راپرسی ئەم جارەی بریتانیا گرنگ و مەترسیدارە

بۆچوون / بیروڕا :: 22/06/2016

ئارام برادۆستى:

 راپرسیەكی چارەنووسساز لە 23 ی حوزەیرانی 2016 لە بریتانیا بەرێوەدەچێت دەربارەی مانەوە یاخود نەمانەوەی بریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا، ئەم راپرسیە بە گشتی بریتانیەكانی دابەش كردووە بۆ دوو بەرەی دژ بەیەك و جیاواز، نەك تەنیا جیاوازیی لەسەر ئاستی پارتە سیاسیەكانی بریتانیا لێكەوتۆتەوە بگرە ناوخۆی یەك پارتیشی گرتۆتەوە، لەوانە پارتی فەرمانرەوا پێدەچێت لە كۆی 303 ئەندام پەرلەمانی نزیكەی 80 یان لەگەڵ دەرچوون بن لە یەكێتی ئەوروپا كە دژی هەوڵ و بەرنامەكانی سەرۆك وەزیرانە. ئەم جیاوازیە جگە لە هاووڵاتیان بە گشتی، پەلیكێشاوە بۆ نێو كۆمپانیا گەورە ئابوری و بازرگانیەكان كە شەڕی گەورە ئەوان یەكلای دەكەنەوە.

جیاوازیەكان بۆ هەموو بوارەكان قوڵبوونەتەوە، تەنانەت لەسەر شێوەی ئەو پرسیارەی كە دەخرێتەڕوو، (ئایا پێویستە شانشینی یەكگرتوو بمێنێتەوە وەك ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا) شێوەی ئەو پرسیارەیە كە لە راپرسیەكە دەخرێتەڕوو، ئەمەش بە دڵی هەوادارانی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا نیە، بۆیە ئەوان پێیانوایە دەبێت ئاماژەكردن لەسەر یەكێك لە دەستەواژەكانی (مانەوە لە یەكێتی ئەوروپا ، دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا) شێوەی راپرسیەكە بێت.

هەردوو لایەنەكان بەڵگەی خۆیان هەیە بۆ پشتگیریكردن لە پرۆژەكانیان، پارتی فەرمانڕەوا بە رابەرایەتی سەرۆك وەزیران ( داڤید كامیرۆن) بانگەشە بۆ مانەوە دەكات، هەرچەندە خۆیان داڕێژەری ئەو پرۆژە یاسایە بوون كە لە ساڵی 2015 پێشكەشی پەرلەمانیان كرد بە مەبەستی ئەنجامدانی راپرسی بۆ یەكلایكردنەوەی ئەم پرسە, لە بەڵَگەكانیان پێیانوایە بە دەرچوون كاریگەریی بریتانیا لاوازدەبێت لەسەر سیاسەتی كۆچ و كۆچبەران لەسەر ئاستی ئەوروپا لە كاتێكدا ئێستا مافی بەرزەفتكردنی ئاسایشی ئەوروپی هەیە لە دەرەوەی بریتانیا، بۆ نمونە لە شاری (كالیە)ی فرەنسا كە لە رێگەیەوە هەزاران پەنابەر دەگەنە كەناراوەكانی بریتانیا، جگە لەوە لە رووی ئابوریەوە بە دەرچوون بریتانیا رووبەڕووی زیانێكی گەورەی ئابوری دەبێتەوە، چونكە هەلێكی زۆری كار لە ناوەوە و دەرەوەی بریتانیا بۆ بریتانیەكان رەخساوە، هەروەها چەندین گەورە كۆمپانیا ئابورییە بازرگانیەكان بە گوێرەی رێساكانی یەكێتی ئەوروپا وەبەرهێنان لە بریتانیا ئەنجام دەدەن و بە دەرچوون ئەم كۆمپانیایانە پشكەكانیان دەكێشنەوە، جگە لەوەی خەڵكێكی زۆر هەلی كار لەدەستدەدات و بریتانیا كە ئێستا بەشدار و هاوبەشە لە یەكێك لە گەورەترین بازاری هاوبەشی ئەوروپی لەسەر ئاستی جیهان، ناچاردەبێت بكشێتەوە. لە لایەكی ترەوە بە كشانەوە، ئسكۆتلەندیەكان دەخاتە بەردەم بژاردەیەكی تر چونكە ئێسا وەك هەرێمێك لە ناو بریتانیا سوودمەندن لەو پێگەیەی بریتانیا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان دەیبینێت، بە دەرچوون پەراوێز دەخرێت بۆیە ناچار دەبێت بژاردەی راپرسی بۆ سەربەخۆیی بگرێتەبەر ئەمەش كاریگەریی لەسەر یەكێتی بریتانیا دروست دەكات.

لە بەرامبەردا هەوادارانی دەرچوون لە یەكێتی ئەوروپا بە كۆمەڵێك بەڵگە بانگەشەی هاتنەدەرەوە دەكەن، لەوانە وای دەبینن دەكرێت بریتانیا بە دەرچوون رێژەی ئەو 350 جونەی ئیستەرلینیەی كە ساڵانە دەیدات بە یەكێتی ئەوروپا بیگەڕێنێتەوە بۆ هاووڵاتیانی بریتانیا، هەرچەندە لایەنگرانی مانەوە وای بۆدەچن بریتانیا ساڵانە زۆر لەم رێژەیە زیاتر سوودمەند دەبێت، هەروەها هەوادارانی دەرچوون دەڵێن بە دەرچوون بریتانیا دەبێتە خاوەن ئابوری و بازرگانییەكی ئازاد لە ئایسلنداوە تاوەكو توركیا.

سەرۆك وەزیران سەركردایەتی هەڵمەتی مانەوە دەكات بە هاوپەیمانی چەندین پارتی تر، لەگەڵ بانگەشەی مانەوەیش پرۆژەیەكی تری چوار خاڵی راگەیاندووە كە خۆی لە ریفۆرمدا دەبینێتەوە، ئەوانیش: كەمكردنەوەی كۆچ لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا، سەپاندنی چوار ساڵ بە سەر كۆچبەران پێش پێدانی هەر هاوكارییەكی كۆمەڵایەتی، پێدانی رۆڵی زیاتر بۆ پەرلەمانە خۆجێیەكان، هەروەها دەستبەردان لەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی زیادبوونی دەستەڵات و بەرپرسیاریەتی یەكێتی ئەوروپا. 

لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین دەركەوتەی بیروبۆچوون لەلایەن دەزگا راگەیاندنەكانی بریتانیاوە ئەنجامدراون، بەگوێرەی دەرەنجامەكان پێدەچێت بیروبۆچوونەكان لەیەكتری نزیك بن، بەڵام بە بڕوای بەندە ئەنجامەكە لە بەرژەوەندیی سەرۆك وەزیران كۆتایی دێت، چونكە بە دەرچوون، یەكێتی ئەوروپا لاوازدەبێت بەمەش ئەوروپا بە گشتی ئەو كاریگەریەی نامێنێ‌ كە ئێستا هەیەتی لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی.







created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure