چەکدارەکانی یەکێتی ئەوروپا وڵات بە وڵات

بۆچوون / بیروڕا :: 11/06/2016

سەرچاوە: ئەدنكرۆنۆس
وەرگێڕان: كاوە رەسوڵ

 

بەشی دووەم

ئەڵمانیا- بەلای وەزارەتی دەرەوەوە، هەتا مانگی تەموزی ٢٠١٥ زیاتر لە ٧٢٠ کەس ئەڵمانیایان بەجێهێشتووە ‌ (ئەڵمانیا ٨١ ملیۆن دانیشتوانی هەیە) و ڕۆیشتوون بۆ شەڕ لەگەڵ گروپە تێرۆریستیەکاندا لە سوریا و عێراق، یان بۆ پشتگیریکردن لێیان. لە تشرینی یەکەمدا، بەلای دادگای فیدراڵیەوە ٧٥٠ کەس بوون، بەلای سۆوفانەوە کە دەزگایەکی ئامۆژگاریە ژمارەی ئەو کەسانە ٧٦٠ بوو. بەلای وەزارەتەوە %٣٠ ئەوانە هێشتا لە ناوچەکانی جەنگدان، بەڵام ٢٥٠ کەسیان گەڕاونەتەوە  بۆ ئەڵمانیا. نزیکەی سەد کەسیان مردوون و بیست لەوانە لە بواری پەلاماردانی خۆکوژیدا بوون.
%٤٠ ی ئەو کەسانە ڕەگەزنامەی ئەڵمانییان وەرگرتووە، %٢٠ دوو ڕەگەزنامەی هەیە (ئەڵمانی و یەکێکی تر)، ئەوانەی تر لە ئەڵمانیاوە ڕۆیشتوون بەڵام ڕەگەزنامەی ئەڵمانییان نیە. %٢٠ یان ئافرەتە؛ لەمانە %٥ ی کەمتەمەن بوو لە کاتی ڕۆیشتنەکەیدا و ئەوانەی تر تەمەنیان نەدەگەیشتە ٣٠ ساڵ. %١٢ چوونەتە سەر ئایینی ئیسلام. زۆربەیان لە ناوچەکانی سەرەوەی ڕێنۆ و ڤێستفالیا و ئاسسیاوە دێن، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش لە شاری بەرلینەوە لە هەرێمی بەڤاریاوە دێن هەروەها لە هامبورگەوە. زۆر لەوانە لە کاتی ڕۆیشتنیاندا بێئیش و کار بوون، یان لە ڕیزە ساکارەکانی (ئەو ئیشانەی پێویستیان بە خوێندنی کەمە) ئیشدا بوون؛ زیاد لە نیوەیان لەلایەن پۆلیسەوە دەناسران. ڕاپۆرتێکی وەزارەت سەبارەت بە ڕادیکاڵکردن ئەوە دیاری دەکات کە زۆرجار لە ساڵێک کەمتریش پێویست بووە بۆ بە ڕادیکاڵکردنی هەندێ کەس.

ئیرلەندا-  لە کانونی دووەمی ٢٠١٥ دا پۆلیسی ئیرلەندی پێیوابوو کە ٣٠ کەس ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە بۆ خۆ گەیاندنە سوریا و عێراق.

ئیتالیا- بەلای وەزارەتی ناوخۆوە، ٨٧ چەکدار لە ئیتالیاوە ڕۆیشتوون لە نێوان کانونی دووەمی ٢٠١١ تا تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، ٥٧ کەس لەوانە تا ئێستا لە ناوچەکانی جەنگدان و ١٨ کەسیان مردوون. بەلای کەمەوە ١٥ کەسیان تێکەڵاوی داعش بوون و دوو کەس لەگەڵ بەرەی نوسرە و حەوت کەس لەگەڵ هێزەکانی تری بەرهەڵستکاریدان. تەنیا ١٢ کەسیان پاسپۆرتی ئیتالییان هەیە.

لیتوانیا- بەلای حکومەتی لیتوانیەوە تا ئێستا ئەو وڵاتە هیچ ڕووداوێکی دەربارەی چەکدار تۆمار نەکردووە. 

لوکسەمبورگ- لیژنەی باڵای پاراستنی نەتەوەیی ئەوە ئاشکرا دەکات شەش کەس کە دوانیان هاوسەربوون، ئەو وڵاتەیان جێهێشتووە و ڕۆیشتوون بۆ جەنگ لە سوریا و عێراق. پێنج لەوانە هاووڵاتی لوکسەمبورگی نەبوون؛ هەموویان پەیوەندیان بە سەنتەرە ئیسلامیەکانەوە هەبووە.

ماڵتە- زۆر سەرچاوەی ڕەسمی، دانیان بەوەداناوە کە هیچ جۆرە زانیارییەکیان نیە دەربارەی هەبوونی چەکدار لە وڵاتەکەیاندا.

هۆڵەندا- بەلای دەزگای پاراستن و دادوەریی وەزارەتەوە، هەتا تشرینی دووەمی ٢٠١٥، ٢٢٠ کەس هۆڵەندایان (دانیشتوانی هۆڵەندا ١٧ ملیۆن کەسە) جێهێشتووە بۆ ئەنجامدانی کاری جیهادی، ٤٠ کەسیان گەڕاونەتەوە بۆ هۆڵەندا و ٤٢ کەسیان مردوون و١٤٠ کەسی تریان هێشتا لە سوریا وعێراقن. زۆربەی زۆری مردووەکان سەر بە داعش بوون و هەموویان پیاو بوون، هەرچەندە ژمارەی ئافرەتانیش لەناوگروپە هۆڵەندییە چەکدارەکەدا کەم نیە. زانیاریی گشتی لەو بارەیەوە تاڕادەیەک کەمە: هەندێ لێکۆڵینەوە دەریدەخەن کە تەمەنی مامناوەندی چەکدارەکان نزیکی ٢٥ ساڵە، باری ئابوری و کۆمەڵایەتیان لە چینە نزمەکانە، ڕادەی خوێندەوارییان نزمە، ئەمە وایکردووە کە لە بواری بازاڕی کارکردندا بە کێشەبن.
ئەو کەسانە لە ناو خێزانە کۆچکەرەکاندا (مەغریبی، سۆمالی، کەرایبی، تورك)  گەورەبوون و هەندێکیشیان بە ڕەگەز هۆڵەندیی ڕەسەنن. زۆربەیان تۆمەتباری تاوانی هێنان و بردن و بەکارهێنانی دەرمان (مخدرات) کراون. زۆریان دڵنیابوون کە ناتوانن ئاستی ژیانیان بەرز بکەنەوە لە ناو کۆمەڵگای هۆڵەندیدا؛ بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکەوە سەبارەت بە چەکدار، دەردەکەوێت کە زۆربەی ئەو کەسانە کێشەی هەڵسوکەوتیان هەبووە و باری سایکۆلۆژییان بێ هێزبووە. زۆر لە چەکدارەکان لە شاری لاهاوە دێن، هەروەها لە شارەکانی تری دێلفت، زویتیرمیر، گۆئدە و ئارنهیمیشەوە. 
  
پۆڵۆنیا- لە نێوان٢٠ تا ٤٠ هاووڵاتی پۆڵۆنی دەشێ ڕۆیشتبن بۆ سوریا و عێراق، بەڵام لە کاتی ڕۆیشتنەکانیاندا زۆربەیان لە وڵاتەکانی تری ئەوروپا نیشتەجێبوون. لە ناو ئەوانەدا پیاوێکی تیابوو کە پەلاماردانێکی خۆکوژیی ئەنجامدا دژ بە مەڵبەندێکی پاڵاوتنی نەوت لە عێراق لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا لەگەڵ سێ چەکداری تردا.

پرتوگال- دەزانرێت کە نزیکەی دوانزە کەس هاووڵاتی پرتوگالی، یان دانیشتووی پرتوگال ڕۆیشتوون بۆ سوریا و عێراق لە ساڵی ٢٠١١ وە، پێنج لەوانە دەشی مردبن: دوانیان لە بۆمبارانکردنێکی فڕۆکەییدا لە کۆبانێ، یەکێک لە پەلاماردانێکی خۆکوژیدا و دوانی تر، کە باوک و کوڕەکەی بوون، لە کاتی جەنگدا کوژراون. زۆربەیان چوبوونە سەر ئایینی ئیسلام  بە ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی سەفەرەکەیان بکەن.
زۆربەیان خەڵکی شوێنە داگیرکراوەکانی کۆنی پرتوگال بوون، یان ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی وڵات ژیاون، زۆربەیان لە وڵاتەکانی تری ئەوروپادا نیشتەجێبوون وەکو (فرەنسا، هۆڵەندا، ئینگلترا) و هەروەها زۆربەیان دوو ڕەگەزنامەیان هەبوو. پێنجیان لە شاری لێیتۆنی نزیک لەندەن دەژیان، هەروەها یەکێکی تریان کە ئافرەتێکی پرتوگالی/هۆڵەندیە لە هۆلەندا نیشتەجێ بووە و ڕۆیشتووە بۆ سوریا بۆ شووکردن بە چەکدارێکی پرتوگالی.

ئیسپانیا- بەلای وەزارەتی ناوخۆوە، لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥ دا ١٣٩ چەکدار ئیسپانیایان (ئیسپانیا نزیکەی ٤٧ ملیۆن دانیشتووی هەیە) جێهێشتووە و ڕۆیشتوون بەرەو سوریا و عێراق ، ٢٥ لەوانە گەڕوانەتەوە بۆ ئیسپانیا، %١٠یان ئافرەت بوون. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ئیسپانی لەو ٢٠ کەسەی کە ڕۆیشتبوون بۆ سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ دا یانزەیان هاووڵاتی ئیسپانی بوون، ٩ کەسەکەی تریان مەغریبی بوون و لە ئیسپانیا دەژیان، تەمەنیان لە نێوان ٢٠ تا ٣٠ ساڵدا بوو. زۆربەیان هاوسەرو مناڵیان هەبوو، هەروەها بێ ئیش بوون، ئیشکەری کەمخوێندەوار بوون لە کاتی سەفەرەکەیاندا. زۆربەیان لە مەڵبەندی سێوتە لە ئەفریقاوە دەهاتن، هەروەها لە جیرۆنە و مالەگا. هەندێکیان لەلایەن پۆلیسی ئیسپانییەوە ناسراوبوون، بەتایبەت لە سێوتە لە هێنان و بردنی دەرمان (مخدرات) دا تێوەگلابوون. لە بیستەکە سێ هاووڵاتیی ئیسپانی مردوون بەهۆی  پەلاماردانی خۆکوژیەوە.
 بریتانیا- بەلای Uk Office for Security and Counter    Terrorism (Osct) نزیکەی ٧٠٠ کەس ڕۆیشتوون بۆ سوریا و عێراق لە ساڵێ ٢٠١١ وە، ٣١٥ لەوانە هێشتا لە ناوچەکانی جەنگدان، زیاتر لە نیوەیان گەڕاونەتەوە بۆ بریتانیا و نزیکەی ٧٠ کەسێکیشیان مردوون. زۆربەیان تێکەڵاوی داعش بوون و ڕەگەزنامەی ئینگلیزییان هەیە، تەمەنیان زیاتر لە نێوان ١٨ تا ٣٠ ساڵە. زۆربەیان موسڵمانن. هەرچەندە یەک هۆکار نیە کە هەموویان پێکەوەببەستێتەوە، هەندێ لێکۆڵینەوە ئەوە دەخەنەڕوو کە زۆربەی چەکدارەکان بەڕەگەز خەڵکی ئاسیای خواروون و هەندێکیان توانیویانە لە زانکۆ بخوێنن.

کۆماری چیك- بەلای وەزارەتی ناوخۆوە هیچ ڕووداوێک نیە ئەوە دیاری بکات کە هاووڵاتیەکی چیکی ڕۆیشتبێت بەرەو ناوچەکانی شەڕ لە سوریا و عێراق بۆ هاریکاریکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تێرۆریستیەکاندا.

ڕۆمانیا- بەلای دەسەڵاتدارێتی ڕۆمانیاوە،  لەو وڵاتەدا بوونی هیچ چەکدارێک تۆمارنەکراوە، هەندێ سەرچاوەی تر پێیانوایە چەکدارێک یان زیاتری ڕۆمانی لە سوریا و عێراق بێت.

سلۆڤاکیا- نزیکەی ٦ هاووڵاتی سلۆڤاکی بوون بە چەکدار، سیانیان دەبێ مردبن، زۆربەیان تەمەنیان نەدەگەیشتە ٣٠ ساڵ.

سوید- لەوە دەچێت ٣٠٠ هاووڵاتی سویدی یان دانیشتووی سوید (کە ٩،٦ ملیۆن دانیشتووی هەیە) ڕۆیشتبێتن بۆ سوریا و عێراق. زۆربەیان لە ناوچەی گۆیتێبۆرگەوە دێن لە سویدی باشوور. 

هیچ زانیارییەک نازانرێت سەبارەت بە یۆنان و هەنگاریا. ئەو وڵاتانەی کە زیاتر چەکداریان هەیە، بە ڕیز بریتیین لە؛ بەلجیکا (٤١ چەکدار لەسەر هەر یەک ملیۆن دانیشتوان)، نەمسا (٣١)، سوید (٢٨)، دانیمارک (٢٢)، فرەنسا (١٤)، فینلەندا (١٣)، هۆڵەندا (١٣)، لۆکسمبورگ (١١)، بریتانیا (١١)، ئەڵمانیا (٩)، ئێرلەندا (٦)، ئیسپانیا (٣)، سلۆڤێنیا (٢)، ئیتالیا، لێتتۆنیا، پۆلۆنیا، پرتوگال و سلۆڤاکیا (١)، بولغاریا، کرواتیا، کۆماری چیک، ماڵتا، لیتوانیا و ڕۆمانیا (٠) چەکدار لەسەر هەر یەک ملیۆن لە دانیشتوان . 
       
    






created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure