسەلەکە کردووە و ئیدانەی ڕێکخراوی داعشی کرد بەڵام نەیتوانی سنووری سوریا دابخات چونکە توڕەیە لە هاوکاریکردنی جەنگاوەرە کوردەکانی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە. ئێستاش کە دەبینێت توندڕەوەکان دەستیان ناوەتە بیناقاقای پێویستە پەیوەندییە سەربازیی و هەواڵگرییەکان لەگەڵ واشنتۆندا پتەوتر بکات هەروەها پێویستیشە دەرگای گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا بکاتەوە بۆئەوەی لە دوو بەرەدا نەچێتە شەڕی تیرۆرەوە.
ئەی سوریا چی؟ ئایا پێویستە لەسەر واشنتۆن و مۆسکۆ هێزەکان یەکبخەن دژی تیرۆر؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەگەر لە ڕەهەندێکەوە تەماشای بکەی بێگومان بەڵێ-یە چونکە جەنگاوەرە بیانییەکان لە ڕوسیا و کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە هەڵدەقوڵێن بۆئەوەی پەیوەندی بکەن بە ڕیزەکانی داعشەوە. جێگەی سەرنجە لەناو سێ چەکداری ناو ئەستەنبوڵدا دوانیان ڕوسین. لەبەرئەوە هاوکاری هاوبەش لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا زۆر بەسوود دەبێت مادام چاوپۆشی ناکات لە ڕەفتارە خراپەکانی دیکەی ڕوسیا.
ئێستا ڕوسیا لە تاقیکردنەوەدایە. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە هاوبەشی لەگەڵدا بکات لە زانیارییەکان دەربارەی پێگەکانی داعش و بەرەی نوسرە لە سوریادا بۆئەوەی هێزەکانی ڕوسیا بتوانن هێرش بکەنە سەر گرووپە توندڕەوەکان و خۆیان بپارێزن لە زیانگەیاندن  بەو گرووپانەی کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کاردەکەن.
حاڵی حازر ویلایەتە یەکگرتووەکان لەوە دەکۆڵێتەوە کە ئایا ئەو هاوبەشییەی ڕوسیا بسەلمێنێت و زانیاری هەواڵگری بداتێ. بەڵام سوپای ئەمریکا تووشی گومان دەبێت کاتێک کە هەڵوێستی ڕوسیا لە ئەوروپادا دەبینێت. لایەنگرانی ئەو هاوکارییە لە حکومەتی ئەمریکادا دەڵێن پێویستە هاوکارییەکە مەرجی ئەوەی لەگەڵدا بێت کە ئەگەر هێزەکانی ڕژێمی سوریا بەردەوام بوون لە بۆردوومانکردنی گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکارییان دەکات ئەوا پێویستە واشنتۆن ڕووبەڕووی هێرشەکان ببێتەوە و فڕۆکە هێرشبەرەکان بخاتە خوارێ.
ئەگەر ڕوسیا ئەم مەرجەی سەر بەشار ئەسەدی قبوڵ کرد دەتوانێ دەستبەجێ بچێتە ناو هاوپەیمانییەکەوە. بەڵام ئەگەر بەردەوام بوو لە پشتیوانیکردنی ڕەهای بەشار ئەسەد ئەوا مۆسکۆ قینی توندڕەوەکان هەڵدەستێنێت و لەهەمان کاتیشدا هەوڵەکانی ئەمریکا ئاڵۆزتر دەکات سەبارەت بە پێکهێنانی سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی فراوانتر.
پێدەچێت تیرۆریستەکان بەهێرشکردنە سەر ئیستانبوڵ و دەکا و بەغداد و مەدینەی منەوەرە هەڵەیەکی کوشندەیان کردبێت. بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی داعش بەم شێوە توندوتیژە پێناچێت مەسەلەکان بەوشێوەیە بن ئامانجی ڕاستەقینەی توندڕەوەکان نانەوەی دووبەرەکیە و چاندنی بێ متمانەیی بوو لەنێوان موسڵمانان و خۆرئاوادا.
ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم کاتەدا بتوانێت نموونەیەکی بەهێزی سەرکردایەتی پێشکەش بکات، ئەوا دەتوانێت ئەو درز و قڵیشانە چارەسەر بکات و هاوکاری بکات لە ڕێکخستنی هاوپەیمانییە سەربازی و هەواڵگرییەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە هاوبەشەدا.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure