چۆن یەعنی؟

بۆچوون / بیروڕا :: 07/06/2016

تەلەبە: ئەرێ‌ ئوستاز!
مامۆستا: گیانی ئوستاز.
تەلەبە: بۆم دەركەوتووە زەمانی (مەحوی)ش تۆم و جێری هەبوون!
مامۆستا: چۆن یەعنی؟
تەلەبە: چاك. ئەوە نی یە ئەڵێ‌ لەكن تۆم دوژمنە دنیا؟
     ***** 
خوێنەر: ئەزانی ئەو عەمودنووسەی بەڕێزتان برینەكەی ئێمەی لێ‌ بووە بە خەیار.
سەرنووسەر: تێ‌ ناگەم، چۆن یەعنی؟
خوێنەر: یەعنی قوڕمساغە خوێی پێوە ئەكات.
     ***** 
كارمەندی یەكەم: بەسەری باوكم جەنابی وەزیر وەزیریشە و وەزیریش نی یە. رێك عەینەن راپەڕین.
كارمەندی دووەم: چۆن یەعنی؟
كارمەندی یەكەم: ئاخر راپەڕینیش نە بەشێكە لە سلێمانی و نە بەشێكیش نی یە لێ‌ ی.
     ***** 
ئەحمەد: ئێستا موهیمترین دەوڵەتی عەرەبی عیبارەتە لە قەتەر.
مەحمود: قەتەر؟! وەڵـڵا ببێ‌ بە نازانم چیش بەهیچی نازانم. قەتەری خوێڕی چی یە؟ هەر هیچ نی یە.
ئەحمەد: چۆن یەعنی؟
مەحمود: چاك.. ئێمە مەكتەب سیاسی وامان هەیە بە قەدەر نفوسی قەتەر بەس پۆستی هەیە.
     ***** 
ناڕازی: لە سایەی ئەم حكومەتەوە خەستەخانەكانیشمان پڕبوون لە میكرۆب.
مەسئول: میكرۆب هەتیو؟
ناڕازی: بەڵێ‌ میكرۆب.. بەڵام میكرۆبی پاك و تەمیز.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure