"مەسینە"ی دیپلۆماسی

بۆچوون / بیروڕا :: 12/06/2016

نووسنی: عەلا حەسەن
سەرچاوە: ئەلمەدا
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید


زۆر دەگمەنە لە فەرمانگەكانی حكومەتدا، هاووڵاتی (موراجع)  فەرمانبەرێك ببینێت رووی خۆش بێت و زەردەخەنە لەسەر لێوەكانی بێت. كاروبارەكانی بە بێ‌ بێزاری و بێتاقەتی و لەشگرانییەوە جێبەجێ‌ بكات. بە نیانییەوە رەفتار لەگەڵ هاووڵاتیەكەدا بكات. تووڕەییان كەمبكاتەوە و بە گیانێكی وەرزشییەوە گوزارشت لەو باوەڕە بكات كە فەرمانبەر خزمەتكاری گەلەكەیەتی، ئیتر لە هەر پێگە و پۆستێكدا بێت. ئایا هاووڵاتی هەرگیز رێكەوتی فەرمانبەرێكی لەو جۆرەی لە فەرمانگەكانی دەوڵەتدا كردووە؟ ئەم پرسیارە پێویستی بە وەڵام نییە و هێندە بەسە رێت بكەوێتە یەكێك لە فەرمانگەكان و بەو تێڕوانینە  گشتییەوە بێیتە دەرەوە كە هەندێك لە فەرمانبەران لە چەندین سیفەتدا هاوبەشن، روو ریشاوی، دەموچاو خاڵاوی، ئەنگوستیلە لە پەنجە و چەند گوزارشتێكی هاوشێوە دووبارە دەكەنەوە وەك خزمەتكاری مەولای، مامەڵەكەت واژۆی حاجیی دەوێت، واژۆكەی تۆ دەكەوێتە دوای بانگی نیوەڕۆ.
فڵان فەرمانگە ژوورێكی تایبەت كردووە بۆ شوێنی نوێژكردنی ئەو هاووڵاتیانەی كە سەردانی فەرمانگەكە دەكەن، بەڵام بەرپرسەكان نوێژی نیوەڕۆ لە ژوورەكانی خۆیاندا دەكەن. كەچی هەر تاوناتاوێ‌ مەسینەكە هەڵدەگرن بۆ تازەكردنەوەی دەستنوێژ.
مەسەلەی (البركان) (البركان، مانای مەسینەكانە بە عەرەبیی جڵفە. و.) بەیەكێك لە دیارترین هۆكارە لۆجستیەكانی پێشخستنی كاری بەڕێوەبردن و كارگێڕی و راپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتیان بە زووترین كات، دادەنرێت. (البركان) خەریك بوو ببێتە هۆكارێك بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێكی سیاسی لە نێوان عێراق و نەمسادا. توو گیان باوكت چۆن؟ حیكایەتەكە بەمجۆرە دەگێڕنەوە: لە میانەی سەردانێكی وەزیری دەرەوە بۆ نەمسا كە سەرۆكایەتیی وەفدێكی گەورەی كاربەدەستانی وەزارەتەكەی كردووە، وەفدی میوان داوای دابینكردنی ژمارەیەك (البركان- مەسینە) ی كردووە، دوای گەڕان بە بازاڕەكاندا و بە هاوكاریی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە، مەسینەكان دابینكراون. بەمەیش وەفدەكە هەستی كردووە كە یەكەم دەستكەوتی دیپلۆماسیی بەدەستهێناوە چونكە بەرپرسانی وڵاتی خانەخوێ‌ رێزیان لە نەریتی میوانەكانیان گرتووە.

لایەنە بەشدارەكانی حكومەت زۆربەیان لە پارتە ئاینییەكانن كە وەزارەت و دامەزراوەگەلی خۆیان هەیە، ماركەی تۆماركراوە بەناوی خۆیانەوە، بەو مانایەی كە زۆرپەرۆشی خزمەتكردنی رۆڵەكانی گەلە لەڕێی راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیانەوە پێش هاتنی كاتی نوێژی نیوەڕۆ، چونكە بەڕێوەبەری گشتی پاداشت و خێری دەگات و رەزامەندیی خەڵكیش بەدەستدێنێت ئینجا دەستی بەتاڵ دەبێت بۆ ئەوەی (مەسینەكە) هەڵبگرێت و بچێت خۆی لە گڵاوی پاك بكاتەوە.
لە رۆژنامەیەكی كەنداودا، نووسەر سارە ئەلعەكاش ئاماژەی بەوەكردووە كە فەرمانگەی زەویوزار لە ئەمارەتی عجمان لە دەوڵەتی میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبی، خزمەتێكی جوان پێشكەش بە هاووڵاتیان (موراجعەكان) دەكات. ئامێرێكی ئایپاد كە كامێرای پێوە بەستراوە، لەبەردەم كەسی موراجعدایە و هەموو شتێكی نێوان ئەو و فەرمانبەرەكە تۆمار دەكات، كاتێكیش مامەڵەكەی تەواو دەبێت، بەهۆی دوگمەیەكی دیاریكراوەوە كە لەسەر فۆرمێكی ئایكۆنی (خانەخانە)كراوە، رای خۆی دەربارەی فەرمانبەرەكە بە (رازیم - ناڕازیم و خزمەتنەكراوم - فەرمانبەرەكە خراپە) تۆمار دەكات. هەر هێندەی كە پەنجەیشی نا بە دوگمەكەدا ئیتر یەكسەر راپۆرتەكە راستەوخۆ دەچێت بۆ بەشی جۆرایەتی و هەڵسەنگاندن. خۆ ئەگەر كابرای موراجع دەستی نابێت بە زاری (فەرمانبەرەكە خراپە)دا ئەوا راستەوخۆ دەگاتە بەشی هەڵسەنگاندن و جۆرایەتی و داوا لە فەرمانبەرەكە دەكرێت هەڵەكە روون بكاتەوە، بێگومان دوای پێداچوونەوە بە تۆماركراوەكە و بینینی دەنگ و ڕەنگەكە و زانینی چۆنیەتی مامەڵەی فەرمانبەرەكە لەگەڵ هاووڵاتیەكە و شێوازی خزمەتگوزارییەكەی. ئینجا لێپرسینەوەی هەڵەكەی لەگەڵ فەرمانبەرەكەدا دەكرێت. هەموو ئەمانەیش لەماوەی تەنیا دوو خولەكدا دەكرێت. نە بابە ئەبو ئبریج.

 
 




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure