سەقامگیریی بازاڕەکانی نەوت و سنووری نرخەکان

بۆچوون / بیروڕا :: 19/06/2016

وەرگێڕان: د. شیرکۆ عەبدوڵڵا
ڕێکخراوی ئۆپیک لە دوایین ڕاپۆرتیدا دەربارەی بازاڕەکانی نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا دەڵێت بازاڕەکانی نەوت بەرەو سەقامگیریی دەچن لە ئاکامی چاکبوونی هۆکارەکانی نمایش و داخوازییدا. لە هەمانکاتیشدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠١٧دا بازاڕەکان هەر بە سەقامگیریی بمێننەوە، بەڵام بەدووری دەزانێت نرخەکان زۆر بەرزببنەوە پێش تەواوبوونی ئەو نەوتەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا عەمبارکراوە.


ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات داخوازی لەسەر نەوت لە شەش مانگی داهاتوودا بەڕێژەی 1,2% بەرزترببێتەوە لەچاو ساڵی ڕابردوودا: وڵاتانی پیشەسازی بەهۆی بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی سوتەمەنی بۆ هاتوچۆ و وڵاتانی نیوەی گۆی زەویش لە ئاکامی زیادبوونی داخوازی لەسەر سوتەمەنی گەرمکردنەوە بەهاتنی وەرزەکانی سەرما. لە کیشوەری ئاسیادا بەتایبەتی هیندستان ڕۆژانە (٤٠٠) هەزار بەرمیل نەوت بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر بەکاردەهێنرێت. وڵاتی چینیش بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی هاتوچۆ و پیترۆکیمیاوییەکان داوای نەوتی زیاتر دەکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێشبینی دەکرێت داخوازی لە کەرتی پیشەسازییدا کەمببێتەوە کە ئاماژەکان بۆ ئەوەن پیشەسازيی بەردەوام لە داکشاندا بێت. ئۆپیک هەروەها پێشبینی دەکات کە وڵاتانی نائەندامی ئەو ڕێکخراوە ڕۆژانە ١٤٠ هەزار بەرمیل کەمتر بفرۆشن، هەروەها پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتە پیشەسازییەکانەوە لە شەش مانگی داهاتوودا کەمترببێتەوە و هەمان پێشبینیش وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران دەگرێتەوە. لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا و سەرەڕای زیادبوونی بەرهەمهێنان لە کەنداوی مەکسیکدا بەڵام پێشبینی دەکرێت ڕۆژانە ١٥٠ هەزار بەرمیل کەمتر بەرهەمبهێنرێت لەچاو شەش مانگی یەکەمدا.

ئۆپیک پێشبینی دەکات لە دوو وەرزی داهاتووی ئەمساڵدا زیادەی نەوت لە بازاڕەکاندا کەمببیتەوە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت: (ئەگەر وێنەکە  باشتر  بۆمان ڕوونبێتەوە و بزانین خستنە بازاڕ و داخوازیی لە چ ئاستێکدا دەبن، ئەوا دەتوانین بڵێین لە کۆتایی ئەمساڵدا دۆخی ئابوریی جیهانی هاوسەنگییەکی گەورەتر بەخۆوە دەبینێت. پێشبینی دەکرێت داخوازی لەسەر نەوت لە شەش مانگی دووەمی ئەمساڵدا لەسەر نەوتی ئۆپیک ٣٢,6 ملیۆن بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا).

ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، گەشبینترە لە ڕاپۆرتەکەی ئۆپیک و هۆکارەکەشی بریتییە لە گەورەکردن و زیادەڕەوییکردن لە قەبارەی نەوتی عەمبارکراو لە بازاڕەکانی جیهاندا. چونکە پێشتر دەگوترا ڕۆژانە ١,5 ملیۆن بەرمیل عەمبار دەکرێت زیاتر لە جاران،  بەڵام ئێستا ژمارەکە ٨٠٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. دیارە گەشەکردنە پیشەسازییە گەورەکە لە هیندستاندا رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە گۆڕینی ئەم ژمارانە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی ئەنبارکردنی نەوت دەبەستێتەوە بە خراپبوون و دابڕان لە بەرهەمهێنانی نەوتی کەنەدا لە ئاکامی ئەو ئاگرە گەورانەی لەو وڵاتەدا کەوتنەوە و بوونەهۆی دابەزاندنی توانای بەرهەمهێنانی کەنەدا بەڕێژەیەکی زۆر گەورە. هێرش و پەلاماری میلیشیاکانی نایجیریاش بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت بوون بەڕێژەیەکی وا کە لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی نایجیریا دابەزینی وای بەخۆیەوە نەبینیوە. دیارە تێکڕای بەرهەمهێنان لە لیبیادا هێشتا هەر زۆر نزمە و ڕۆژانە لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل تێناپەڕێت بە بەراورد بەجاری جاران کە ڕۆژانە ١,6 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا. ڕاپۆرتەکە دەڵێت پێناچیت لیبیا و نایجیریا بگەڕێنەوە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی جارانیان. هەروەها ئاڵۆزییە سیاسییەکانی (ڤەنزوێلا)ش زۆر بەخێرایی دژوارتر دەبن و کاری نەرێنی دەکەنە سەر توانای بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە و لەوە ناچێت بەم زووانە ئاسایی ببنەوە. سەربازی ئەمانەش دابەزینی نرخەکان لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و کەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانن.

ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵیت وێنەکە لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بریتییە لە هاوسەنگی بازاڕ بەڵام پێویستە بیرمان نەچیت کە هێزێکی بەرهەمهێنانی گەورە لە لیبیا و نایجیریادا هەیە کە ئیستا داخراون و دوورنییە لە ئایندەدا نەگەڕێنەوە بازاڕ. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەم داخوازییە بەرزەی ئێستا، ماوەیەکی دیکە نەمێنێت.ئاژانسەکە دەڵێت لە کۆتاییدا پێویستە لەبیرمان نەچێت کە پاش سێ ساڵی لەسەر یەک لە زیادبوونی ئەنبارکردنی نەوت بەتێکڕای یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هێشتا بڕێکی زۆر نەوتی زیادە هەیە و ئەمەش ئومێدی پێشبینیکردنی بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان پەژموردە دەکات.

لەم دوو لێکۆڵینەوەیەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە زۆر ڕێی تێدەچێت بازاڕەکان بە سەقامگیریی بمێننەوە واتە نەگەڕێینەوە بۆ نرخی ٣٠ دۆلار و کەمتر، لەهەمان کاتیشدا ئەگەری هەیە نرخەکان وردە وردە بەڕێژەیەکی کەم بەرزببنەوە. بەهۆی بەردەوامی ئەنباری نەوتی زیادە و خۆڕزگارنەکردن لێی لە ئایندەیەکی نزیکدا، کەواتە زۆر زەحمەت و چاوەڕواننەکراوە بەمزوانە بەرزبوونەوەیەکی گەورە ببینین لە نرخەکاندا.

سەرچاوە: ئەلحەیات




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure