رەمزى درۆیە

بۆچوون / بیروڕا :: 03/04/2016

دواڕۆژ

+ فەرموت ساڵە و ساڵ ئێمەى بیر ئەکەوێتەوە؟
- بەڵێ ساڵە و ساڵ ئێمەى بیر ئەکەوێتەوە. بەڵام ئێمە دایم بە هەواى ئەو ئەژین.
+ دە کەواتە کابرا مەسئولەکەیە.
- هەتیو من سەعاتێکە خەڕەکى چى بۆ تۆ ئەڕێسم؟! ئەڵێم کە دێت ئەبێ خۆت حازر بکەى بۆ خەبەرى ناخۆش.
+ تێگەیشتم قوربان.. وەزیرى سامانە سروشتى یەکانە.
- ئەهـ ئەوەندەى وەزیرى سامانە سروشتى یەکان لە بەربینت دەربێ. تۆ بۆچى هەموو شتێک لە مەسئولەکانا ئەبینى.
+ قوربان ئەوە باشترە.
- لەچى باشترە؟
+ لەوەى کە لە هەموو شتێکا مەسئولەکان ببینم.
- وەختى فەلسەفە و قسەى بە توێکڵ نى یە. ئەیزانى یان بڕۆم؟
+ ئەیزانم بەگم. بەس عەیب نەبێ تۆ شتێکى تریم بۆ دەرخە.
- بەسەرچاو.. ئینسان کە گوێ ى لە ناوەکەى ئەبێ یەکسەر درۆى بیر ئەکەوێتەوە.
+ مالیکى یە؟
- ئەى هاوار.. ئەمە تۆ بەشەریت؟!
+ دەباشە توڕە مەبە.. دەستورە؟
- قوڕمساغ ئێمە کوا دەستورمان هەیە؟!
+ دەستورى عێراقییت عەرز ئەکەم.
- دەستورى عێراقى؟ ئەوەى کە مادەى سەد و چلەکەیان بۆ کردین بە حوشتر؟
+ مەیبەرەوە سەر سیاسەت بەگم.. وەرەوە سەر مەوزوعى مەتەڵەکە.
- وازى لێ بێنە. نەتزانى.. عەیب و شورەیى، هەیە یەکى نیسان نەزانێ؟!
+ ئێ تۆ ئەڵێ ى رەمزى درۆیە!
- تەبعەن. یەکى نیسان رەمزى درۆیە.
+ نەخێر. رەمزى درۆ یەکى نیسان نى یە.
- ئەى چى رەمزى درۆیە؟
+ بە خوا ناوێرم.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure