حكومەت موهیمترە

بۆچوون / بیروڕا :: 08/06/2016

دواڕۆژ

 
+ ئیتر باسی ریفراندۆمم بۆ بكەی خوا هاوار.
- حەزت لێ‌ نەماوە بەگم؟

+ نەوەڵـڵا. حاشا لە هەزار میلـلەت و لە هەزار ریفراندۆمی وا.
- ئاگات لەخۆت بێ‌ گەورەم. ئەگەر بزانن رەئت وایە لەسەر ریفراندۆم، فەیسبوكت بۆ پڕ ئەكەن لە جنێو.

+ بوختان مەكە هەتیو.. خەڵكی سویسرا چووزانن جنێو بدەن!!
- ئۆووو.. ئەمە تۆ باسی ریفراندۆمەكەی سویسرا ئەكەی؟

+ ئەی تەبعەن. حكومەت وتی كولـلی نەفەرێكتان مانگی دوو هەزار و پێنجسەد فرانكی بەلاشتان ئەدەمێ‌، كەچی ئەو بێ‌ ئەقڵانە بەناخێری گیانیان لە ریفراندۆما رەتیان كردەوە. وتیان نامانەوێ‌...
- كوڕە ئەیانەوێ‌ نایانەوێ‌ جاڕ بەجەهەنم. من ترسام جەنابت دژی ریفراندۆمەكەی لای خۆمان بیت.

+ خۆمان یەعنی كێ‌؟ 
- یەعنی كورد.

+ باشە بزانم ئەزانی بۆچی پێمان ئەڵین كورد؟
- بە دەقیقی نەوەڵـڵا.

+ لەبەر ئەوەی ئەتوانین هەموو شتێك كورت بكەینەوە. مەسەلەن من زەلامێك ئەناسم كتێبە هەرە گەورەكەی ماركسی كردووە بە مەلزەمەیەكی چل لاپەڕەیی.
- رەبیی ماشەڵڵای لێ‌ بێ‌. بەڕاستی موهیمە!

+ موهیمە وایە. بەڵام حكومەت لەو موهیمترە.
- چۆن؟
+ چاك.. ئەوە نی یە ماعاشی شەش مانگمان بۆ كورت ئەكاتەوە لە روبعە مەعاشی مانگێكدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە