شۆڕش رۆڵەکانی خۆی دەخوات

بۆچوون / بیروڕا :: 26/06/2016

سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
ئەم قسە بەناوبانگە (شۆڕش رۆڵەکانی خۆی دەخوات) لەکاتی شۆڕشی فرەنسیدا کرا کاتێک کە لەو قۆناغەی پێی دەگوترێت سەردەمی تیرۆر، سەرکردەکانی شۆڕش کەوتنە کوشتنی یەکتری.
لەڕاستیدا ئەم قسەیە باشتر بەسەر شۆڕشە عەرەبییەکاندا جێبەجێ دەبێت، بەتایبەت شۆڕشێ ١٤ی تەموز لە عێراقدا. بەڵام لە فرەنسادا، سێ کەس لە سەرکردەکانی ناوبانگیان پەیداکرد . (ڕۆبسپێر) و(دانتۆن) و(مارا). کە هەموویان بەشێوەی ترسناک کۆتاییان هات. حوکمەکەی دانتۆن ئەوە بوو کە سەری ببڕن و بردیان بەرەو میقسەڵەکە. بە جەللادەکەی وت:(ئەی جەللاد پاش ئەوەی کە سەرم دەبڕیت بەرزی بکەرەوە بۆئەوەی جەماوەر بەباشی بیبینێت. چونکە سەرێکە شایستەی سەرنج لێدانە). بەڵام کاتێک کە سەرکەوت بۆ سەکۆی میقسەڵەکە، تەماشای کرد هاوکارێکی تری لە سەرەدایە بۆ سەربڕین. ئەمیش لە حاکمەکە پاڕایەوە کە ڕێگەی بدات ماچی بکات و دوا ماڵئاوایی لێ بکات. حاکمەکە ڕازی نەبوو، ئەویش پێی گوت:(ئەی بێ ئەقڵ، ڕێگەم نادەیت ماچی بکەم لە کاتێکدا کە پاش چەند چرکەیەک سەری هەردووکمان لە سەبەتەی کەللەسەرەکاندا یەکتری ماچ دەکەن؟).
ئێمە لەو ڕووەوە باسی عێراقمان کرد. چیرۆکێکی هاوشێوەی ئەوەشمان لێ بیستووە کاتێک کە سەرۆکی دادگای شۆڕش لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا، کەسێک بوو بەناوی عەقید مەهداوی. تۆمەتبارەکەی ناو قەفەزی تۆمەتباری، وەزیری ناوخۆی پێشووی سەعید قەزاز بوو. کە چەندین و چەندین بڕیاری ئیعدامکردنی ئیمزاکردبوو دژی جۆرەها تۆمەتبار بەحکومی ئەوەی وەزیری ناوخۆ بووە. پاش شۆڕشی ١٤ی تەموز دیمەنەکە هەڵگەڕایەوە و دەستگیریان کرد و ڕەوانەی دادگای شۆڕشیان کرد بە سەرۆکایەتی مەهداوی. دادگاییەکە هێندە میللی بوو کە جەماوەر لەگەڵ خۆیاندا کۆمەڵێک پەتیان هێنابوو بۆیان هەڵدەدا تا بیری بخەنەوە کە چارەنووسی هەڵواسین دەبێت بە پەتی سێدارە. بەڵام ئەو پەت و هاتوهاوارانەی ناو دادگاکە کە ڕادیۆی (صوت العرب) ناوی نابوو سێرکەکەی مەهداوی، ئەویان نەترساند بەڵکو وتارێکی دا کە یەکێکە لە وتارە هەرە ئازا و ڕەوانەکانی داکۆکیکردن. گوتی (من دەزانم ئێوە حوکمی ئیعدامم دەدەن بەڵام پێتان دەڵێم کاتێک کە سەردەکەوم بۆ پەتی سێدارە لەژێر پێی خۆمدا خەڵکانێک دەبینم کە شایستەی ژیان نین)
سەرۆکی دادگا لێی پرسی:(ئەوە بە رۆڵەکانی گەل وا دەڵێیت؟). وەڵامی دایەوە و گوتی:(ئەمانە چڵیتەکانی گەلن)، دیارە ئەم هەڵوێستە هەڵوێستێکی سەیر نییە، چونکە پێش ئەو یەکێک لە حوکمدراوەکان لە عێراقدا بە ئیعدام لە ماڵئاوایی خێزانەکەیدا شیعرێکی میللی دانابوو کە دەڵیت خەفەت مەخۆن و گوێ مەدەنێ(پەتی سێدارە جۆلانەی پاڵەوانەکانە). بۆ سەید قەزازیش وای لێهات. چونکە تا ئێستا خەڵکەکە گوتارەکەیان لەبیر ماوە. دوای ئەوە بە ماوەیەکی کەم شۆڕشگێرەکان لە شۆڕشگێڕەکان هەڵگەڕانەوە و ڕەوانەی دادگایەکیان کرد کە بە خێرایی ئیعدامی کرد. گوللەیان پێوەنا و خستیان بە زەویدا دەستیان کرد بە تف لێکردن و سەریان دایە بەر شەق. عەبدولکەریم قاسمی هاوڕێی کە شۆڕشگێڕێکی دیکە بوو و توانای قسەکردنی نەمابوو ئەو دیمەنە زمانی پژاند و هاواری لێکردن: نا نا لێی مەدەن گوناحە.
ئەمەی گوت و ئینجا دەستبەجێ نۆرەی ئەویش هات. ڕەوانەی دادگایەکی کەمێک بەڕێزتریان کرد و بە ئیعدام حوکمیان دا و گوللەیان پێوەنا. تا ئێستاش کەس نازانێت گۆڕی ئەم دووانە لە کوێن. بەڵام شۆڕش لە دژی شۆڕش کۆمەڵێک کوشتاری خوێناوی دژی چەپەکان لێ کەوتەوە کە عێراق تیایدا باشترین لاوی ڕۆشنبیری خۆی لە کیس چوو.


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure