ئۆردوگای ئەمریکی دژی تاران

بۆچوون / بیروڕا :: 22/06/2016

 
واشنتۆنی پایتەخت کە لەمانگی کانوونی دووهەمی هەفتەی ڕابردوودا دەربارەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و کرانەوە بەڕووی ئێراندا دابەش بوو بەسەر دوو ئۆردوگادا، ئێستا لە جاران زیاتر ئێران ڕەتدەکاتەوە. کۆشکی سپی کە سەرپەرشتیار و پەرۆشی پەیوەندی بوو لەگەڵ ئێراندا، هەرچەندە پاشەکشێی نەکردووە لە هەڵوێستەکانیدا بەڵام وەکو جاران بەرگری لە ئێران ناکات. هەروەها بەرەی دژ بە ئێران هەم ژمارەکەی زیادی دروستکردووە و هەم بەهێزتریش بووە لە دژایەتیکردنی سیاسەتی کرانەوە بەڕووی ئێراندا. لەڕاستیدا هەڵوێستە دوژمنکارییەکەی ڕژێمی ئایەتوڵڵا خامەنەئی بێهیوایی زیاتر کردووە بەتایبەت کە لێدوانەکانی ئێستای ئێران دژ بە ئەمریکییەکان وەک هەڵوێستی قۆناغی پێش ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و هەڵگرتنی سزاکان وایە. یەکێک لە لێپرسراوانی ئەمریکا دەڵێت ئێمە دەمانزانی لەوێ ڕژێمەکە خراپە بەڵام باوەڕمان نەدەکرد بەم ئەندازەیە خراپ بێت. ململانێکان و گەمەی هاوسەنگی لە تارانی پایتەختدا سەلماندی کە سیستمە ئایدۆلۆجییەکەی ئێران ناتوانێت لەگەڵ ئەمریکادا ئاشت ببێتەوە.

خوێندنەوەی چالاکییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا دەریدەخات کە ئاڕاستە گشتییەکەی ئەمریکا دەیەوێت دەستی ئێران ببەستێتەوە و سزای بدات. هەروەها دەریدەخات کە واشنتۆن پێچەوانەی ئەو ئاڕاستەیە دەڕوات کە شەش مانگ لەمەوپێش گرتبوویە بەر. ئەوەی تەمەنی مانگی هەنگوینی ئەم دوو وڵاتەی کورتکردەوە خاوەخاوکردنی ئێرانە لەجێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنەکە. جگە لەوەش ئێران ژمارەیەک گرێبەستی سەربازیی گەورەی لەگەڵ ڕوسیادا ئیمزاکردووە و هەروەها سەرکردەکانی ئێران پێشبڕکێیانە لە هێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لە لێدوانەکانیاندا جگە لەمانەش ئەو لێپرسراوانەی ئێران کە بە هاوڕێی ئەمریکا لە قەڵەمدەدرێن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئابڵوقەی زیاتر دەدرێن بۆ نموونە وەزیری دەرەوە و یاریدەدەرەکانی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی. لەچوارچێوەی ئەو نسکۆیەدا، زۆرینەیەکی گەورەی لیژنەی دارایی کۆنگرێسی ئەمریکا  وەزیری دارایی ناچاردەکات دارایی کاش و نەگۆڕی سەرکردەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەدا ئاشکرا بکات و مەبەست لەو سەرکردانە ڕابەری باڵا و سەرکۆمار و ئەندامانی ئەنجوومەنی دیاریکردنی ڕابەر و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور و سەرکردە سەربازییەکانەوە. داڕێژەرانی ئەم پرۆژە-بڕیارە خۆیان پێی لێدەنێن کە هۆکارەکە سیاسییە و دەیانەوێت سامانی سەرکردە ئێرانییەکان بۆ خەڵکی ئێران و بۆ جیهان بخەنە ڕوو. ئەوەی جێگەی سەرنجە شەش ئەندامی کۆنگرێس لە دیموکراتەکان، واتە لە حیزبەکەی ئۆباما پشتیوانییان لە بڕیارە تازەکە کردووە. هەروەها ئەم بڕیارە داوا لە وەزیری دارایی دەکات ئێران لەناو لیستی ئەو وڵاتانەدا بهێڵێتەوە کە ترسناکن و هاوکار نین بەهۆی سپی کردنەوەی پارە و باسی پەیوەندییەکانی ئێران دەکەن بە حیزبوڵڵا و حەماسەوە.

سیناتۆر دەیڤد فیتەر، ئیدانەی گرێبەستی فرۆشتنی کۆمەڵێک فڕۆکەی کرد بە ئێران لەلایەن کۆمپانیای بۆینگەوە لەبەرئەوەی ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بە سپۆنسەری تیرۆر ناسراوە. لەلایەکی دیکەوە (مایک بۆمبیۆ)ی ئەندامی کۆنگرێس ڕەخنەی لە وەزارەتی دارایی گرت سەبارەت بەوەی کە ڕێگە بە ئێران دەدات سوود لە قەرزەکانی بانکی هەناردەکردن و هاوردەکردنی ئەمریکا وەربگرێت بۆ کڕینی ئەو فڕۆکانە.

- هەروەها چەند ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێس داواکارن حکومەتی واشنتۆن دژی بڕیارەکەی ڕوسیا هەڵوێست وەربگرێت سەبارەت بە فرۆشتنی مووشەکی جۆری (S300) چونکە پێچەوانەی یاسای سزاکانە. دیارە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لەم گرێبەستە ڕوسییە نیگەرانە بەڵام هێشتا بڕیاری نەداوە کە دەیخاتە ناو سزا ئابوورییەکانەوە یان نا.

ڕەنگە حکومەتەکەی سەرۆک ئۆباما هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئێران نەگۆڕێت چونکە ئەو ڕێککەوتنەکە بە پرۆژەی خۆی دەزانێت، بەڵام زۆر ڕێی تیدەچێت حکومەتی داهاتووی ئەمریکا کە شەش مانگی دیکە دەسەڵات دەگرێتە دەست هەڵوێستێکی جیاواز بەرامبەر ئێران وەربگرێت تەنانەت ئەگەر هیلاری کلینتۆنیش ببێت بە سەرۆک. من پێم وایە ئێران گیروگرفتی زۆری دێتە ڕێ چونکە تەنیا ئەوەی لە ڕێککەوتنەکە دەوێت کە سزاکان لاببرێن و پارە و چەکی دەست بکەوێت. بەراوردکردنی کرانەوەی سەرۆک ئۆباما بە ڕووی ئێراندا بە کرانەوەی ئەمریکا بە ڕووی کوبا و ڤێتنامدا کارێکی هەڵەیە چونکە ڤێتنام و کوبا دەمێکە چەک و جەنگییان واز لێ هێناوە بەڵام ئێران وا نییە.
نووسینی: عەبدولڕەحمان ئەلراشد
سەرچاوە: ئەلشەرق ئەلئەوسەت
وەرگێڕان: د. شیرکۆ عەبدوڵڵا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure