بریتانیا: كێشه‌گه‌لى زۆر و ئه‌گه‌ره‌كانى چاره‌سه‌ر

بۆچوون / بیروڕا :: 08/07/2016

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

خاتوو تێریزا ماى، وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌ته‌كه‌ى ده‌یڤید كامیرۆن، ده‌بێته‌ سه‌ره‌ك وه‌زیرانى بریتانیا، به‌مه‌یش پارتى پارێزگاران سه‌رده‌مێكى نوێى سیاسى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌ست پێده‌كات. پڕكێشى ده‌كه‌م و ده‌ڵێم سه‌رده‌مى ئه‌م خاتوونه‌ زۆر باشتر ده‌بێت له‌وه‌ى كه‌ بریتانیه‌كان و جیهانیش له‌ كامیرۆن و هه‌ڵوێسته‌كانى كامیرۆندا بینییان. 
خولى یه‌كه‌مى ده‌نگدانه‌كه‌ى نێوان پارله‌مانتارانى پارتى پارێزگاران، ره‌نگه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ى یه‌كلاكردبێته‌وه‌. ماى 165 ده‌نگى مسۆگه‌ر كرد، خاتوو ئه‌ندریا لیدسوم وه‌زیرى وزه‌یش 66 ده‌نگ و مایكل گۆف وه‌زیرى داد 48 ده‌نگ و ستیڤن كراپ وه‌زیرى كار و خانه‌نشینى 34 ده‌نگ و پارله‌مانتار لیام فۆكس 16 ده‌نگى هێنا، ئه‌مه‌ى دواییان له‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌رچوو و كراپیش پاشه‌كشه‌ى كرد و هه‌ردووكیشیان پشتیوانیى خۆیان بۆ ماى راگه‌یاند.

حكومه‌ته‌ تازه‌كه‌ زه‌حمه‌ت و قورسیى گه‌وره‌ى رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا وڵات به‌سه‌رخۆیدا دابه‌شبووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ ماى به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى داوه‌ كاربكات بۆ دووباره‌ یه‌كخستنه‌وه‌ى پارتى پارێزگاران، به‌ڵام ناكۆكیه‌كانى پارته‌كه‌ سبه‌ى و دوو سبه‌ى چاره‌سه‌ر ناكرێن. ماى خۆى له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپادا بوو بۆیه‌ ئه‌ركه‌كه‌ى له‌ سه‌رۆكایه‌تیى وه‌زیراندا چاككردنه‌وه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌نگدان بۆ جیابوونه‌وه‌ تێكیداوه‌. چونكه‌ ئابوریى بریتانیا، كه‌ له‌ دواى ئه‌ڵمانیاوه‌ دووه‌م ئابوریى ئه‌وروپایه‌، له‌ رووى هه‌نارده‌وه‌ له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌ و له‌نده‌نیش ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ سه‌نته‌ر و ناوه‌ندێتى خۆى له‌ده‌ستبدات له‌ میوانداریى بانقه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌گه‌ڵ نیویۆركدا. تۆ وه‌ره‌ ناوى ئه‌و شارانه‌ بخوێنه‌وه‌ كه‌ بۆ جێگرتنه‌وه‌ى له‌نده‌ن دانراون، به‌رشه‌لۆنه‌، میلانۆ، وارشۆ، لوكسمبۆرگ، پاریس، فرانكفۆرت، ڤیه‌ننا و زۆرى تریش، ئه‌مه‌یش مانى وایه‌ كه‌ دۆزینه‌وه‌ى میراتگرێكى دیار بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵى له‌نده‌ن بگێڕێت كارێكى قورس و گرانه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ باسكرا، ره‌نگه‌ وا پێویست بكات كه‌ حكومه‌تى نوێى بریتانیا رێككه‌وتننامه‌ى دووقۆڵى له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌ بازرگانییه‌ پێشووه‌كانیدا له‌ناو یه‌كێتیه‌كه‌دا ببه‌ستێت، با ئه‌وه‌یش بزانین كه‌ 53%ى بازرگانیى بریتانیا له‌گه‌ڵ وڵاتانى دیكه‌ى یه‌كێتى ئه‌وروپادا بووه‌.
من ناڵێم چاره‌سه‌ره‌كان نین یاخود به‌رده‌ست نین، به‌ڵكو ده‌ڵێم سه‌خت و گرانن. ئه‌وه‌یش ده‌ركه‌وت كه‌ سێ توێژه‌كه‌ى هه‌تا ته‌مه‌نى 44 ساڵ ده‌نگیان به‌ مانه‌وه‌دا، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ده‌نگده‌ره‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌رچوون و جیابوونه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد. له‌نده‌نیش به‌ ڕێژه‌ى 59،9% ده‌نگى به‌ مانه‌وه‌ دا. سكۆتله‌نده‌یش هه‌ر وایكرد و به‌ زۆرینه‌ى 62%، ئایرله‌نده‌ى باكوریش به‌ زۆرینه‌ى 55،6% ده‌نگیدا بۆ مانه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت خاتوو ماى پشتیوانیى خۆى له‌ ناو نه‌وه‌ى داهاتوو و پایته‌خت و باكوردا بدۆزێته‌وه‌ بۆ ئاسانكاریى ئه‌ركه‌كه‌ى له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌كانى كشانه‌وه‌كه‌.

په‌ندێكى خۆمان هه‌یه‌ ده‌ڵێت (په‌تى درۆ كورته‌) سه‌رانى جیابوونه‌وه‌ له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپایش وتیان به‌ریتانیا پابه‌نده‌ به‌وه‌ى 350 ملیۆن جونه‌یى بداته‌ برۆكسلى پایته‌ختى یه‌كێتى ئه‌وروپا هه‌فته‌ دواى هه‌فته‌. كه‌چى په‌یمانگاى توێژینه‌وه‌ داراییه‌كان ئاستى به‌شداریى بریتانیاى به‌ نزیكه‌ى 150 ملیۆن جونه‌ى دیاریكردووه‌. (جیاویسته‌كان) درۆى ئه‌وه‌یشیان كرد كاتێك باسى رێگریى كۆچیان رووه‌و بریتانیا ده‌كرد، چونكه‌ له‌ راستیدا كۆچ له‌ هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ كرێكاره‌ ئه‌وروپاییه‌كان و ئه‌وانه‌ى له‌ بریتانیادا ده‌مێننه‌وه‌ ژماره‌یان له‌ سێ ملیۆن نزیك ببێته‌وه‌ به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌واندا نزیكه‌ى دوو ملیۆن هاووڵاتیى بریتانى له‌ وڵاتانى دیكه‌ى یه‌كێتیه‌كه‌دان.
هه‌رده‌بێت تێریزا ماى تیمێكى پسپۆرى ئابوریى هه‌ڵبژێرێت توانى پێشنیارى چاره‌سه‌رگه‌لێكى وایان هه‌بێت كه‌ رۆژنامه‌نووسێكى وه‌ك من په‌ى پێنه‌بات. به‌ڵام ئه‌وه‌ى من ده‌یزانم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئابوریى بریتانى له‌ ساڵێكدا 2،5 ترلیۆن دۆلاره‌ و دواى كشانه‌وه‌ى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا داده‌به‌زێت بۆ 1،7 ترلیۆن. خۆ ئه‌گه‌ر جیاوازیى نێوان ئه‌و دوو ژماره‌یه‌ راست بێت (كه‌ هى من نییه‌ و سه‌رچاوه‌ ئابوریه‌كان واده‌ڵێن) كه‌واته‌ چاره‌كردنى قه‌باره‌ى ئابوریى به‌رهه‌مى ساڵانه‌ى بریتانیا تا ئاستى مه‌حاڵ قورسه‌. 

زیاتر بڵێم؟ باشه‌، ده‌خوێنمه‌وه‌ كه‌ رووداوه‌ ره‌گه‌زپه‌رستیه‌كان، له‌وكاته‌وه‌ى ده‌نگ به‌ وازهێنان له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا دراوه‌، پێنج جاران زیادیان كردووه‌. پێگه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان 300 رووداویان له‌ دوو رۆژدا تۆماركردووه‌، له‌نێوان ده‌ستدرێژیكردن له‌ ناو ئامرازه‌كانى گواستنه‌وه‌ و له‌ ناو دوكان و شوێنه‌ بازرگانیه‌كاندا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار له‌ یانه‌ شه‌وانه‌ییه‌كانیشدا. ئه‌م هێرش و ده‌ستدرێژیانه‌یش كراونه‌ته‌ سه‌ر ره‌شپێسته‌كان و عه‌ره‌به‌كان و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئه‌مریكیى لاتینین و كه‌سانى تریش.

سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌یش، بریتانیا هه‌ر به‌ دایكى دیموكراسیه‌تى نوێ له‌ هه‌موو جیهاندا ده‌مێنێته‌وه‌ و وایده‌بینم كه‌ ده‌توانێت بگاته‌ كه‌نارى ئارام.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure