بەرگرییەکی نابەجێ لە پێشێلکارییەکان

بۆچوون / بیروڕا :: 15/06/2016

دواڕۆژ
نە یەکێکن و نە دوان و نە سیان، ژمارەیان لە دە کەس تێپەڕ دەبێت، ئەو کاربەدەستە گەورانەی دەوڵەت و حیزب و هێزە سیاسییەکان کە بە ئەنقەست و پێداگرییەکی زۆرەوە دەیانەوێت چاوپۆشی بکرێتلە پێشێلکاری خەڵکی چەکدار، بەتایبەت چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دژی خەڵکانی مەدەنی لەو ناوچانەدا کە بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ لەگەڵ داعشدا. بیانووە پێشەکییەکەی ئەم دەستدرێژییانە ئەوەیە کە گوایە دەستدرێژییەکان دەستەجەمعی نین و ئاڕاستەکراو نین و بەبڕیاری سەرکردایەتی ئەو پێکهاتە چەکدارییانە ئەنجامنەدراون بەڵکو لێرە و لەوێ کەسێک سەربەخۆ کردوویەتی. ئەمەش ڕاست نییە چونکە پێگەکانی سۆشیال میدیا و کەناڵە فەزاییەکان دەریانخست کە زیاتر لە یەک کەسی چەکدار سوکایەتی و دەستدرێژی کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی و تەنانەت ئەشکەنجەی جەستەییشیان داون.

من پێم وانییە کارێکی ڕەوشتی بێت پاساو بۆ خراپە بهێنرێتەوە تەنانەت ئەگەر ئەنجامدەرەکەشی تاقە یەک کەس بێت و قوربانییەکەشی لە یەک کەس تێپەڕ نەکات... من لێرەدا بەتایبەت پشت بە دەقێکی قورئانی دەبەستم کە دەڵێت ئەوەی کەسێک بەبێ بەرامبەر و بەبێ هۆ لەسەر زەوی بکوژێت وەک ئەوە وایە هەموو مرۆڤەکانی کوشتبێت. لەسەر بناغەی ئەم بنچینە زێڕینە دەتوانین بڵێین ئەگەر کەسێک بەناهەق سوکایەتی بە کەسێک بکات یاخود دەستدرێژی بکاتە سەر وەک ئەوە وایە سوکایەتی بە هەموو مرۆڤەکان کردبێت.

نەریت وایە پیاوکوژ هەمیشە دەوڵەت و کۆمەڵگا دژی دەوەستنەوە و دەستبەجێ دەستگیردەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە و دەدرێتە دادگا بۆئەوەی سزای ڕەوای خۆی وەربگرێت کە لەم وڵاتانەی ئێمەدا زۆرجار سزاکە ئیعدامە. کەواتە بۆچی گەورە لێپرسراوەکانی دەوڵەت و هەندێک حیزبی سیاسی لای ئێمە پێشبڕکێیانە لە کەمکردنەوەی بایەخی ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایانە لەسەر مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچانەدا کە تازە لە داعش ڕزگاریان بووە و هەوڵدەدەن ئەنجامدەرەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان بێتاوان دەربچن و بەبیانووی ئەوەی حاڵەتێکی تاکە لێیان خۆش ببین؟ کاتێک مرۆڤ کە ستەمی لێ دەکرێت بە جنێودان یاخود ئەشکەنجەدانی جەستەی یان بێبەریکردن لە ماف و ئازادییەکان، ئیتر بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەو دەستدرێژییە تاکە کەسێک کردوویەتی یاخود دەستەجەمعی بووە، خۆڕسک بووە یاخود بەرنامە بۆ داڕێژراو. لە ڕاستیدا لە چرکەساتی ستەملێکردنەکەدا مرۆڤەکە وا هەست دەکات کە هەموو خەڵکەکە کۆبوونەتەوە و پێکەوە ستەمەکەی لێدەکەن. لەوکاتەدا ڕێی تێدەچێت نەفرەت لە هەموو شتێک بکات و ڕەنگە ئەم نەفرەتە وای لێبکات تۆڵە بسەنێتەوە و تاوانێکی گەورەتر ئەنجامبدات لەو تاوانەی کە دەرهەقی کراوە، ئەوەش نەک هەر بەرامبەر بە تاوانبارەکە بەڵکو بەرامبەر بە هەموو کۆمەڵگا. لەبەرئەوە پێویستە وا تەماشای دەستدرێژیکردنە سەر ماف و ئازادییەکان بکرێت تەنانەت ئەگەر حاڵەتی تاک و دەگمەنیش بن کە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر هەموو مرۆڤ و زوڵم لێکردنیانە بە گشتی.

نووسینی: عەدنان حسێن
سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure