سیاسه‌تیش وه‌رزى یه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 16/06/2016

+ به‌ خوا قۆخێكى خۆش بوو به‌گم.. دوو ساڵیش ئه‌بێ میوه‌ى وا به‌تامم نه‌خواردووه‌.
- هه‌ر ئه‌بێ خۆش و به‌تام بێ رۆڵه‌. میوه‌ى وڵاتى خۆمانه‌.
+ قوربانى وڵاتى خۆمان بم. به‌ڕاستى خاكێكى عه‌زیمى هه‌یه‌.
- بڵێ ماشه‌ڵڵا كوڕم. من له‌ هیچ ناترسم له‌ چاو و نفوس نه‌بێ.
+ جا تۆ بڵێ ى ئه‌وه‌نده‌ قوڕمساغ بم خاكه‌كه‌ى خۆمان بكه‌م به‌چاوه‌وه‌؟
- نا دوورله‌تۆ كه‌لـله‌پوت. جارى وا هه‌یه‌ ئینسان بێ ئه‌وه‌ى مه‌به‌ستى بێت زه‌ره‌ر ئه‌دات.
+ ئیشه‌ڵڵا من له‌و نه‌وعانه‌ نیم، بیل ئه‌خه‌س بۆ ئه‌م خاكه‌ جوان و به‌پیته‌. پێشینان ناهه‌قیان نه‌بووه‌ ئه‌و هه‌موو په‌ند و قسه‌ نه‌سته‌قه‌یان پیادا هه‌ڵداوه‌. ره‌بیى به‌ساقه‌ى بستێكى بم. خوا بمگێڕێ له‌ ده‌ورى نیو دۆنمى..ئیشه‌ڵڵا... ئیشه‌ڵڵا.
- به‌سه‌ به‌س مه‌یكه‌ به‌هه‌را.. خاكه‌كه‌مان یه‌كجار وا نى یه‌ كوڕى باوكم. هه‌ر بۆ زه‌رعات باشه‌، بۆ شته‌كانى تر وانى یه‌.
+ شته‌كانى تر وه‌كو چى؟
- وه‌كو سیاسه‌ت و فكر و حوكمداریى و ئه‌مانه‌.
+ بۆچى قوربان سیاسه‌تیش له‌به‌رهه‌مى كشتوكالێ یه‌ وا عیلاقه‌ى به‌ خاكه‌وه‌ هه‌یه‌؟
- تا حه‌دێك به‌ڵێ چونكه‌ ئه‌زانى بۆ؟ سیاسه‌تى ئێمه‌ش عه‌ینه‌ن حاسڵاتى باخ و بێستان وه‌رزى یه‌.
+ چۆن وه‌رزى یه‌ تێناگه‌م؟
- بۆچى تێناگه‌ى كوڕم؟ ئه‌وه‌ نى یه‌ سێ مانگ داواى فیدراڵى ئه‌كه‌ین و ئینجا سێ مانگ دواى ئه‌وه‌ داواى سه‌ربه‌خۆیى و دواى ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر باى به‌ڕه‌كۆنه‌كه‌ى حوكمى زاتى؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure