لەخۆباییبوونی سەرکەوتن تیغێکی دوو دەمە

بۆچوون / بیروڕا :: 20/06/2016

لەو ڕۆژەوەی داعش دەرکەوتووە و ئیرادەی دانیشتوانی زۆر شاری عێراقی داگیرکردووە، ئەو شارانەی کە گرنگن لای ئەو هاوڵاتییانەی کە ناسنامە لاوەکی و ئایینی و مەزهەبی و تائیفییەکان ناپەرستن، عێراقییەکان بەسەر دوو بارستەدا دابەشکراون کە نابن بە سیان: ئەوانەی کە خۆیان بە رۆڵەی عێراقییە نیشتمانییەکە دەزانن و ئەوانەی کە سەر بە گەلەگورگی تیرۆری داعشی تەکفیرین کە نە نیشتمانی هەیە و نە ئایین و نە سەر بە مرۆڤایەتییە چونکە (گەلە) هیچ ناسنامەیەکی نییە جگە لە نیشانەی شەرمەزاریی کە جیای دەکاتەوە لەوانی دیکە. دوای ئەم جەمسەرگیری و دابەشبوونە ئیتر هەموو دیمەنەکانی سەنگەرگیری و کۆبوونەوە پاشەکشێی کرد کە عێراقییەکانی دابەشکردبوو لەسەر بناغەی ناوچەگەرێتی و خێڵەکی و تائیفی و جۆرە هاوردەکانی دیکەی ئەو بیدعە دروستکراوانەی کە نغرۆ بوون لە نەفامی و تاریکپەرستی و سووکیدا. 
لەڕیزبەندییە نیشتمانییەکەدا، پاش غەزاکەی داعش، خۆشحاڵییەکی عێراقی سەری هەڵدایەوە کە ڕازابووەوە بە ڕەنگە جیاوازەکانی شەبەنگی نیشتمانی و پاراوکرابوو بەو نوێژانەی کە دەستی شیعە و سوننە و هەموو عێراقییەکانی تێدا بەرزکرابووەوە بۆ ئاسمان، نەک شۆڕکرابێتەوە بۆ خوارەوە و تێکئاڵابێت بە ئاڕاستەی دڵ. ئەم ئاوێزانبوونەش وەک سیمبولێکە کە دەڵێت سەرکەوتن ئاڵای هاوبەشیانە و سوودوەرگرتنە لە دەرفەتە مێژووییەکە بۆ گێڕانەوەی ئەو پەتی برایەتی و خۆشەویستییەی کە لەنێوانیادا بچراوە و ئەو ڕستەی یەکێتی و پێکەوەلکانە نیشتمانییەی کە لەت و پەت بووە.
بەلام دەرفەتە مێژووییەکان لە ژیانی میللەتان و نەتەوەکاندا بە ڕق و کینە ناقۆزرێنەوە و لە دڵ و ویژدانی خەڵکیدا مەشخەڵی هیوا داناگیرسێنن، ئەگەر ئامێزێکی وایان نەبێت ژیری لە ئەقڵەوە هەڵبهێنجێت و ئیرادەش لە پاشەکەوتی ئەو ئەزموونە مێژووییەی کە لە هۆشی میللەتدا ئامادەیە، ئەو میللەتەی کە بە ئاگری فیتنەی تائیفی داخ کراوە و کینە و گەندەڵی میری دەستە و تاقمەکان و بەرژەوەندییەکانیان پەروەردەی کردوون، ئەو بەرژەوەندییانەی کە بەخوێنی کوژراو و بریندارەکانی عێراق سوور بووە لەپێناوی ڕق و کینەی مەزهەبگەرایی و تاقمپەرستی هاوردەی نامۆ کە بە نای ناهەق خۆی کردووە بە ناسنامەیەکی نیشتمانی.
لەڕاستیدا کفرە تیرۆر و تاوانەکانی داعش بخرێنە ئۆباڵی سوننە چونکە سوننە گەورەترین زەرەرمەندی پێشێلکارییەکانی داعشە و شار و شارۆچکەکانی سوننە لە هەمووان زیاتر وێرانکردن و کاولکاری و داڕووخانی بینیوە. خۆ ئەگەر بەرپرسیارێک هەبێت ئۆباڵی زوڵمەکانی سەر ئەهلی سوننەی بخرێتە ئەستۆ، ئەو ڕوخسارەی دیکەی چینە سیاسییە دەسەڵاتدارەەکەیە کە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دەستکەوت و بەرژەوەندی و پلەوپایە بۆگەنەکاندا نمایش دەکرێن. ئەو کەسەش دووجار کفر دەکات کە شیعە بە بەرپرسیاری تاوانی داگیرکەری ئیرادەیان تۆمەتبار بکات، ئەوانەی کە لە بازاڕی کۆیلەفرۆشی سیاسیدا کڕین و فرۆشتنیان بە ناسنامەکەی ئەمانەوە کرد بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵە بەرژەوەندییەکی حەرام کە ڕژایە ناو گەنجینەکانیانەوە و بە درۆ وا نیشانی دان کە بەرگریکاران لە مافەکانی ئەم مەزهەبەی کە بێ بەرییە لە تاوان و دەستدرێژی و سیاسەتە دابڕاوەکانیان، ئەو سیاسەتەی کە هیچ ویستێکی نیشتمانی تێدا نییە.
ئاڵا شەکاوەکانی سەر بەرزاییەکانی فەلوجە و شکستەکانی داعش تەنیا هەر سەرەتایەکن پێویستی بە بەرجەستەکردنی زیاتر هەیە لەڕێی سەرکەوتنەوە لە بەرەکانی نەینەوا و شاری موسڵ و پەلبهاوێت بەهەموو ئاڕاستەیەکدا بۆ پاککردنەوەی عێراق لە بەخێوکەرەکانی داعش و هەڵکەندنی ڕەگوڕیشەکەی و وشککردنەوەی سەرچاوەی ژیانی و بوژاندنەوەی شانە نوستووەکانی. ئەمەش هەر بەوە دێتە دی کە یەک ناسنامەی نیشتمانی عێراقییەکان ڕیزبکات لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ داعشی دوژمن و هەموو تیرۆریستێکی دیکەی کە سەرلەنوێ بەرهەمدەهێنرێتەوە و پێویستە ئەو ناسنامەیە هۆکارەکانی جوڵە و پەلهاویشتنی بۆ دابین بکرێ لەهەموو شوێنێکی وڵاتدا. جا بۆئەوەی ئەم ئاواتە بکەینە ئامانجێکی وا کە توانای ژیان و گەشەکردن و باڵادەستبوونی هەبێت لەدیمەنە سیاسییەکەدا پێویستە بەرزببینەوە بۆ ئاستی ئەو تەحەدایەی کە بازرگانەکانی فیتنەی تائیفی ئاڕاستەمانی دەکەن، لەکاتێکدا کە ئەوان لە پێگە سیاسییەکانیاندا سەنگەریان لێ داوە، ئەو پێگانەی کە ئیرادەی شیعە و سوننەیان بەتاڵان بردووە و بە دروشمی درۆ و چەواشەکار و فێڵاوی و بارگاویکراو بە ڕق و کینە بێهۆشیان دەکەن.
جا ئەگەر پاش چەندین ساڵ لە شکست لەژێر دروشمی میرەکانی فیتنەی دەستەگەرێتی و چینە سیاسییە دەسەڵاتدارەکەیدا مافێکی ئاسایی خەڵکی عێراق بێت بەم سەرکەوتنە بنازن، ئەوا وریایی و تیژکردنەوەی هۆش و ڕسواکردنی هەموو هەوڵێک بۆ بە لاڕێدابردنی سەرکەوتنەکە و بەکارهێنانی شانازییەکە بۆ مەبەستی دیکە تاکە زامنی گۆڕینی ئەم خۆشحاڵی و شانازییەن بۆ یەکلاییکردنەوەی مەسەلەکە و ڕێگرتن لە هەوڵی تێپەڕاندنی شێوازی تازەی ئاژاوە و نائارامی.
دیارە داگیرکەرانی ئیرادەی نیشتمانی واز لە هەوڵی ئەوە ناهێنن کە سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە فەلوجە قۆرخ بکەن بۆ خۆیان و وەک بەڵگەیەک نیشانی بدەن کە گوایە بەرنامە تائیفییەکەیان و سیاسەتە دابەشکارییەکەیان ڕاست و دروست بوون. هەروەها ئەمجارەش هیچ سڵ لەوە ناکەنەوە کە خۆشحاڵی و شانازییەکانی ئەم سەرکەوتنە میللییە سەرمایەگوزاری بکەن بۆ لەباربردنی پرۆسەی چاکسازی و گۆڕین و لەقوڕنانی هەموو نیشانەکانی راپەڕینی جەماوەری و بزووتنەوە ناڕازییەکەی و تێپەڕاندنی قەیرانەکەی ئەم سیستمە سیاسییە تاقمپەرستە بەوەی کە وا نیشانی بدات لەگەڵ بارودۆخە تازەکەدا دەگونجێت و بەرگێکی وا بکات بە بەر دیمەن و دەرکەوتە ڕزیوەکانیدا کە هاوڵاتیان بخەڵەتێنێت. 

سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure