ئه‌و هێزه‌ى به‌رده‌وام سه‌روه‌ریی تۆمارده‌كات

بۆچوون / بیروڕا :: 18/06/2016



پارتی یه‌كێتی دیموكراسى (په‌یه‌ده‌)، له‌ساڵی ٢٠٠٣ دامه‌زراوه‌ (ئاسیا عه‌بدوڵا و ساڵح موسلیم)  هاوسه‌رۆكی ئه‌و پارته‌ن. ئامانجی په‌یه‌ده‌ دامه‌زراندنی سیسته‌می كۆنفدرالیزمی دیموكراتییه‌ له‌ڕۆژئاوای كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ گه‌ل به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ كورد و عه‌ره‌ب و سریانی و توركمان و هتد. له‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریه‌دا جێبگرن، له‌دوای هاتنی به‌هاری عه‌ره‌بی بۆ سوریه‌ په‌یه‌ده‌ به‌به‌رێكخستن كردنی گه‌ل زوو توانی به‌ بێ شه‌ڕ ناوچه‌كانی ڕۆژئاوا له‌ حكومه‌تی ئه‌سه‌د پاك بكاته‌وه‌ و به‌ دامه‌زراندنی مه‌جلسی گه‌ل به‌ كرده‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆ گه‌ل گه‌ڕانده‌وه‌.
به‌هۆى به‌رخودان و ئازاى هێزه‌كانى  یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) و یه‌كینه‌كانى پاراستنى ژن (یه‌په‌ژه‌) باڵى سه‌ربازى په‌یه‌ده‌و ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ى به‌رده‌وام له‌جه‌نگه‌كانى ڕوبه‌روبوونه‌وه‌ى چه‌ته‌كانى داعش به‌ده‌ستیان ده‌هێنا، ئه‌مه‌ واى له‌جیهان و ناوچه‌كه‌ كرد سه‌ره‌نجیان بۆ سه‌ر ئه‌و هێزه‌ كوردییه‌ له‌ڕۆژئاواى كوردستان زیاتر بێت، به‌تایبه‌ت وڵاتاتى زلهێزى وه‌ك ئه‌مریكاو ڕوسیاو ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆى پێشه‌وه‌ چوونه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌كانى په‌یه‌ده‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمارى توركیا ئه‌و هێزه‌ى به‌به‌ربه‌ست و مه‌ترسى ده‌بینى، چه‌ندینجار ڕایگه‌یاندوه‌، ئه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی باكووری سووریا بكات و و قه‌واره‌یه‌ك بۆ كورد دروست بكه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر توركیا و ڕێگه‌ ناده‌ن ئه‌وه‌ ڕووبدات، سه‌ره‌ڕاى فشاره‌كانى توركیاو هاوكاریكردنى چه‌ته‌كانى داعش دژى ئه‌و هێزه‌ ئازادى خوازه‌، هێزه‌كانى په‌یه‌ده‌ توانیان یه‌كه‌م كانتۆن له‌ڕۆژئاواى كوردستان ناوى كانتۆنى جزیره‌ له‌ڕۆژى ٢٢/١/٢٠١٤ ڕاگه‌یاندرا، دوابه‌دواى ئه‌وه‌ش كانتۆنى كۆبانێ له‌ ٢٧/١/٢٠١٤ و به‌ دواى ئه‌ویشدا كانتۆنى عفرین له‌ ٢٩/١/٢٠١٤ ڕاگه‌یاندرا، كانتۆنه‌كان به‌شێوه‌ى سیسمى هاوسه‌رۆكایه‌تى به‌ڕێوه‌ده‌برێن و هه‌ر كانتۆێك ٢٢ وه‌زاره‌تى بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كاروباره‌كانى هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ واى كرد هێزه‌كانى یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ له‌وڵاتى ئه‌مریكا نزیك بكاته‌وه‌، ده‌سته‌وه‌ستان و ڕۆڵى توركیا له‌سوریا له‌به‌رئه‌وه‌ى توركیا ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ ڕۆڵ و پێگه‌ى له‌سوریا لاوازده‌بوو، كه‌ هاوپه‌یمانى سه‌ره‌كى ئه‌مریكابوو له‌ناوچه‌كه‌دا، له‌به‌رامبه‌ریشدا په‌یه‌ده‌ به‌رده‌وام له‌خه‌باته‌كانیدا سه‌ركه‌وتن و داستانى مه‌زنى به‌ده‌ست ده‌هێنان، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى چه‌ته‌كانى داعش له‌سه‌ره‌تاى مانگى تشرینى ساڵى (٢٠١٤) گه‌مارۆیه‌كى چڕیان خستبۆ سه‌ر كانتۆنى كۆبانى و شه‌ر گه‌یشت بۆ كۆڵان به‌كۆڵانى ئه‌و شاره‌، هه‌موو میدیاكانى جیهان زۆر به‌وردى و به‌به‌رده‌وامى كاره‌ساته‌كانى ئه‌و كانتۆنه‌یان ده‌گواسته‌وه‌، زۆرێك له‌وڵاتانى ناوچه‌كه‌و جیهان و چاودێرانى سیاسى واشرۆڤه‌ى شه‌ره‌كه‌یان ده‌كرد، كه‌ پاش چه‌ند كاتژمێڕێك یاخود پاش چه‌ند ڕۆژێكى دیكه‌ كاره‌ساتى دیكه‌ى هاوشێوه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال له‌خۆرئاواى كوردستان ڕووده‌دات، به‌ڵام قاره‌مانێتى و خه‌باتى بیًوچانى كچان و ژنان و پیاوانى كۆبانى توانى چۆك به‌داعش دابدات و نه‌هێڵیت كۆبانى بكه‌وێت، ئه‌مه‌ داستانه‌ مه‌زنه‌ چه‌ندین شاعیرى وه‌ك عه‌بدوڵا په‌شیًو و گۆرانى بێژانى به‌ناوبانگى كورد له‌ڕێگه‌ى خامه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌یانه‌وه‌ باسیان له‌خه‌بات و به‌رخۆدانى په‌یه‌ده‌ كرد له‌و داستانه‌دا. ناشاردڕێته‌وه‌ له‌دواى ئه‌و داستاته‌وه‌ ئه‌مریكا له‌په‌یه‌ده‌ نزك بووه‌وو به‌رده‌وام هاوكارى هێزه‌كانى یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ى كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ توركیا به‌رده‌وام فشارى له‌كۆشكى سپى كردووه‌و ناكرێت هاوكارى ئه‌و هێزه‌ بكرێت، چونكه‌ به‌شێكن له‌په‌كه‌كه‌و به‌گوزارشتى ئه‌وان ئه‌وانیش تیرۆریستن، به‌ڵام ئه‌و فشارانه‌ى ئه‌نكه‌ره‌ هیچى لێسه‌وزنه‌بووه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و فشارانه‌ى به‌هۆى په‌یوه‌ندى ئابورى و سیاسى به‌هێزى پارتى دادو گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان  (په‌ده‌كه‌) گه‌مارۆدانى ڕۆژئاواى كوردستان داخستى ده‌روازه‌ى سێمالكا و هاوكارى كردنى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كورد له‌سوریا دژى سیاسه‌ته‌كانى په‌یه‌ده‌، هه‌رچه‌نده‌ كوردانى هه‌رچوارپارچه‌ى كوردستان و سه‌ركردایه‌تى سیاسى یه‌كێـى نیشتمانى كوردستان به‌پێچه‌وانه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ له‌په‌یه‌ده‌و خه‌باتكه‌رانى كورد له‌باكورى كوردستان نزیك بووه‌ به‌ئاشكرا ئیدانه‌ى داخستنى ئه‌و ده‌رواز سنورییه‌ى كردووه‌، به‌ئاشكرا لاهور شێخ جه‌نگى به‌رپرسى ئاژانسى پاراستن و زانیاریى هه‌رێمى كوردستان یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى له‌مانگى ئایارى (٢٠١٦) له‌په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا داخستنى ئه‌و ده‌روازه‌ سنورییه‌ى شه‌رمه‌زاركرد، په‌یه‌ده‌ ڕۆژ له‌دواى ڕۆژ ده‌روازه‌كانى وڵاتان و ناوچه‌كه‌ به‌ڕویدا ده‌كرایه‌وه‌ پنتاگۆن به‌ئاشكرا هاوكارى شه‌ڕڤانان ده‌كات، له‌ئێستادا په‌یه‌ده‌ دواى ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ى پێنه‌درا نه‌درا له‌ گفتوگۆكانی ئاشتی تایبه‌ت به‌سوریا له‌ كۆنگره‌ی جنێف ٣ به‌شداری بكات، كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان له‌ڕۆژی ١٧ی ئازار ساڵى (٢٠١٦) له‌ شارۆچكه‌ی ڕمێلانی ڕۆژئاوای كوردستان به‌ فه‌رمی 'فیدراڵیزمی باكووری سووریا' یان ڕاگه‌یاند، فیدراڵیزم جێگه‌ی كانتۆنه‌كانی گرته‌وه‌، به‌هاوكارى پنتاگۆن له‌هه‌وڵى كۆنترۆڵكردنى شارى ڕه‌قه‌دان كه‌ به‌پایته‌ختى چه‌ته‌كانى داعش داده‌نرێت، له‌هێرشه‌كانیدا سه‌ركه‌وتووه‌، هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكراتی‌ كه‌ ساڵی‌ رابردوو له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پارستنی‌ گه‌ل (یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌)وه‌ پیكهێنراوه‌، چه‌ندین گروپی‌ چه‌كداری‌ عه‌ره‌بی له‌ خۆ ده‌گرێت و یه‌كێكه‌ له‌ متمانه‌پێكراوترین ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پاڵپشتی‌ ده‌كرێن، له‌ئێستادا له‌شارى مه‌نبج نزیك بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ سنوری‌‌و تاكه‌ ده‌روازه‌ی‌ هاتوچۆی‌ چه‌كدارانی‌ ‌ داعشه‌ بۆ توركیاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا، بۆیه‌ ئێستا پێش ڕه‌ققه‌ هه‌وڵده‌درێت ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ دابخرێت، هه‌روه‌هاش به‌كۆنترۆڵكردنى مه‌نبج كۆنترۆڵكردنى ڕه‌قه‌ ئاسان ده‌بێت، كۆبانى و عفرینیش به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وكاته‌ سه‌روه‌رییه‌كان و پیگه‌ى كورد به‌هێزترده‌ێت، هه‌رچه‌نده‌ تا ئیستاش توركیا له‌هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وامه‌ بۆ ڕێگیكردن له‌كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌ربه‌ده‌ست چه‌ته‌كانى داعشه‌وه‌ بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure