چۆن سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى هیلارى سه‌ركه‌وتوبوو بۆ ئێران؟

بۆچوون / بیروڕا :: 06/06/2016

سه‌رچاوه‌: ده‌بكه‌فایل
هیلارى كلینتۆن، هه‌ڵبژێردراوى دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا، ڕۆژى پێنج شه‌ممه‌ 2 ى حوزه‌یرانى 2016 له‌ لیدوانێكیدا سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ وتى: ئێمه‌ ئێستا پارێزراوترین به‌ به‌راورد به‌ جارانى پێش ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ (ڕێككه‌وتننامه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ ئێران)."
ماوه‌یه‌كى كه‌م پێش ئه‌م وتاره‌ى، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر تیرۆرى جیهانى و تیایدا ئاماژه‌ به‌ ساڵانى ڕابردووى كرابوو، له‌وكاته‌ى كه‌ ئێران له‌ پێشه‌نگى وڵاتانى تیرۆردابوو، به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران هاوكاریی گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان و میلیشیاكانى لوبنان و سوریا و عێراق ده‌كات.
سێ ڕۆژ پێشتر، له‌ ڕۆژى 31 ى ئایارى 2016 دا زانایانى په‌یمانگاى زانست و ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، شیكردنه‌وه‌یه‌كى فراوانیان له‌سه‌ر دووه‌م ڕاپۆرتى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ڤیه‌ننا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ كاریان چاودێریكردنى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێرانه‌ و به‌تایبه‌تیش ئه‌وه‌ى كه‌ ئایا تاران تاكو چه‌ند پاپه‌ند ده‌بێت به‌ به‌ڵێنه‌كانیه‌وه‌؟.
ڕاپۆرته‌كه‌یان له‌ژێر ناونیشانى: دووه‌م پلانى گشتگیرى هاوبه‌شى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تى: زانیارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان هێشتا بزرن.
زانا ئه‌مریكیه‌كان هه‌ڵه‌یان له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تیدا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئیداره‌كه‌ى ئۆباما و ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تی هاوكارى یه‌كتریان كردووه‌ له‌ شاردنه‌وه‌ى پێشێلكاریه‌كانى ئێراندا.
زاناكان هه‌ندێك نموونه‌ى ئه‌و هه‌ڵانه‌یان باسكردووه‌:
له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یاندا هه‌ندێك زانیارى كه‌مبووه‌، له‌وانه‌ نموونه‌ى پێشكه‌وتوو و چۆنیه‌تى كاركردن و ڕێژه‌ى به‌رهه‌مهێنانى یۆرانیۆم له‌ كێڵگه‌ى نه‌تنه‌ز به‌ هه‌مانشێوه‌ له‌ كێڵگه‌ى ژێرزه‌مینى فۆردۆش. هیچ زانیارییه‌كى تیا نیه‌ كه‌ ئاخۆ چى به‌سه‌ر ئه‌و 20% یۆرانیۆمه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌دا هاتووه‌ كه‌ به‌رهه‌میانهێناوه‌ و هێشتا له‌ناو ئێراندایه‌؟.
نموونه‌یه‌كى تر نه‌بوونى زانیارییه‌ له‌سه‌ر ئاوى قورسى ئێران كه‌ پێشتر له‌ عه‌ممان هه‌ڵگیرابوو کە بۆ كێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و كێ سه‌رپه‌رشتى ده‌كات؟.
ئه‌مانه‌ ته‌نیا چه‌ند نموونه‌یه‌كى كه‌من له‌و هه‌ڵانه‌ى كه‌ له‌ چاودێریكردنى به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێراندا كراون و ئاماژه‌ به‌ ڕێگریكردن له‌ به‌رنامه‌ى مووشه‌كى بالیستى ئێرانى نه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌و مووشه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك دروستكراوه‌ له‌ توانایدایه‌ بگاته‌ ئه‌مریكا.
ئیداره‌كه‌ى ئۆباما له‌سه‌ر ڕێككه‌وتنى نێوده‌وڵه‌تى له‌گه‌ڵ تاران بونیادنرابوو و تاجى ڕێككه‌وتنى ئه‌تۆمى خسته‌سه‌ر، له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانى پێشكه‌وتنێكى گه‌وره‌  له‌ په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا. مه‌به‌ستى ئه‌وه‌بوو كه‌ پێكهاته‌ سیاسیه‌ میانڕه‌وه‌كان و چاكسازه‌كان و بیره‌ ئازاده‌كان له‌ ئێران به‌هێز بكات. به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانى ده‌بكه‌فایل و پسپۆڕه‌ ئێرانیه‌كان ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاند كه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ى ڕوویداوه‌. ئه‌وه‌ش به‌ ئاشكرا دیاره‌ دواى ئه‌و دوو هه‌ڵبژاردنه‌ گرنگه‌ى كه‌ له‌ دوو هه‌فته‌ى ڕابردوودا له‌ ئێران ئه‌نجامدران.
له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پسپۆڕاندا، كه‌ له‌م ئه‌نجومه‌نه‌دا سه‌ركرده‌كانى لوتكه‌ى ئێرانى دیاریده‌كرێن، ئایه‌توڵا ئه‌حمه‌د جه‌ننه‌تى 91 ساڵ هه‌ڵبژێردرا. كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ ئێراندا.
دواى چه‌ند ڕۆژێك، عه‌لى لاریجانى بۆ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى ئێران هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌. لاریجانى زۆر نزیكه‌ له‌ ئایه‌توڵا عه‌لى خامنه‌ییه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا به‌سه‌ر كاندیدى ریفۆرمخوازه‌كاندا سه‌ركه‌وت كه‌ له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن ڕۆحانیى سه‌رۆكه‌وه‌ پێشنیاركرابوو.
پێش 5 مانگ، كاتێك ئه‌نجامى سه‌ره‌تایى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئێران بۆ ئه‌نجومه‌ن و ئه‌نجومه‌نى پسپۆڕان هاته‌پێشه‌وه‌، ئیداره‌كه‌ى ئۆباما زۆر خۆشحاڵبوو. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا جۆن كیرى و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران موحه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌و كاته‌دا ڕایانگه‌یاند كه‌ كاتى سه‌ركه‌وتنى میانڕه‌وه‌كانه‌. 
چۆن ئه‌م میانڕه‌وانه‌ دیارنه‌مان له‌و كاته‌دا و چۆن بوون به‌ لایه‌نگرى توندڕه‌وه‌كان؟
ڕۆژى هه‌ینى 3 ى حوزه‌یرانى 2016، پێش كه‌متر له‌ 24 كاتژمێر دواى قسه‌كانى كلینتۆن له‌سه‌ر سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌، سه‌ركرده‌ى دیارى ئێران ئایه‌توڵا خامنه‌یى ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر سیاسه‌تى ئه‌مریكادا گێڕا و وتى: ئێران كۆمه‌ڵێك دووژمنى بچووك و گه‌وره‌ى هه‌یه‌، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌مریكا و بریتانیان، هه‌ر ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا كردارێكه‌ دژى سه‌ربه‌خۆیى ئێران. 

وه‌رگێڕان: هونه‌ر كه‌مال

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure