سه‌ردێڕى ڕۆژنامه‌ى ره‌ئى ئه‌لیه‌وم

بۆچوون / بیروڕا :: 12/06/2016

گه‌مارۆدانى شارى منبه‌ج له‌ نزیك شارى حه‌ڵه‌ب له‌لایه‌ن ئه‌و هێزه‌ كوردیانه‌ى كه‌ ئه‌مریكا پشتیوانیان ده‌كات هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى سه‌ربازیى مه‌یدانى گه‌وره‌یه‌ له‌ دیمه‌نى سوریادا كه‌ نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئۆپۆزسیۆنى سوریایه‌ و نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌وڵه‌تى ئیسلامیشدا و هه‌نگاوێكى گه‌وره‌شه‌ به‌ره‌و دامه‌زراندنى ئۆتۆنۆمى بۆ كورد .. ئایا بێده‌نگییه‌كه‌ى توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت؟
ئه‌و گه‌مارۆ خنكێنه‌ره‌ى كه‌ ئێستا هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات سه‌پاندویانه‌ به‌سه‌ر شارى ستراتیجى سنوریى منبه‌جدا، پاش ده‌ستگرتن به‌سه‌ر زیاتر له‌ 100 گوندى ده‌وروبه‌ریدا له‌ نزیك حه‌ڵه‌ب زه‌برێكى سه‌ربازیى و ده‌روونى گه‌وره‌یه‌ له‌ داعش، چونكه‌ ئه‌م ئابڵوقه‌یه‌ واته‌ پچڕاندنى هه‌موو هێڵه‌كانى یاخود زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى هێڵه‌كانى پێگه‌یشتنى پێویستى و یارمه‌تى له‌ توركیاوه‌.
جێگه‌ى سه‌رنجه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ى كه‌ به‌ پشتیوانییه‌كى ئاسمانى و زه‌مینى ئه‌مریكى و لێڕازیبوونى ڕووسیا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێشڕه‌ویكردنى خودى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات له‌ ناوچه‌ باكورییه‌كانى ده‌وروبه‌رى شارى (ڕه‌ققه‌)ى پایته‌ختى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى و هه‌روه‌ها هاوكاتیشه‌ له‌گه‌لأ هێرشه‌كانى سوپاى عێراق به‌ پشتیوانى میللیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى شارى فه‌لوجه‌ى عێراقى.
مه‌ترسى ئه‌م ئابڵوقه‌یه‌ ته‌نیا بۆسه‌ر ئه‌و سه‌دان چه‌كداره‌ى ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ناو شارى (منبه‌ج)دا نییه‌ به‌ڵكو مه‌ترسیشه‌ بۆسه‌ر ده‌یان هه‌زار هاوڵاتى مه‌ده‌نى سورى كه‌ ئابڵوقه‌كه‌ بارودۆخى ژیانیان ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌وپه‌ڕى سه‌ختى و دژوارى وه‌ك ئه‌وانه‌ى ناوشارى فه‌لوجه‌.
(بێرت ماكگۆرك)ى نێرده‌ى ئه‌مریكا بۆ سوریا له‌ هه‌مووان زیاتر ئاهه‌نگى گێڕا به‌م ده‌ستكه‌وته‌ مه‌یدانییه‌وه‌ و له‌ تویته‌ره‌كه‌ى خۆیدا سه‌ره‌ڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى نوسیویه‌تى شارى منبه‌ج ئه‌و ناوه‌نده‌ بوو كه‌ هێرشه‌كانى لایه‌نگرانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌وێوه‌ ده‌رده‌چوون، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌ پاریس و برۆكسلدا هێرشى تیرۆریستىیان ئه‌نجامدا.
ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ سه‌ربازییه‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات كه‌ زۆربه‌ى زۆریان كوردن زه‌برێكى گه‌وره‌ش له‌ توركیا و سه‌رۆك ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ده‌وه‌شێنێت چونكه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌ڵكشانى هێز و بایه‌خى ئه‌م هێزه‌ كوردیه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى توركیا به‌ باڵێكى سه‌ربازیى پارتى كرێكارانى كوردستانى جوداییخوازى ده‌زانێت له‌ناو خاكى سوریادا و پێى وایه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌ كوردیه‌كه‌ له‌ دامه‌زراندنى ناوچه‌یه‌كى ئۆتۆنۆم به‌ درێژایى سنوره‌كانى باشورى توركیا له‌ناو خاكى سوریادا و ده‌بێته‌ ئامێزێك بۆ حیزبى ناوبراو و ئه‌ندامه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانى و بنكه‌یه‌كیش ده‌بێت بۆ كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كانى دژى توركیا.
له‌ئاكامى ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكراتدا كه‌ حكومه‌تى توركیا ڤیتوه‌ى خسته‌سه‌ر به‌شداریكردنى (په‌یه‌ده‌) كه‌ ساڵح موسلیم سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات له‌ گفتوگۆكانى جنێفدا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و گفتوگۆیانه‌ دواده‌خرێن و ڕه‌نگه‌ وا زووش ده‌ست پێ نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ حاڵى حازردا هه‌ردوو گه‌وره‌ هێزه‌كه‌ واته‌ ڕووسیا و ئه‌مریكا چاره‌سه‌رى سه‌ربازییان به‌لاوه‌ گرنگتره‌ بۆیه‌ ڕێكخه‌رى گشتى ده‌سته‌ى باڵاى ئۆپۆزسیۆنه‌كانى ناسراو به‌ ئۆپۆزسیۆنى ڕیاز به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ ڕاى گه‌یاند گفتوگۆكان گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست.
ئه‌وه‌ى كه‌ ڕێكخه‌ره‌ گشتییه‌كه‌ نایزانێت یاخود ده‌یزانێت و خۆى لێ گێل ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گۆڕانكارییه‌ سه‌ربازییه‌ مه‌یدانییه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ده‌ست ئۆپۆزسیۆنى چه‌كدارى سوریا و نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌كانیان ده‌رچووه‌ كه‌ بریتین له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى و توركیا و كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست ئه‌مریكا و ڕوسیا و ده‌سه‌ڵاتى دیمه‌شق به‌پێى لێك تێگه‌یشتنه‌كانى هه‌ردوو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و ڕووسیا كه‌ گرنگترین خاڵى بریتییه‌ له‌وه‌ى له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا بایه‌خ بدرێت به‌ له‌ناوبردنى گروپه‌ ئیسلامییه‌ جیهادیه‌ توندڕه‌وه‌كانى وه‌ك (ده‌وڵه‌تى ئیسلامى) و (به‌ره‌ى نوسره‌) و (سوپاى ئیسلام) و (ئه‌حرار ئه‌لشام) و (سوپاى فه‌تح) و گروپه‌ هاوچه‌شنه‌كانى دیكه‌. داخستنى ڕێگه‌ى گه‌یشتنى كۆمه‌ك ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوى ئه‌نجامبدرێت له‌سه‌رسنورى نێوان سوریا و توركیادا ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كى ڕیشه‌یى هاوكێشه‌ سه‌ربازیى و سیاسییه‌كان له‌ دیمه‌نى سوریادا ده‌گۆڕێت و توركیا و قه‌ته‌ر و سعودیه‌ كه‌ هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كانى ناو ئه‌م گه‌مه‌یه‌ پێكده‌هێنن و ماوه‌یه‌كه‌ بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه‌ پێده‌چێت تێگه‌یشتبن كه‌ خه‌ریكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ته‌واوى له‌ده‌ستیان ده‌رده‌چێت.

وه‌رگێڕان: د. شێركۆ عه‌بدوڵـڵا

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure