بریتانیا و ئەوروپا و توندڕەوەکان

بۆچوون / بیروڕا :: 18/06/2016

دواڕۆژ

نوسینی: مستەفا زەین
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا
چەپە توندڕەوەکان دەڵێن خاتوو کاترین ئەشتون نوێنەری ئێمە نییە. نە هەڵمانبژاردووە و نە دەیناسین و نە ڕاوێژیشمان پێ کراوە بۆ دامەزراندنی کاتێک کە نوێنەری کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بووە. ئەشتۆن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر جەنگەکانی پەیمانی ناتۆ. ئابڵوقەدانی ڕوسیا و ئێرانی وقبوڵ کرد. لەسەر داخوازی ئەڵمانیا و ئەمریکا چەند بڕیارێکی دەرکرد. ئەو خەڵکی بریتانیایە، بەڵام بریتانییەکان هیچ پەیوەندییەکیان نەبووە بە هەڵبژاردنی ناوبراوەوە بۆ ئەم پۆستە. دەستنیشانکردنی ئەو گەورەترین بەڵگەیە کە یەکێتی ئەوروپا دیموکراتییەکەمان پێشێل دەکات. لەمەوە دەتوانیت هەموو پۆستەکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا تێبگەیت، ئەو یەکێتییەی کە ئەنجێلا مێرکل کۆنترۆڵی کردووە و کۆشکی سپی لەباتی ئێمە بەڕێوەی دەبات دوای ئەوەی کە کردی بە باڵێکی سیاسیی پەیمانی ناتۆ.

 
چەپە توندڕەوەکان هەروەها دەڵێن ئێمە ناچارین ملکەچی یاسا ئەوروپییەکان بین چونکە حکومەتەکانمان ناتوانن گواستنەوەی گشتی و کارگەکان و دامەزراوە گشتییەکان خۆماڵی بکەن. تەنانەت ئەگەر ئێمەش چووینە سەر حوکم، ناشتوانین بەرنامە سۆشێالیستییەکانمان  جێبەجێ بکەین.
چەپەکان هەروەها دەڵێن ئەڵمانیا کە گەورەترین هێزی پیشەسازییە دەیەوێت بریتانیا بکاتە بازاڕێکی دارایی گەورە پاش ئەوەی پیشەسازییەکەی لەناو دەبات. بەرلین بناغەی لیبرالیزمی دڕندەیە لە کیشوەرەکەدا. ڕێگەمان پێنادات پێشبڕکێی لەگەڵدا بکەین. یاسای کار کە برۆکسل بەزۆر پێمانی جێبەجێ دەکات مەسەلەیەک نییە بیربچێتەوە.


لە بریتانیادا باڵی ڕاستی ڕەگەزپەرست و چەپی توندڕەو لە هەموو شتێکدا ناکۆکن، بەڵام لەوەدا هاوڕان کە پێویستە لە یەکێتی ئەوروپا جیاببنەوە. ئەگەر پاساوەکانی باڵی چەپ، کە پێشتر باسمان کردن بەشێکی کەمی ڕای گشتی بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەوا پاساوی باڵی ڕاست زۆرینە ڕادەکێشێت بۆئەوەی لە ڕاپرسییەکەدا دەنگ بە جیابوونەوە بدەن لە یەکێتی ئەوروپا. ڕاسترەوەکان پشت بە گوتارێک دەبەستن کە لە مەسەلەی نیشتمانیدا زیادەڕەوییەکی زۆری تێدایە، خۆیان وا وێنا دەکەن کە پارێزەری ئەو مرۆڤە سپی پێستەن کە یاساکانی یەكێتی ئەوروپا مافەکانی پێشێل دەکەن. ئەمانە هێشتا لە سەردەمی ئەو ئیمپراتۆریەتەدان کە خۆری لێ ئاوا نابێت، قەڵغانەکانی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستیان هەڵگرتووە و سواری ئەسپە ئینگلیزییەکان بوون بۆ داگیرکردنی وڵاتان و بڵاوکردنەوەی بەهاکانی خۆیان. دەڵێن یەکێتی ئەوروپا سنوورەکانی کردووەتەوە بەڕووی سەدان هەزار کٶچبەری ئەوروپایی و نائەوروپایی و وڵاتەکەشیان ڕووبەڕووی داگیرکاری ئەو بەربەرانە بووەتەوە کە بێڕیزی بەرامبەر دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنەکانی و تیرۆر لە ناوچە جیاجیاکانیدا بڵاودەکەنەوە. ئەمانە و لایەنگرەکانیان بیریان چووەتەوە کە لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپادا، ئەوان لە دەرگایەکی داخراودا دەژین. دوورگەیەک کە ناتوانێت بژی بەبێ کۆچبەران کە وەکو پزیشک لە نەخۆشخانەکاندا کاربکەن و وەکو کارمەند لە بانقەکاندا ئیش و کار ڕایی بکەن و شەمەندەفەرەکان لێبخوڕن و شەقامەکان پاک بکەنەوە و خۆڵ و خاشاک کۆبکەنەوە. ئەمانە هێشتا تێنەگەیشتوون کە ڕەگەزپەرستییەکەیان وایان لێ دەکات دیوار بە دەوری خۆیاندا هەڵبچنن. کەسێکیش دیوار بە دەوری خۆیدا هەڵبچنێت خۆی زیندانی دەکات بەڵام ناتوانێت ڕێگری لەوە بکات خەڵکی تر بێنە ناویەوە. ئایا ئەمە ئەو بانگەوازە نییە کە سەرکردەی پارتی (شانشینی یەکگرتووی سەربەخۆ) یاخود سەرۆکی پێشووی شارەوانی لەندەن بانگەوازی بۆ دەکەن کە تەنیا هەر دۆناڵد ترامپی پاڵێوراوی کۆماریخوازەکانی ئەمریکا لەوی دووهەمیان توندڕەوترە.


هەڵمەتی ڕاستڕەوەکان وایکرد کەسێکی ڕەگەزپەرست پەرلەمانتارێکی کرێکاریی زۆر بە ئاسانی بکوژێت. بکوژەکە تەنانەت ئەگەر لەڕووی ئەقڵیشەوە ناتەواو بێت، کە وەک ئێستا بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام بانگەوازی ڕەگەزپەرستی و هاندانی دژی لایەنگرانی مانەوەی بریتانیا لەناو یەکێتی ئەوروپادا هۆکارن و ئەمانە وایانکرد ئەو خانمە چالاکوانە غافڵکوژ بکرێت.


بریتانیا ئێستا لە قۆناغێکدایە کە قۆناغی ترسە لە ئایندە. بریتانیا لە بارودۆخی ئابووری و دارایی خۆی و لە چارەنووسی سیاسی خۆی دەترسێت لە سایەی توندڕەوی و ئەو توندڕەوانەی کە بە پاساوی پارێزگاریکردن لە گەورەیی ئیمراتۆریەتەکە داوای گۆشەگیربوون دەکەن. لە سەرێکی تریشەوە چەپە توندڕەوەکان هەمان دژایەتیکردنیان کردووەتە گەورەترین ئامانجی سیاسییان بە پاساوی پابەندبوون بە ئازادییە دیموکراسییەکان و ملکەچنەکردن بۆ کۆمەڵە یاسایەک کە بەشدارییان نەکردووە لە داڕشتنیدا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure