پاییزی کورد

بۆچوون / بیروڕا :: 22/06/2016

دواڕۆژ
ئازاد وەرتی


دەکرێ بڵێین کورد پێی نایە سەرەتای پاییزی خۆی لە بەغدا. ئیترکورد نە هەژموونی جارانی ماوە، نە ئەو هێزە کاریگەر و یەکلاکەرەوەشە کە بتوانێ ئاراستەی هاوکێشەکان بە پێچەوانەی سیناریۆ سیاسییە پاوانکارییەکانی بەغدا بگۆڕێ.

مانەوەی قەیرانەکانی بەغدا بە کراوەیی‌ و چارەسەرنەبوونی گرفتەکانی نەوت، پێشمەرگە، ناوچەکانی دەرەوەی نەخشەی هەرێم (دابڕێندراوەکان)و ماددەی (١٤٠)، دیارنەبوونی سنوری یاسایی‌ و کارگێڕی کوردستان لە نەخشەی عیراق، کەنارخستنی کورد لە بڕیاری سیاسی، ونبوونی وێنای کورد لە داڕشتنی پاشەڕۆژی سیاسی‌ و فەرمانڕەوایی، دواتریش پرسپێنەکردنی کورد لە سەرجەم گۆڕانکارییە پەرلەمانی‌ و حکومی‌ و سەربازی‌ و دیپلۆماسی‌ و سیاسییەکان لە عیراق، وایکردووە کە سەرەتای قۆناغی خەزانی کورد لە شەقامەکانی بەغدا دەست پێبکات ‌و کورد ببێتە مێوانێکی سیماگرانی ناو هاوکێشەکانی عیراق.

ناکرێ هۆکاری ئەم پاییزەی کورد هەر بە رۆڵنواندنی خودی کورد ببەستینەوە، بەڵکو دەبێ لەم خاڵەوە، چاکتر هزری عەرەبی‌ و حەزی پاوانخوازی‌ فەرمانڕەوایی‌ و گلدانەوەی دەسەڵاتەکان بۆ نەتەوەی عەرەب ‌و دواتریش خودی مەزهەبی شیعەی دەسەڵاتداری ئێستای بەغدا، ببینین‌ و بناسین.

ئەوەی لە کارلێکە هەنووکەییەکانی بەغدا و شەپۆلەکانی گۆڕانکاری دەخوێندرێتەوە، بریتییە لە زاڵکردنی دەسەڵاتی شیعە لە چواچێوەی چەند سیناریۆیەکی داڕێژراوی رۆڵدابەشکراو، واتە هەر پارتێکی سیاسی شیعە، ئەرک‌ و رۆڵێکی دیاریکراوی پێ سپێردراوە بۆ دروستکردنی فاکتێک کە کورد ئیتر شوێنی خۆی نەبینێتەوە و لە خۆی تێبگات کە جێگای لە بەغدا وەک نەتەوەیەکی هاوبەش نەماوە و شیعە ئامادەنابێت کورد بکاتە هاوبەشی راستەقینەی داهات‌ و نەوت‌ و سەرەوەری‌ و رایەڵە دیپلۆماسییەکانی دەوڵەتی عیراق ‌و چەندان لایەنی دیکەی پەیوەست بە کاروباری دەوڵەتە فیدڕالییەکەوە.

دەمێکە شیعە چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو وەرزەی کە ئیتر ناراستەوخۆ بە کورد بڵێ ئێوە گەیشتنە سەرەتای قۆناغی نامۆبوونتان لە دەوڵەتی عیراق. ئەم ویستەی شیعەش هەر لە هزرێکی نەتەوەپەرستییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو بەشێکیشی پەیوەستە بە هاندان ‌و خواستی دەوڵەتانی هەرێمییەوە بۆ لەقاوغنانی کورد و بچووککردنەوەی رۆڵ‌ و پێگەکەی، بەڵام کورد نەیدەویست خۆی لە قەرەی ئەم راستییە بدات، بەڵکو کورد زیاتر هەوڵی جێکردنەوەی بەرژەوەندی ‌و بەدەستهێنانی پۆستە حکومییەکانی خۆی دەدا لە بەغدا بێئەوەی عەرەبەکان بە سنگێکی فراوان ‌و بە چاوێکی هاوبەشانەی راستەقینە تەماشای بکەن.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی زیاتر کوردی لە بەغدا لاواز کرد، کورد خۆی بوو، چونکە نەبوونی گوتارێکی نیشتمانی ‌و نەتەوەییانەی یەکگرتوو، نەبوونی یەکێتی هەڵوێست، نەبوونی ناوەندێکی یەکانگیری شێلگیر بۆ پرسە نەتەوەییە چارەنوسسازەکان، وایکرد کە پێگەی کورد بە ئەندازەیەک لاواز بێت کە ئیتر هەژموونی جارانی خۆی گرژداگەڕێنێ‌ و ببێتە میوانە بیانیی ‌و روخسار نامۆ قورسەکەی هاوکێشەکانی بەغدا.

ئێستا کورد لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یەکەمیان مانەوە بە قەوارەیەکی لاوازی لێکدابڕاو، چاوتێبڕی هەندێ پۆستی دەوڵەتی عیراق. دووەمیشیان دۆزینەوەی ناسنامەی راستەقینەی نەتەوایەتییانەی خۆی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی هاوبەش بۆ گەیشتن بە سەروەری نەتەوەیی ‌و سەربەخۆیی وڵات ‌و گۆڕینی پاییزی بەغدا بە بەهارێک کە سەربەخۆیی بۆ کورد بەدیبهێنێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەرەستەکانی ئەگەری دووەم لەسەر ئاستی ناوخۆدا (هێشتا!)لە فۆڕمی حزبییانەی بەرتەسکدا قەتیس ماون‌ و بەرجەستە نین، بۆیە دەکرێ بڵیین ئەگەر هەیە خەزانی بەغدا، هاوینێکی لە ساڵێکی بەتێندا لە ناوخۆی کوردستان بەدوادابێت، چونکە نەبوونی ناوەندێکی گلدانەوەی ویست‌ و هەڵوێستە نیشتمانییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ، هەروەک زاڵبوونی ئیرادەی حزبیانەی پاوانکردن‌ و قۆرخکردنی دەسەڵات‌ و پەرتکردنی ریزەکانی ناوماڵی کورد‌ و دواجاریش کەڵەکەبوونی دەیان قەیرانی دیکەی سیاسی لە ناو کوردستان‌، سەرباری گێڕکردنی سیستمی پەرلەمانی‌ و کۆی پڕۆسێسی فەرمانڕەوایی، وایکردووە ترسێک دروست ببێ کە کورد لە ناو زێدی خۆی وشکهەڵگەڕێ‌و دۆشداماوانە نەزانێ چی بکات‌ و بۆ کوێ هەنگاو بنێ؟

کورد لە شوێنێک چەقیوە و چارەنووسی کەوتۆتە لێژاییەکی هەڵدێر، ئەوەش لە کاتێکدایە کە خەریکە داڕشتە نوێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیسان؛ بە نەخشێکی نوێ دەبنەوە میوانە ناوەختی سەدەیەکی دیکەی دابڕاندنی کورد لە دەسەڵات ‌و سەروەربوونی نەتەوەییانەی خۆی.

بێگومانیش ئەگەر و پێشهاتە نوێیەکانی دوای نەمانی شوێنەواری داعش، لە ئەگەری بەردەوامبوونی پەرتەوازەیی نەتەوەیی‌ و نیشتمانییانەی ئێستای کوردستان، دۆخێکی نەخوازراو بۆ کورد دێنێتە پێشەوە کە ئیتر بە چەندان دەیەی تریش خۆی نەگرێتەوە، ئۆباڵی هەموو ئەو پەرتەوازەییەش دەکەوێتە ئەستۆی رەوتی حزبیانەی دەسەڵات‌ و سەرکردایەتی سیاسی لە کوردستان کە بەهۆی حەزی کوێرانەی زاڵکردنی هەژموونی حزبی، خواست ‌و گوتارە نیشتمانییەکانی تووشی نادیارێکی ترسناک کردووە، بەڵگەش بۆ ئەو ترسە پێشبینیکراوە، سەرهەڵدانەوەی ئەگەرەکانی دروستبوونەوەی دوو ئیدارەیی لە باشوری کوردستان‌ لە لایەک‌ و لێکترازانی ریزەکانی ناوەوەی رۆژئاوای کوردستان لە لایەکی ترەوە، بۆیە ئەوانەی پێیانوایە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بکەوینە گێژاوی ئەو ترسە پێشبینیکراوانە، ئەوە بەهۆی ئەوەیە کە نەشئەی حەزی زاڵبوونی خۆی وەک تاک یان حزب هێشتا بەرەو ئاراستەی نادیاری دەبات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure