چەکدارەکانی یەکێتی ئەوروپا وڵات بە وڵات

بۆچوون / بیروڕا :: 09/06/2016

سەرچاوە: ئەدنكرۆنۆس
وەرگێڕان: كاوە رەسوڵ

 

بەشی یەكەم

ئەو چەکدرانەی کە لە وڵاتەکانی  یەکێتی ئەوروپاوە ڕۆیشتوون بەرەو سوریا و عێراق بۆ جەنگ چەند هەزار کەسێکن، لە نێوان ٣.٩٢٢ تا ٤.٢٩٤ کەسن. 

زۆربەیان کە ٢.٨٣٨ کەسن، لە چوار وڵاتی ئەوروپیەوە ڕۆیشتوون: بەلجیکا، فرەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا. بەلجیکا، لە مانگی ئازاردا دوو پەلاماری خوێناویی لە دوو شوێنی جیاوازدا تیا ئەنجامدرا زۆرترینی چەکدارەکانی لێوە ڕۆیشتووە لەسەر ئاستی دانیشتوانی ٤١ کەس لەسەر هەر یەک ملیۆن دانیشتوان، لە ئیتالیا ١ کەسە بۆ هەر یەک ملیۆن دانیشتوان. ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان بە مەترسیەکی بەهێز دیاریدەکرێن و نزیکەی %٣٠ ن، واتە لە نێوان ١.١٧٦ و ١.٢٨٨ کەسن. 

ئەم سەرژمێری و لێکۆڵینەوەیە، بۆ نرخاندنی دیاردەی چەکداریی  لە  لایەن (Icct)  rorismTer Counter for  Center International ی شاری لاهای هۆڵەندیەوە ئەنجامدراوە.

ژمارەکان تەنیا بە شێوەیەکی خەمڵێنیە، چونکە زانینی ژمارەی تەواو لەو بارەیەوە ئاسان نیە، لەبەر چەند هۆیەک،  (دیاریکردنێکی تەواو دەربارەی چەکداری ئیسلامیی نیە؛ دەشێ چەند جارێك هەمان کەس بژمێردرێت لە بواری جیاوازدا؛ دەسەڵاتداران سوورنین و بەشکن و زۆرجار زانیاریی بڵاوناکەنەوە؛ ناڕێکیی هەیە لە دیاریکردنی چەکدار و تێرۆریستدا، و هیتریش). بەڵام ڕاپۆرتەکەی Icct کە لەسەر ڕۆژنامە ئیتالیەکان بە کتوپڕی بڵاوبووەوە، وێنەیەکی ئاشکرای دەربارەی ئەو دیاردەیەی کە زۆر باسی لێوە دەکرێت ڕوونکردەوە، هەرچەندە بەشێوەیەکی وردەکاریانە نیە. 

لەو (٣.٩٢٢ تا ٤.٢٩٤ ) چەکدارە ئەوروپیانە %١٤ ی مردووە (دانیپیانراوە)؛ نزیکەی هەموویان (لەنێوان ٩٠ تا %١٠٠) لە شارە گەورەکان و گەڕەکە قەراغ شاریەکانەوە دێن؛ ڕەگەزنامەێتیان بەوەناچیت کە زۆر گرنگی هەبێت؛ لە سەدانێکیان واتە لە (نێوان ٦ تا %٢٣) ئەو کەسانەن کە چوونەتە سەر ئایینی ئیسلام، واتە کەسانێک کە لە پێشوودا ئیسلام نەبوون؛ زۆر لە وڵاتەکان زانیوویانە کە ڕاکێشان بەرەو ئایینی ئیسلام بەشیوەیەکی زۆر خێرا بووە، یان بە شێوەیەکی نائاشکرا ئەنجامدراوە.  %٧ی چەکدارەکان ئافرەتن. ڕاپۆرتەکە وێنەیەکی ئاشکرای ئەو دیاردەیەی ئەوروپا  (٢٦وڵات لە سەر ٢٨) وڵات بە وڵات تا ڕادەیەک لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو.

نەمسا- هەتا مانگی ئەیلولی ٢٠١٥، ٢٣٠ کەسی دیاریکراو ئەو وڵاتەیان بەجێ هێشتووە و ڕۆیشتوون بۆ سوریا و عێراق؛ لێکۆڵینەوەیەکی کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی ئەو کەسانە دەگەێنێتە ٣٠٠ کەس. بەلای وەزارەتی ناوخۆی نەمساوە، ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە گەڕاونەتەوە دەشێ لە ٧٠ کەس زیاتر بێت. هەتا ٩ی مانگی شوباتی ٢٠١٥، بەبۆچوونی وەزارەتی ناوخۆ، ١٧ ئافرەت نەمسایان بەجێهێشتوە بۆ گەیشتنە ناو ئەو خاکانەی کە لەلایەن داعشەوە داگیرکراون؛ هەندێک لەوانە هێشتا کەمتەمەن بوون کاتێک ڕۆیشتوون. خزمەکانیان بە زۆری خەڵکی چیچان (کچە کەمتەمەنەکان هەموو لەدایکبووی  ئەو وڵاتە بوون)، تورک و بەڵکانی بوون ، تەمەنیان لە نێوان ١٨ تا ٣٥ ساڵ بوو.

بەلجیکا- بەپێێ نوێترین لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو چەکدارانەی کە لە بەلجیکاوە ڕۆیشتوون بەرەو سوریا و عێراق لە ساڵی ٢٠١١ وە، لە نێوان ٤٢٠ تا ٥١٦ کەس دەبن، زۆرترینی هەموو ئەوروپا لەسەر ئاستی دانیشتوانی وڵاتەکەیان، (بەلجیکا تەنیا ١١،٢ملیۆن دانیشتوانی هەیە). لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا ١٨٠ تا ٢٦٠ چەکداری بەلجیکی ماونەتەوە؛ نزیکەی ٦٠ تا ٧٠ چەکداریان کوژراون، زیاتر لە بواری جەنگدا. ئەوانەی کە گەڕاونەتەوە بۆ بەلجیکا نزیکەی ٥٥ تا ١٢٠ کەس دەبن، ٥٠ کەسی تر هەوڵی ڕۆیشتنیان دابوو بەڵام ڕێبڕیان لێکراوە و دەستگیرکراون.

لەسەر ئەو ٥١٦ کەسە ٤٧ ئافرەتن و %٦ ی چوونەتە سەر ئایینی ئیسلام، تەمەنیان جیاوازە، لە نێوان ١٤ تا ٦٩ ساڵدایە (ڕێژەی ناوەندیان ٢٥،٧ ساڵە). لەو ٢٦٦ کەسەی کە بنەچەیان دەناسرێت، ١٠١ ی لە شاری بروکسێلەوە دێن (٢٤ لەمانە لە مۆلێنبیکەوە)، هەروەها (٧٢ کەس) لە شاری ئەنڤێرسەوە، (٢٨) لە شاری ڤیلڤوردێ، (١٤) لە شاری مالینێس ؛ ٧٩ کەسیان پەیوەستن بە گروپێکەوە کە ناوی  شەریعە٤بەلجیکایە. 

بەلای کەمەوە ٥ چەکداری بەلجیکی بۆ ڕژێمی ئەسەد تێدەکۆشن، هەروەها ١١٢ لەگەڵ داعشدان و ١٧ لەگەڵ بەرەی نوسرەن. لەسەر کۆی هەمووی %٤٥ ی لە هەرێمی فیامینگەوە دێن، %٤٥ لە شاری بروکسێلەوە و تەنیا %١٠ی لە شاری ڤاللۆنیاوە دێن.

بولغاریا- بەلای وەزارەتی ناوخۆی بولغاریاوە، هیچ ڕووداوێک نیە تۆمارکرابێت سەبارەت بە چەکداری بە ڕەگەزنامەی بولغاری، هەرچەندە هەندێ سەرچاوەی تر پێیان وایە کە نزیکەی ١٠ چەکداری بولغاری لە سوریا وعێراق بن.

قوبرس- هیچ ڕووداوێک تۆمارنەکراوە دەربارەی هەبوونی چەکداری قوبرسی؛ لێکۆڵینەوەیەکی پۆلیس لەسەر پێنج هاووڵاتی سەبارەت بەوەی کە گوایە کارئاسانیان کردبێت بۆ هاتوچۆی چەکدار، بێ بەڵگە بوو. بەهەرحاڵ وا پێدەچێت قوبرس وڵاتێ پەڕینەوە بێت: بەلای کەمەوە ١٢ چەکداری بریتانی و هەندێ هۆڵەندی بە قوبرسدا تێپەڕیون پێش ئەوەی بگەنە سوریا و عێراق.

کرواتیا- تەنیا دەربارەی یەک ڕووداو دەزانرێت، ئەوەی دەربارەی ئافرەتێکی ٢٧ ساڵی کرواتیە، چووەتە سەر ئایینی ئیسلام لە بریتانیا و پاشان ڕۆیشتووە بۆ سوریا لەگەڵ مێردە بۆسناییەکەیدا و پاشان مێردەکەی کوژراوە بەهۆی بۆردومانێکی ئەمریکیەوە لە ناوچەی ڕەققە (ئافرەتەکە برینداربووە). 
 ڕایدەگەێنێ، بێئەوەی ناوی هیچ Us Department of State Bureau of Diplomatic Security (Osac)
سەرچاوەیەک ببات، کە هەندێ ئافرەتی کرواتی بە ناوچەکانی جەنگدا تێدەپەڕبوون و ڕۆیشتوون بۆ جەنگ چونکە تەنیا هاوسەری هەندێ چەکداری بۆسنایین، لە سەنتەرە سەلەفیەکانی بۆسنیای هێرزگۆڤینەوە هاتوون (بە تایبەت لە گۆرنژە ماوکە، لە سەرووی خۆرئاوای ئەو وڵاتەوە). 

دانیمارک- بەلای دەزگای پۆلیسی نهێنیی دانیمارکیەوە، لانیکەم ١٢٥ کەس ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە بۆ خۆگەیاندنە سوریا و عێراق لە سەرەتای مانگی یەکی ٢٠١١ وە، سێیەکێکی ئەو گروپە هێشتا لە ناوچەکانی جەنگدان. بەلای کەمەوە ٢٧ کەس لە بواری جەنگدا کوژراون، هەندێکیان بەهۆی پەلاماردانی خۆکوژیەوە. هەرچەندە زۆربەیان تێکەڵاوی هێزەکانی داعش بوون، چەند کەسێکی کەمی کورد و شیعە چوون بۆ ناوچەکانی جەنگ بۆ تێکۆشان دژ بە داعش و گرووپە بەرهەڵستکاریەکانی تر.
چەکدارە دانیمارکیەکان ڕەگەزی جیاوازیان هەیە، هەروەها دانیمارکی ڕەسەنیشیان تیایە؛ زۆربەیان موسڵمانی سوننین. ئافرەت لە ناویاندا نزیکەی %١٠ یە. چەکدارەکان زیاتر سەر بە سەنتەرەکانی شاری کۆپێنهاگن، ئارهوز و ئۆدێنسێن؛ نزیکەی ٢٢ کەسیان لە ئارهوزەوە دێن، کە هاموشۆی مزگەوتی گریمهۆژڤیژیان کردووە، ئەم مزگەوتە هەروەها ڕازی نەبووە داعش تاوانبار بکات. نزیکەی نیوەی ئەوانەی کە ڕۆیشتوون بۆ جەنگ لەلایەن پۆلیسەوە ناسراون بەهۆی کاری تاوانباریی پێشوویانەوە. 

ئێستۆنیا- بەلای لایەنە گشتیەکانەوە، تەنیا دوو چەکداری ئێستۆنی هەیە: یەکێکیان چووەتە ڕیزەکانی داعشەوە، ئەوەیتریان لەگەڵ هێزە کوردیەکاندا تێدەکۆشێت دژ بە لایەنە ئیسلامیەکان. یەکێک لەو دوانە هێشتا لە ناوچەکانی جەنگە و ناخوازێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.

فینلەندا- هەتا مانگی ئابی ٢٠١٥، بەلای کەمەوە ٧٠ کەس ڕۆیشتوون بۆ سوریا و عێراق، نزیکەی ١٢ لەوانە مردوون و ٣٥ی تر هێشتا لە ناوچەکانی جەنگدان. زۆربەیان کەمتەمەنن و یان بیست ساڵەن، سێیەکێکیان تەمەنیان لە نێوان ٣٠ تا ٥٠ ساڵدایە. نزیکەی %٢٠ یان ئافرەتە و لە ١٩شوێنی جیاوازەوە دێن؛ زۆربەیان لە فینلەندا لەدایکبوون و هەر لەوێ گەورەبوون، لە شارەکانی هێلسینکی و تورکو وەوە دێن.

فرەنسا- ژمارەی ئەو فرەنسییانەی کە ڕۆیشتوون بۆ سوریا و عێراق هەتا تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ زیاتر لە ٩٠٠ کەسە (ژمارەی دانیشتوانی فرەنسا ٦٦ ملیۆن کەسە، شەش جار زیاتر لە دانیشتوانی بەلجیکا)؛ ژمارەی ئەو فرەنسیە ڕادیکاڵیانە و ئەوانەی کە بەستراونەتەوە بە تۆڕە جیهادیەکانەوە کە مەرج نیە ڕۆیشتبن بەرەو سوریا و عێراق، نزیکەی ٢ هەزار کەسە. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٥ دا نزیکەی٥٧٠ کەس هێشتا لە ناوچەکانی جەنگدا بوون، لەمانە ٢٠٠ کەسیان ئافرەت بوون؛ نزیکەی ١٤٠ی مردوون (لەوانە ١٠ ی لە پەلاماردانی خۆکوژیدا) و ٢٤٦ گەڕاونەتەوە بۆ فرەنسا.
هەروەها، ٨٥ کەسی کەمتەمەن پەیوەست بوون بە تۆڕە جیهادیەکانەوە و ١٠ کەس لەوانە لە سوریا و عێراقن. %٧٥ چەکدارەکان چوونەتە ڕیزی هێزەکانی داعشەوە، %٢٥ لەگەڵ بەرەی نوسرەدان. لە فرنسا چەکدارەکان وەکو ئەوانەی وڵاتانی تر نین، ئەمانە لە هەموو هەرێمەکانەوە دێن و سەر بە هەموو چینە جیاوازە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانن؛ زۆربەیان کوڕی گەنجن و لە پێشوودا تاوانی کۆمەڵایەتیان لەسەر تۆمارکراوە، لە هەمانکاتدا ئافرەتەکانیش زۆرن، تەنانەت هەندێ خێزانیش بە گشتیانەوە، داخوازبوون کە بگوازنەوە و بڕۆن بۆ ناو خەلافەت و لەوێ بژین. ئەو چەکدارە فرەنسیانەی  چوونەتە سەر ئایینی ئیسلام %٢٣ ی چەکدارەکانن.





created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure