ئەو ئەردۆغانەی کە دەگۆڕێت

بۆچوون / بیروڕا :: 30/06/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
سەرکردەکانی حەماس هەست بە کرانەوەیەک دەکەن لە بارودۆخی ناوچەکەیاندا پاش ئەوەی ئیسرائیل و تورکیا ئاشت بوونەوە. ڕاستە هێشتا ئابڵوقەکە لانەبراوە، بەڵام ئەم ئاشتبوونەوەیە ڕێگە دەدات تورکەکان ئێستگەیەکی پرۆژەی ئاو و یەکێکی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا دابمەزرێنن و یارمەتییەکانیش بگوێزنەوە بۆ بەندەری (ئەشدود)، لەژێر چاودێری سوپای ئیسرائیلدا سەبارەت بەو کەلوپەلانەی کە دەبرێن بۆ غەزە یان لە غەزەوە دەبرێنە دەرەوە. ئەمانە هیچیان جێگەی دەروازەی (ڕەفەح)ی میسری ناگرنەوە کە دەروازەیەکی پێویستە بۆ هاتوچۆی خەڵکی غەزە. بەڵام لەکاتێکدا سەرکردەکانی حەماس سوپاسی ئەردۆغان دەکەن، عەبدولفەتاح ئەلسیسی تەنیا هەر شایستەی ئەوەیە ئەمان بێدەنگ ببن لەئاستیدا و بەشداری نەکەن لە هێرشەکانی ئیخوان لەسەری. ئاشتبوونەوەکە تەمەنی دەسەڵاتی حەماس بەسەر غەزەدا درێژ دەکات و بە کردەوەش دابەشبوونی فەڵەستینییەکان لە دوو دەوڵەتدا بەهێزتر دەکات، یەکەمیان لە ڕامەڵڵا کە بەڕووی جیهاندا کراوەتەوە و دووهەمیشیان دەوڵەتی (حەماس) لەژێر چاودێری ئیخواندا کە ئەردۆغانی برا گەورە پێشیان کەوتووە.
تورکیا خۆی ئامادە دەکات لەگەڵ هەموو دراوسێکانیدا ئاشتببێتەوە، لەگەڵ وڵاتانی هەردوو دەریای سپی و ڕەشدا. ئەمە قسەی پەلەپروزێی کەسێکە کە لە تاریکایی ناو ئەشکەوتەوە هاتبێتە دەرەوە بۆ بەر خۆری سروشتە فراوانەکە. بێگومان ئەم قسەیە نە قسەیەکی سۆزداریی و نە دەربڕینێکی شارستانییە کە پێگەی جوگرافیایی تورکیا و مێژووە ئیمپراتۆرییەکەی بەهەند وەرگرتبێت. ئەمە بە دیاریکراوی قسەی ئابوورییە، چونکە حیزبی داد و گەشەپێدانی ئیخوانیی پاش ئەوە هاتە سەر حوکم کە لە بەڕێوەبردنی شارەوانی ئیستانبوڵدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بەردەوام بوو لە تۆمارکردنی گەشەکردنێکی بێ هاوتای ئابووری لە تورکیادا کە پاراستی لە هەموو هەرەسەکانی ئەوروپا و خۆرئاوا. ئەمە ئابوورییەکە خۆی دەڕازێنێتەوە بە ئیسلامی سیاسی بۆ گەڕان بەدوای بازرگانییەکی سەرکەوتوودا لەهەردوو جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، ئەو دوو جیهانەی کە ئەنقەرە دەیەوێت سەنتەرە بێ ڕکابەرەکەی بێت.
ئەوەی بەدیهاتووە بریتییە لە ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا. پرۆژەی ئاشتبوونەوەش لەگەڵ ڕوسیای دراوسێدا بە نامەیەکی پەشیمانی دەستیپێکرد دەربارەی خستنە خوارەوەی فڕۆکە سۆخۆیەکە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نوسی و پاشان گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی بەدوادا هات لەگەڵ ڤلادیمیر پۆتیندا بۆئەوەی گەشتی درێژی گەڕانەوە بۆ ئەو پەیوەندییە دەست پێبکات کە سوودی زۆری بۆ هەردوولا هەبوو، لانی کەم  لەڕووی ئابوورییەوە. ئەو جۆرە پەیوەندییە ئێستا لەنێوان ئەنقەرە و تاراندا هەیە هەرچەندە لە شەڕێکی قورسدان لەگەڵ یەکتریدا لە سوریا، بەڵام هەتا کەی دیداری ئەم دوو برا ناحەزەی یەکتر بەردەوام دەبێت؟
تورکیا هەرگیز ناتوانێت ئابووری لە سیاسەت جیابکاتەوە بەتایبەت لە قۆناغێکدا کە پابەندبوون بە ئایدۆلۆجیا ڕەق و تەقەکانەوە تەنیا هەر خۆکوشتنی لی دەکەوێتەوە خۆکوشتنێک کە هەمووان فێردەکات سیاسەت بکەنە چالاکییەکی ئەقڵانی و بیبەستنەوە بە بەرژەوەندییەکانەوە.
حیزبی داد و گەشەپێدان بە خێراییەکی وا دەرسەکان فێردەبێت کە پێویستە ئیسلامییە عەرەبەکانی شوێنکەوتووی فەنتازیا ئیرەیی پێ ببەن. وا پێدەچێت ئەردۆغان و حیزبەکەی خەریکە درک بەوە دەکەن کە ئایدۆلۆجیا ئامرازێکە بۆ سەقامگیری سیاسی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ، تەنانەت ئەگەر سیاسییەکان بشڕۆنە ناو تەمومژی ئایدۆلۆجیاکانەوە و خۆیانی تیا بزر بکەن و نیشتمانەکانیان بەرەو نادیار بەرن. بڕوانە ئیخوانەکان لە میسر چییان کرد و هاوچەشنەکانیانی لە ئەفغانساتان و پاکستان و عێراق و سوریادا چی دەکەن، کە ئایدۆلۆجیا تێکەڵی کوشتن دەبێت و جیاکردنەوەیان لە یەکتری دەبێتە کارێکی مەحاڵ. ئەردۆغان گوتی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبوڵ (پێویستە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە شەڕی جیهاندا دژی تیرۆر، ئەو تیرۆرەی کە هیچ ڕێزێک بۆ ئایین و بەهاکان دانانێت).
لەڕاستیدا ئیسلامی سیاسی نەیتوانی خۆی لە تیرۆر جیابکاتەوە. ئەوە تیرۆریستەکانن کە سیاسییە ئایدۆلۆجییەکانیان والێکردووە هەست بەم جیاوازییە بکەن و پێویستە سوپاسی تیرۆر بکرێت لەم ڕووەوە. تیرۆر وای لە ئەردۆغان و حیزبەکەی کرد کە تکا لەوانی دیکە بکات پەیوەندی بکەن بە بازنەی ئاقڵبوون و پاککردنەوەی موسڵمانان لە پەڵەی تیرۆر کە پێیانەوە لکاوە. ئەردۆغان دەگۆڕێت و بەجۆرە ترسێکەوە دەیەوێت لەگەڵ هەموو لایەکدا ئاشتببێتەوە بێ گوێدانە مەرجەکانیان. ئەوەی کە ئەردۆغان ڕوویان تێدەکات هەم لەناو خۆیاندا ناکۆکن و هەم لەگەڵ ئەردۆغانیشدا. دیارە ئەو ئیمپراتۆرییەتانەی کە بەرەو ئاوابوون دەڕۆن لەم ڕێیەوە ئاشت دەبنەوە چونکە پێیان وایە بچکۆلەکان زیاتر لە ئیمراتۆر پێویستییان بە ئاشتبوونەوەکەیە. دەوڵەتی عوسمانیش هەر وایکرد.
پێویستە تورکیا لەگەڵ هەموو دەوڵەتێکدا بەجیا ئاشتببێتەوە، بەم جۆرە ئەنقەرە دەبێتە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە. ڕاستە وڵاتێکی سەرەکی و گەورەیە بەڵام شایستەی ئەوە نییە ببێتە سەرۆکی هەمووان. پێشتر باراک ئۆباما و حکومەتی ئەمریکا بڕیاریان دابوو ناوچە عەرەبییەکە ڕادەستی ئەو هێزە سەقامگیرانە بکەن کە لە دژی جیهانی خۆرئاوادا ناجەنگن، چونکە ئۆباما و حکومەتەکەی قەناعەتیان بەوە هەبوو کە عەرەب خۆی ناتوانێت بگۆڕێت و هەموو هەوڵەکانیشی لەم پێناوەدا شکستی هێناوە. تورکیا یەکێکە لەو هێزانەی کە گلاوەتە ئاژاوەکەوە و لەهەمان کاتیشدا دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات. ئیسرائیلیش یەکێکە لەو هێزانەی کە ئۆباما دیاریکردوون، بۆیە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئاشتبوونەوەکە پێکهێنانی ژوورێکی هاوئاهەنگی هاوبەش لەخۆ دەگرێت بۆ ئاسایشی ناوچەکە بە مەبەستی سەقامگیرییەکی سیاسی وا کە ئەنقەرە و تەلئەبیب پێی ڕازی ببن. دیارە سوریا و میسریش بەشێک دەبن لەو ناوچەیە و لەو بایەخە.
ئەردۆغان کە پاڵەوانی ئاژاوە بوو ئێستا لە گۆڕاندایە و چووەتە کاروانێکەوە کە دەیەوێت بیکات بە پاڵەوانی سەقامگیری.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە