دووەمین فیشەكی كورد

بۆچوون / بیروڕا :: 04/07/2016

دواڕۆژ

نووسینی: غەسان شربل
سەرچاوە: ئەلحەیات 
وەرگێڕان: نەبەز كەمال
 ساڵی 2005 بوو، سەردانی مەسعود بارزانیم كرد دوای هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق لەبەر رۆشنایی دەستووری عێراقی دوای سەدام. حاڵەتەكە پێشتر لە مێژووی كوردەكاندا رووی نەدابوو ، چونكە خەونی (كۆماری مەهاباد) كە كوردەكان لەسەر خاكی ئێران دایانمەزراندبوو فریای كوژاندنەوەی مۆمی یەك ساڵەی نەكەوتبوو، رێكەوتیش وەها بوو كە مەسعود لەوێ لەدایكبوو.
ئەو پیاوەم بینی لەژێر دوو ئاڵا دانیشتبوو، فرت‌وفێڵی رۆژنامەنووسی وەهای لێكردم وابزانم ئاڵای عێراق میوانی ئاڵای هەرێمە كوردییەكەیە، كاتێكیش لەوێ دەرچووم هەستێك دایگرتم لەوەی كوڕەكەی مەلا مستەفای بارزانی فیشەكێكی ژەهراویی ناوە بە دڵی رێككەوتننامەكەی سایكس - پیكۆوە كە بەر لە نزیكەی 100 ساڵ كوردەكانی وەك هەتیو بەسەر عێراق ‌و سوریا و توركیا و ئێراندا دابەشكردبوو.
مەسعود هەستی بەترس ‌و دڵەڕاوكێی وڵاتانی چواردەوری كردبوو، بۆیە تا ئەوپەڕی رادە خۆپارێز و واقیعبینانە كاریدەكرد، بەڵام نەخۆشیی بەهەرێمبوون، بوو بە درم، هەر لەبەرئەوەش سەرۆك بەشار ئەسەد قایل نەبوو وەك سەرۆكی هەرێم پێشوازی لەمەسعود بارزانی بكات، كاتێكیش قایلبوو ئەوە بكات دوابەدوای هەڵایسانی رووداوەكانی سوریا، سەركردە كوردەكە وتی "هەلومەرجەكە چیدی شیاو نییە".

 
كوردەكانی عێراق ئەو دەرفەتە مێژووییەیان قۆستەوە كە بریارەكەی جۆرج بوش لەمەڕ لەناوبردنی رژێمەكەی سەدام حسێن خوڵقاندی، ئەوەتا ئێستاش كوردەكانی سوریا دەرفەتێكی مێژوویی دەقۆزنەوە كە لەبەریەكهەڵوەشانەوەی سوریا خوڵقاندوویەتی. كاتێكیش دوێنێ ئەوەم خوێندەوە كە ساڵح موسلم سەرۆكی یەكێتی دیموكراتی كورد بە رۆژنامەی حەیاتی وتوە، ئیدی دڵنیابووم لەوەی رێككەوتننامەی سایكس - پیكۆ دووەمین فیشەكی كوردی بەركەوتووە كە ئەمجارەیان لەرۆژاڤا (خۆرئاوای كوردستان)ەوە پێوەی نراوە. بەمجۆرەش ماڵئاوایی لەو سوریایە دەكەین كە تا ئێستا ناسیومانە وەك چۆن پێشتر ماڵئاواییمان لەو عێراقە كردبوو كە دەمانناسی.
بەلای زۆرەوە دووەمین فیشەكی كورد سوڵتانی ناچاركردوە بەوەی جامی ژەهر لە لێوەكانی نزیكبخاتەوە. راستە قەیسەری ئێستا كەسێكی بەهێز و هێرشكار و سەرسەختە، بەڵام ئەوەش دیسان راستە كە شتێك لەئارادایە لەویش ‌و لە داعشیش مەترسیدارترە. رەجەب تەیب ئەردۆغان وایدەزانی كە لە سەركەوتنی تەواوەتییەوە نزیكە و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ناچارە لە ژێر وێنەكەی كەمال ئەتاتورك دابنیشێت، چونكە وڵاتەكەی جێگای دوو پیاوی تێدا نابێتەوە. فیشەكی دووەمی كوردەكان ئەوەی بیرخستەوە كە پیاوە ركابەرەكەی لەناو توركیادا لەیەكێك لەزیندانەكانیدایە و ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، هەر قوتابیەكانی ئەو زیندانییەش بوون قەوارەی سوریایان بەرە و چارەنووسی قەوارەكەی عێراق برد.

هەمیشە دەسەڵاتدار ئەوەی بەلاوە باشترە سەر بۆ دوژمنی دەرەكی دابنەوێنێت بەو هیوایەی بتوانێت بەسەر دوژمنەكانی ناوخۆیدا زاڵ بێت. رۆژێك لە رۆژان سەدام بە ئیدریس بارزانی برای مەسعودی وت "وەهام لێ مەكەن سازش بۆ ئێران بكەم"، دواتریش لەرێككەوتننامەكەی جەزائیر لەگەڵ تاران ئەوەی كرد، كە بزووتنەوەی كوردی تووشی نسكۆیەكی گەورە كرد. لە ساڵی 1988یشدا، حوسنی موبارەك سەردانی دیمەشقی كرد و بە حافیز ئەسەدی وت ئەگەر سووربێت لەسەر داڵدەدانی ئۆجەلان ئەوە تانكەكانی توركیا دێنە ناو خاكی سوریاوە، ئەوەبوو ئەمیش وازی لە ئۆجەلان هێنا و ئۆجەلان كەوتە تۆڕی دەزگای هەواڵگریی توركیاوە و بەرەو گرتووخانەكەی ئێستای برا.
بەر لە چەند ساڵێك مەسعود بارزانی ئامۆژگاریی رەجەب تەیب ئەردۆغانی كرد كە دەرگای گفتوگۆ بە رووی زیندانییەكە و گرووپەكەیدا بكاتەوە، ئیدی دانوستان سازكرا و دەرەنجامەكەشی گەڵاڵەبوونی رێككەوتنێك بوو لەسەر چەند خاڵێك. كوردەكانی توركیاش بە فراكسیۆنێكی گەورەوە لەناو پەرلەمانی توركیاوە سەریاندەرهێنا. ئێستا كوردەكان دەڵێن ئەردۆغان لە بەڵێنەكانی پاشگەزبۆتەوە و جەنگ هەڵگیرساوەتەوە. كەسانێكیش هەن پێیانوایە سوڵتان نایەوێت ناوی لە مێژوودا وەك ئەو سەرۆكەی توركیا تۆمار بكرێت كە ملی بۆ داخوازیی كوردەكان یان بەشێك لە داخوازییەكانیان دانەواندوە. لە گاڵتەپێكردنی دوژمنێكی تر دەترسێت كە ناوی ئەتاتوركە.

بەر لەساڵێك لە برۆكسێل قسەم لەگەڵ ساڵح موسلم كرد، ئەوكاتە بەوە تۆمەتبار دەكرا گوایا دەستی لەگەڵ رژێمی سوریا تێكەڵكردوە و سەما لەگەڵ ئەو رژێمە دەكات، بۆ من چاوەرواننەكراو بوو كە وتی "بەعس هۆكاری وێرانبوونی عێراق ‌و سوریا و ناوچەكەیە"و "رژێمی سوریا لەگیانەڵادایە". وتیشی "سوریای عەرەبیی بەعسیمان تاقیكردەوە تەنها كاولكاریمان لێ چنییەوە، بۆچی سوریای دیموكراسیی فیدراڵیش تاقینەكەینەوە كە جێگای هەموو پێكهاتەكانی تێدا بێتەوە؟".
قسەكانی ساڵح موسلمم بە وریاییەوە وەرگرت كە ئەوە مەرجی پیشەكەمە، بە تایبەتیش لە بارودۆخی پشێوییە خوێناوییەكەی سوریادا، دوای ساڵێك، وێنەكە ئێستا جیاواز دەردەكەوێت. كوردەكانی سوریا ناوچەكانی خۆیان كۆنترۆڵكردوە ئەگەرچی هێشتا ئەو خاكەیان بەیەكنەگەیاندوە، لەو ناوچانەدا میوانداریی 3 بنكەی بچووكی سەربازیی ئەمریكییش دەكەن، نووسینگەیەكی نوێنەرایەتیشیان لە مۆسكۆ هەیە كە دەستوورێكی نوێی بۆ سوریا ئامادەكردوە لەسەر بنەمای بە فیدراڵكردن.
دووەمین فیشەكی كورد ئەردۆغانی تووشی دڵەراوكێ كردوە، ئێرانیش هەروەها، چونكە فیشەكەكە كوردەكانی ئەوێش دەدوێنێت. لەوانەشە هەرئەوە شرۆڤە بێت بۆ گرمەگرمی سوپای پاسداران لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق. یارییەكە لە دەستی یاریزانەكاندا نەماوە. گێڕانەوەی میلی سەعاتیش بەرەودواوە كارێكی ئاسان نییە. خنكاندنی خەونی كورد و رێگەگرتنیش لە سێیەمین فیشەكی كورد، ئەگەر دواش بكەوێت، پێویستی بە هاوپەیمانییەكی جیددییە لە نێوان تاران ‌و ئەنقەرە و دیمەشق ‌و بەغدا، ئەوەش لەئێستادا هاوپەیمانییەكی قورسە. ئەمریكا ئامادەنییە ئەمجارە سەرپەرشتی ئەو پڕۆسەی خنكاندنە بكات، قەیسەریش حەزی لەوەیە وەك پارێزەری كەمینەكان رۆڵ بگێڕێت. گومان لەوەدانییە كە دیمەنەكە دوای دووەمین فیشەكی كورد لە نێوان بەشار ئەسەد و حەسەن نەسروڵڵادا خۆی دەردەكەوێت. ئەم رێككەوتنە دووقۆڵییانە رێككەوتنەكەی جەلال تاڵەبانی ‌و مەسعود بارزانیم بیردەخاتەوە كە رۆژێك لە رۆژان لەسەر ئەوە رێككەوتن "دەرفەتە مێژووییەكە لەدەست خۆیان نەدەن". گوێم لە گریانی نەخشەكانە و بۆنی فرمێسكی میشێل عەفلەق دەكەم لەگۆڕەكەیەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure