فەلوجە: ئەو سەرکەوتنەی عێراق کە ڕەنگە ببێتە مایەی دۆڕاندنی شەڕەکە

بۆچوون / بیروڕا :: 21/06/2016

سەرچاوە: ڕیەل کلیەر وۆڵد
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا


حکومەتی عێراق کە لە ئاکامی خۆپیشاندانی هەفتانەدا هاتووەتە لەرزە و سەرکردایەتییەکەی بە گەندەڵی تۆمەتبار کراوە پێویستی بە سەرکەوتنێکی سەربازیی بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ناوبانگە سیاسییە خراپەکەی. بەم شێوەیە شەڕی سێیەمی فەلوجە دەستیپێکرد.

ئەوە شارەی کە هەتا ئێستا پایتەختی ڕەمزیی بەرهەڵستی سوننە بووە دژی داگیرکاری ئەمریکا و باڵادەستی شیعە، ئێستا بووە بە شارێکی وێران کە زۆربەی هەرەزۆری خانووەکانی تۆپباران کراون و هەزاران قەوانە فیشەک و هاوەن و بوتڵی ئاو و زبڵ و خاشاکی دیکەی تێدا بڵاوبووەتەوە. هێزە ئەمنییەکانی عێراق پاشماوەکانی فەلوجەیان کردووەتە زبڵخانە کە جاران بە شاری مزگەوتەکان ناسرا بوو.

هەرچەندە هێشتا بەشێوەیەکی پەرش و بڵاو بەرهەڵستی هەر ماوە لەلایەن جەنگاوەرەکانی ئەوەی پێی دەگوترێت دەوڵەتی ئیسلامی لەچەند ناوچەیەکی شارەکەدا، بەڵام هەفتەی ڕابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران هێندە دڵنیا بوو کە لە ١٧ی مانگی حوزەیراندا ئازادکردنی فەلوجەی ڕاگەیاند پاش ئەوەی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق کە سەربازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان مەشقیان پێ کردوون توانییان کۆمەڵگای فەرمانگەکان لە سەنتەری فەلوجەدا کۆنترۆڵ بکەن.

لە هەمان کاتیشدا هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵ لە ناوچەکانی باشوری ئەو شارەوە پشتیوانییان لەپرۆسەکە کرد و هێزەکانی حەشدیش کە پێکهاتووە لە میلیشیای چەکداری شیعە، و ئێران پشتیوانییان لێ دەکات شانبەشانی چەند یەکەیەکی نافەرمی جەکداری مەسیحی و سوننی و ئێزدی کۆنترۆڵی ڕێگە سەرەکییەکانی باکوری فەلوجەیان کرد و هێزە هاوپەیمانەکانیش کە ئەمریکا ڕابەرایەتییان دەکات چەندین  ‌هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی داعش. حەشد و هێزەکانی دژە تیرۆر ڕابردوویەکی هاوبەشی خراپییان لەگەڵ یەکترییدا هەیە. بە دێژایی ساڵانی پێش ٢٠١٠، ئێران میلیشیا شیعەکانی لە شەڕێکی بریکاریدا دژی ئەو هێزە ئەمنییانەی عێراق کە ئەمریکا مەشقی پێکردبوون. هێزەکانی دژە تیرۆر لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەڵامێکی توندی میلیشیاکانیان دایەوە و لە شاری بەسرە کە سێهەمین شاری گەورەی عێراقە دانیشتوانەکەی شیعەن و ئەو کاردانەوەیە هەزار کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە و میلیشیا شیعەکانی توشی شکستێکی گەورە کرد. لەڕووی تیۆرییەوە حەشد و هێزەکانی دژە تیرۆر سەر بە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانن کە بەپێی بڕیاری سێ کەس لە سەرکردە گەورەکانی میلیشیاکان ئەرکی کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی یارمەتییەکانی ئێرانی گرتە ئەستۆ. لەژێر گوشاری ئەمریکا، نوسینگەی سەرۆکوەزیران لە حەشدی شەعبی قەدەغە کرد بچێتە ناو فەلوجەوە و فەرمانی بە هێزەکانی دژە تیرۆر کرد بە تەنیا کۆنترۆڵی بکەنەوە. بەپێێ قسەی دانیشتوانی فەلوجە، زۆربەی خەڵکی ئەو شارە هەڵوێستێکی ئەرێنییان هەیە بەرامبەر هێزە تایبەتەکان بەڵام بەدگومانن لە هێزە ناڕەسمییەکان.

سەرکردەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە میلیشیایەکی شیعەیە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت چونکە لەکاتی جەنگی عێراقدا سەربازیی ئەمریکایی کوشتووە، ئەو سەرکردانە دەڵێن ڕێزیان لە بڕیارەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران گرتووە. میلیشیاکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا فەرمانی پێشڕەویکردنیان نییە بەڵکو پێیان ڕاگەیەندراوە کە لە شوێنی خۆیاندا نەجوڵێن و تەنیا هەر هێزەکانی دژە تیرۆر لە باشورەوە پێشڕەویی بکەن.

ڕێکخراوی بەدر کە گەورەترین و کۆنترین میلیشیای شیعەیە و لە هەموویان نزیکترە لە ئێرانەوە پێدەچیت فەرمانەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پشتگوێ خستبێت چونکە ئەو ڕێکخراوە لە ١٣ی حوزەیراندا هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باشوری فەلوجە و لەژێر فەرماندەیی وەزیری ناوخۆدا چەند چالاکییەکی دیکەشی کردووە. شیاوی باسە وەزیری ناوخۆ سەر بە ڕێکخراوی بەدرە.

چەند ڕۆژێک دواتر سەرچاوە ڕەسمییەکان ڕایانگەیاند کە ڕێکخراوی بەدر شانبەشانی پۆلیسی فیدرال چوونەتە ناو فەلوجەوە لەکاتیكدا کە فەرمانەکەی عەبادی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.

ئەوەی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە هێزەکانی دژە تیرۆر پەیوەندییەکی ستراتیجی و بەدگومانیان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا هەیە. لە ١٧ی مانگی حوزەیراندا هادی ئەلعامری، فەرماندەی بەدر بینرا لەگەڵ عەبدولوەهاب ئەلسەدیقی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی فەلوجە. هەروەها چەند سەرکردەیەکی دیکەی دژە تیرۆریش ئامادە بوون. هاوئاهەنگی ئاشکرا لەنێوان بەدر و هێزەکانی دژە تیرۆر کە بەشێکن لە سوپای عێراق بووەتە هۆی ئەوەی سوننەکان یەکهەڵوێست نەبن بەرامبەر حکومەتی عێراق. پەیامنێری ڕۆژنامەی دەیلی بێست بینیویەتی کە چەکدارانی میلیشیاکان لە سەقلاوییە بەزۆر چوونەتە ناو خانووی سوننەکانەوە و هەر بەزۆرێش منداڵی ١٦ ساڵیان کردووە بە چەکدار.

بەهەر حاڵ، ئێستا حکومەتی عێراق میلیشیا شیعە لاسارەکانی پێ باشترە لە خۆپیشاندەرە ڕادیکاڵەکانی بەغدا.

لە مانگی نیساندا پاش ئەوەی خۆپیشاندەران چوونە ناو ناوچەی سەوزەوە کە شوێنی نیشتەجێبوونی هەندێک وەزیر و بەشێكی زۆری پەرلەمانتارەکانی عێراقە، ڕێکخراوی بەدر هێزەکانی خۆی جوڵە پێکرد دژی میلیشیایەکی دیکەی شیعە کە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەکرد.

ئێستا حوکمەتی عێراق بەشێوەیەکی کاتی کەمێک بوژاوەتەوە لە ئاکامی کۆتاییهێنان بە داعش لە فەلوجەدا کە سیاسەتمەدارانی بەغدا پێیان وابوو ئەو دۆخەی فەلوجە سەرچاوەی زنجیرەیەک تەقینەوە بووە لە شاری سەدر و زیانی گەورەی بە ناوبانگی حکومەتی عێراق گەیاندووە لە مەسەلەی دابینکردنی ئاسایشدا.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەربەخۆیی سەربازی میلیشیا شیعەکان و دەستددرێژی تائیفی و هەروەها هاوکاری تەکتیکی هیزە ئەمنییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمانەدا بۆ چوونە ناو فەلوجەوە پێویستە لەلایەن واشنتۆن و بەغداوە بە هەند وەربگیرێت.

دیارە هێرشی میلیشیا شیعەکان بۆ سەر فەلوجە لە چەند ڕوویەکەوە مەسەلەکانی ئاڵۆزتر دەکەن چونکە بە تەواوی گوێرایەڵی حکومەتی عێراق نین. ئەم هێزانە سەرچاوەی ترسن بۆ سوننەکان چونکە پێشتر بەشدارییان  کردووە لە پاکتاوکردنی ئیتنیدا.

هەندێک سەرچاوە دەڵێن تەنیا کەتائیبی حیزبوڵڵا خۆی لە پارێزگای ئەنباردا دوو هەزار هاوڵاتی مەدەنی ڕفاندووە. هاوڵاتیانی ناوچەکە لە هاوکاری نێوان هێزەکانی دژە تیرۆر و میلیشیا شیعەکان دەترسن و دەڵێن داعش ئێستا ڕۆیشتووە و نەماوە بەڵام میلیشیا شیعەکان لێرەن بۆئەوەی بمێننەوە و ئەمەش ڕەنگە گەورەترین هەڕەشە بێت بۆ سەر دواڕۆژی عێراق وەک وڵات و نەتەوە. چاودێرە سیاسییەکان دەڵێن سەقامگیری سیاسیی عێراق زیاتر مایەی نیگەرانییە چونکە داعش ناتوانێت تا هەتایە لە فەلوجە و موسڵدا بمێنێتەوە و مەترسی داعش مەترسییەکی کاتی و بچووکە لەچاو مەترسییەکانی سەر سەقامگیری عێراق و چارەنووسەکەی. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure