برێخت، ئەو دەرسە قورسانەی پێویستە ئەوروپا فێریان ببێت

بۆچوون / بیروڕا :: 27/06/2016

دەنگدانی بریتانیا بۆ چوونەدەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا ڕەتکردنەوەیەکی گەورەی برۆکسلە. ئەمە حەقیقەتە سادە و ئاشکراکەی ئەو ڕیفراندۆمەیە کە دەیڤد کامیرۆنی سەرۆکوەزیران ڕێکی خست. مانای وایە دووهەمین ئابووری گەورەی پاش ئەڵمانیا پرۆژە ئەوروپاییەکە جێ دەهێڵێت. مانای وایە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە خاوەنی کەرەستەی بەهێزی بەرگری و دیپلۆماسییەکی قورس بوو واز لە ئەوروپا دەهێنێت.
ئێمە هەرچۆنێک سەرنج لەم مامەڵە غەمگینە بدەین دەبینین شکستێکی گەورەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا کە بە لاوازی جێهێڵدرا. ئێستا جیهان سەیری بلۆکی یەکێتی ئەوروپا دەکات وەک یەکەیەک کە بەرەو پووکانەوە دەچێت. ڕەنگە بڵێیت ئەگەر بە ڕابردووی یەکێتی ئەوروپادا بچینەوە ئەمە هەڵسەنگاندنێکی دادپەروەرانە نییە. ڕەنگە بڵێیت کامیرۆن بەرگریکارێکی مامناوەند بووە لە یەکێتی ئەوروپا لە کاتێکدا کە ئەو سەرکردە موحافیزکارە بەدگومانە لە یەکێتی ئەوروپا بە دەگمەن پشتگیری لە یەکێتی ئەوروپا کردووە، پێدەچێت بریتانییەکان سەرکێشییەکی گەورەیان کردبێت. بەڵام ئێستا ئەوە کێشەی خۆیانە. ئەوان بە شێوازێکی دیموکراسی بڕیاری خۆیان دا. بەم ڕاپرسییە کۆتایی دەهێنن بە ٤٣ ساڵ بەشداریکردن لە پرۆژەیەکی ئەوروپاییدا کە لەوە ناچێت زۆر خراپ بووبێت بۆیان.
بەڵام یەکەمین بیرکردنەوەمان دەربارەی ئەو ٢٧ دەوڵەتەیە کە ئێستا ئەوروپا پێکدەهێنن. ئەمە زەبرێکی مێژووییە لە یەکێتی ئەوروپا دەدرێت. ئەم ٢٧ نەتەوەیە ناتوانن بە ئاسانی پاشهاتەکانی دەرچوونی بریتانیا نادیدە بگرن. خراپترین کار ئەوەیە کە وەک جاران هەڵوێستێک بگرنە بەرکە لەباتی هاوسۆزیی، گومان و ڕق بەرامبەر ئەو بلۆکە دروست دەکات.
خراپترین شت کە بیکەین ئەمڕۆ ئەوەیە وا بیربکەینەوە ئەمە بڕیارێکی کارەساتبارە بریتانییەکان داویانە بۆئەوەی بکشێنەوە بۆ ناو دورگەکەی خۆیان، بەڵام ناتوانێت ڕێگری بکات لەوەی پرۆژەکەی ئەوروپا وەکو جاران بەردەوام بێت. نابەرپرسیارانەترین هەڵوێست ئەوەیە هەموو لۆمەکە بخەینە ئەستۆی دیماگۆجی و ترس لە غەریبە و ئەو درۆ و دەلەسانەی کە هەڵمەتی دەرچوونەکەیان پێ بەڕێوەبردرا.
بێگومان دەتوانین لۆمەکە بخەینە ئەستۆی پۆپۆلیزم و سروشتە پۆپۆلیستییەکەی ئەو دەنگدانە کە لەم حاڵەتەدا بەشێوەیەکی زۆر گاڵتەجاڕانە لەلایەن بۆریس جۆنسنی سەرۆکی پێشووی شارەوانی لەندەنەوە سوودی لێ وەرگیرا. بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت هەوڵنەدەین تێبگەین لە کاردانەوەی ڕەتکردنەوەی یەکێتی ئەوروپا.
لەڕاستیدا ئەگەر ئێمە خۆمان بدەینە دەست ئەم لێکدانەوە ئاسانە ئەوا یەکێتی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە خۆهەڵوەشاندنەوە بە ڕیفراندۆمی لەم جۆرە و بە جیابوونەوەی لێرە و لەوێ. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بمانەوێت ٢٣ی حوزەیران نەبێتە خاڵی دەستپێکی لەتوپەتبوونی یەکێتی ئەوروپا، ئەوا پێویستە ئەو دامەزراوەیە تێبگات کە ڕیفراندۆمەکەی بریتانیا گوشارێکە لەسەر یەکێتی ئەوروپا بۆئەوەی بزانێت پێویستە چۆن یەکێتییەک بێت.
مەسەلەی ئەم ئاڕاستە تازەیەی کە پێویستە یەکیتی ئەوروپا بیگرێتە بەر لەچەند دێڕێکی کەمدا یەکلایی ناکرێتەوە. با ئێستا پێکەوە بە وردی سەرنج لە ڕێبازەکەی ئێستای یەکێتی ئەوروپا بدەین. خەڵکی ئەوروپا داوای چاکسازییەکی بێ کۆتایی ناکەن لەو تاقە بازاڕەدا کە هەیە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا زۆر دڵیان بە فیدڕالیزم خۆش نییە. خەڵکی ئەوروپا گەرەنتی و ئاسایشی زیاتریان دەوێت لە ژینگەیەکی نائارامدا کۆنترۆڵکردنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپایان دەوێت لە سەردەمی لێشاوی کۆچبەراندا. ئەمڕۆ قۆناغی (دیموکراسی دەستبەجێیی) هاتووەتە ئاراوە کە شۆڕشی دیجیتاڵی دروستی کردووە و ئەوروپاییەکان دیموکراسی زیاتری ئەوروپاییان دەوێت. ئەمەش واتە هاوئاهەنگی بەهێزتر لە بوارەکانی بەرگری و پەنابەرێتیدا هەروەها پەیوەندی بەهێزتر لەنێوان پەرلەمانە نەتەوەییەکاندا لەسەر مەسەلەکانی یەکێتی ئەوروپا. ئەم جۆرە داواکارییانە پێویستە پاڵنەر بن بۆئەوەی هاوڵاتی ئاسایی لەگەڵ یەکیتییەکەدا ئاشت بکەنەوە.
دەیڤد کامیرۆن قومارێکی گەورەی کرد و دۆڕاندی. لەئەنجامدا ڕایگەیاند کە لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا دەستلەکاردەکێشێتەوە. بەڵام ئێستا پرۆسەی جیابوونەوەکە پێشبینی ئەوەی لێدەکرێت کە پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆز بێت. ڕێککەوتنەکان بواری ئەوەیان تێدایە کە ماوەی ٢ هاتا ٤ ساڵ بەڕی بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتی ئەوروپا.
پەرلەمانی وێستمینستەر دژی برێخت و چوونەدەرەوەی بریتانیایە. ئێستا سەرکردەکانی لایەنگری چوونەدەرەوە جۆرە پاشگەزبوونەوەیەکیان لێ بەدی دەکرێت. دەڵێن پەلەمان نییە. دەیانەوێت پرۆسەکە تا ساڵی ٢٠٢٠ درێژە بکیشێت. چونکە دەترسن ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نەزانراو ببنەوە. ئەوان ئێستا دەبینن چ زریانێک ڕووبەڕووی پاوەندی ئیستەرلینی و شارەکەیان بووەتەوە. زۆر چاک دەزانن کە مەترسی و داکشانی زۆرتر لە ڕێگەدایە. هەروەها زۆر باش دەزانن کە ئەم دەنگدانە بەڕاستی دەنگدانێکی ئینگلیزی بووە، واتە سکۆتلەندا و بەشێکی گەورەی ئایرلەندای باکور چوونەدەرەوەکەی ڕەتکردووەتەوە کەواتە دیسان ئەوەی لەژێر هەڕەشەدایە یەکێتی شانشینەکەیە.
لەم مەسەلە ئاڵۆزەدا ئێمەی دانیشتوانی کیشوەری ئەوروپا پێویستە خۆمان ڕابگرین بەوەی کە گەمەکە بە باشی بکەین. بەڵام ڕاستییەکە هەر بەرجەستەیە. ئینگلیزەکان بڕیاری خۆیان داوە. ئەوەی لە دەرەوەیە پێویستە لە دەرەوە بێت.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی لۆمۆند
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure