یان پۆتین یان ئەردۆغان

بۆچوون / بیروڕا :: 31/05/2016

دواڕۆژ
نوسینی: محەمەد عەلی فەرحات
سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا


شەڕی سوریا هۆکاری ناکۆکی نێوان تورکیا و ڕوسیا نییە هەرچەندە هاوپەیمانەکانی ئەو دوو لایەنە ڕووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە هەر لە باکوری حەڵەبەوە هەتا باشوری دیمەشق. کاربەدەستان لە ئەنقەرە و مۆسکۆدا مێژوو بە جۆش و خرۆشێکی وا دەخوێننەوە کە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە سیاسەتەوە، بۆ نموونە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکردەکانی حیزبە ئیسلامییەکەی جەخت دەکەنە سەر قۆناغی عوسمانی و گریمانەی تازەبوونەوەی دەکەن، ئەمەش واتە هێنانەوەکایەی پەیوەندییەکی سیاسی لەگەڵ ژینگە ئیسلامییە ئاسیاییەکاندا لە ڕوسیا و لە باشوری تورکیاوە هەتا دەگاتە چین، ئەم گێڕانەو ەیەش بە دڵنیاییەوە هاوشان دەبێت لەگەڵ دۆسیەکانی ناکۆکییە جیۆپۆلەتیکی و ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا. بەڵام ڤلادیمیر پۆتین ناچار نییە بە دەستکێشی نەرمەوە لە شۆڕشی بەلشەفی هەڵبگەڕێتەوە وەک چۆن ئەردۆغان لە رژێمی ئەتاتورکیی هەڵگەڕاوەتەوە کە بە‌هێزەوە ئامادەیە لە خانووەکەی و کۆشکە کۆمارییەکەی و سیمای شارەکاندا، بەتایبەت سیمای ئەنقەرەی پایتەخت. بارودۆخی پۆتین ئاسانترە چونکە  یەکێتی سۆڤیەت پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەکەی خۆی تەواوکردووە و شۆڕشی بەلشەفی بووە بە چیرۆکێک دەگێڕدرێتەوە و پۆتینیش لە نوسینگەکەیدا لە کریملن وا دەردەکەوێت کە لەژێر باری هەڵەکانی (بۆریس یەڵسن)ی سەرۆکی قۆناغی شۆک و بێسەروبەریدا نەبێت، ئەو شۆک و بێسەروبەرییەی کە پاش گۆرباچۆڤ هاتنە ئاراوە کاتێک بە شێوەیەکی گوماناوی فوی کرد لە دیوارەکانی کۆمۆنیزم و هەرەسیان هێنا.

پۆتین قەیسەرە و هیچ ڕێگرێکی لەبەردەمدا نییە، لە کاتێکدا کە ئەردۆغان هێشتا نەبووە بە سوڵتان و چەندین ڕێگری ناوخۆیی و دەرەکی لەنێوان ئەو و خەلافەتی عوسمانیدا هەن، هەرچەندە توانیویەتی بە سیستمی سەرۆکایەتی ئامادەکاری بۆ بکات.

پۆتین ناتوانێت تورکیا بە چاوێک ببینێت جیاواز لە چاوی کاترینی دووهەم و ئەو قەیسەرانەی دیکە کە ویستیان رێڕەوی سەر ئاوە گەرمەکان داگیربکەن و نەیانتوانی. ئەمەیە تورکیا، ئەو ڕێگرەی کە ناهێڵێت ڕوسیا گەرمایی پێ بگات و تەگەرە دروست دەکات بۆ پەیوەندیکردنی مۆسکۆ بەو وڵاتانەی دەریای ناوەڕاستەوە کە پێی دەگوترا دەریای شارستانییەکان.

ئەنقەرە و مۆسکۆ لە سوریادا ڕووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە، یەکەمجار لەڕێی هاوپەیمانەکانیانەوە پاشان ڕاستەوخۆ لەدوای ئامادەبوونی سەربازی ڕوسیا لە سوریادا واتە لە نزیک سنوورەکانی باشوری تورکیا و بەتایبەت پاش ئەوەی هێزە بەرگرییەکانی تورکیا فڕۆکە سۆخۆکەیان خستەخوارەوە و پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە پچڕا.

کەواتە یان پۆتین یان ئەردۆغان چونکە شەڕەکە لەنێوان دوو سەرکردە و دوو بەرنامەدایە و ئەو شەڕە لەنێوان ڕوسیا و تورکیادا ناکردەنی و بگرە قەدەغەشە کە نە ڕوسیا و نە تورکیا و نە کۆمەڵی دوەلیش ڕێگەی پێنادەن. لێدوانەکانی ئەو دوو سەرکردەیە تەنانەت لە شێوازە ئەرێنییەکانیشیاندا نیشانەی فێڵ و مانۆڕی هەردووکیانە. ڕۆژنامەکانی تورکیا لە زمانی پۆتینەوە دەڵێن مۆسکۆ پێی خۆشە پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا دروستبکاتەوە و چاوەڕێی هەنگاوی ئاشکرای ئەنقەرەیە کە دیارترینیان داوای لێبوردنکردنە لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە. جێگری سەرەکوەزیرانی تورکیاش لە وەڵامدا داوای گفتوگۆ دەکات چونکە ئەم دوو دەوڵەتە ناتوانن دەستبەرداری یەکتری ببن. ناوبراو نزیکدەبێتەوە لە داوای لێبوردنکردن کاتێک کە دەڵێت:(ئەگەر هێزی ئاسمانی تورکیا بیزانییایە فڕۆکەکە ڕوسییە بەجۆرێکی دیکە ڕەفتاری دەکرد). لەم کەشوهەوای مانۆڕ و فێڵ لەیەکترکردنەدا چاودێرەکان بڕوا بە قسەکانی ئەنقەرە دەکەن کە مۆسکۆ تۆمەتبار دەکات بە چەکدارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها باوەڕیش بە تۆمەتەکانی مۆسکۆ دەکەن کە دەڵێت ئەنقەرە پشتیوانی ئیسلامییەکانی ناو ڕوسیای فیدراڵ دەکات و چەکیان دەداتێ.

نە ڕوسیای قەیسەری دەگەڕێتەوە و نە تورکیای عوسمانیش، بەڵکو تاسەی گەڕانەوە بۆ ئەو دوو سەردەمە بەکاردەهێنرێت بۆ پشتیوانیکردن لە دەستەبژێرە خاوەن دەسەڵاتەکە لە هەردوو وڵاتدا و بەخشینی شکۆی قارەمانێتی و پیرۆزیی ئایینی بە پۆتین و بە ئەردۆغان، واتە پۆتین دەبێتە پاریزەری ڕوسیای پیرۆز و ئەردۆغان دەبێتە بەرگریکار لە ئیسلامی سیاسی، لانی کەم لەو ناوچانەی کە جاران سەر بە دەوڵەتی عوسمانی بوون. بەڵام قەیسەر و سوڵتان، لەبەر کۆمەڵە هۆکارێکی جیاواز توشی زنجیرەیەک کێشەی ئابووری و سیاسی و تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکادا بوونەتەوە و هیچ ئاسۆیەک لە ئارادا نییە بێجگە لە واقیعبینی سیاسی و وازهێنان لە دابەشکردنی وەهمەکانی مێژوو بەسەر هاوڵاتیاندا.

بە ئەردۆغان دەڵێین ئەوەی کە نەتوانێت هاونیشتمانییە کوردەکانی خۆی حوکم بکات شایستەی ئەوە نییە کاریگەریی هەبێت لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت بۆ سەر ئیسلامی تورکمانی هەروەها تورکمانە ئاسیاییەکانیش زۆرینەی ئیسلامی ئاسیایی پێکناهێنن تا ئەردۆغان هەوڵبدات کۆنترۆڵیان بکات و لەو ڕێگەیەوە گوشار بخاتە سەر ڕوسیا و چین.

هەروەها بە ئەردۆغان دەڵێین کە ئەفغانستان دەستی کردووە بە چاککردنەوەی کۆشکەکەی ئەمانوڵڵا خان لە کابوڵ وەک ئاماژەیەکی ئاواتخوستن بۆ ئەو پادشایەی کە هاوڕێی ئەتاتورک بووە و ویستوویەتی گەشەکردنێکی هاوشێوەی گەشەکردنەکەی تورکیای کەمالی لە ئەفغانستان بهێنێتە دی بەڵام پشتۆنە خێڵەکییەکان و پیاوانی ئایین شکستییان پێ هێنا. لە کاتێکدا کە ئەفغانستان کۆشکی گەشەکردنە هاوچەرخە شکاوەکەی چاکدەکاتەوە، ئەردۆغان لەسەرخۆ بەڵام بە کەللەڕەقی و ویستێکی بەهێزەوە کۆشكی هاوچەرخبوونی تورکیا دەڕوخێنێت بە بەڵێنی وەهمە عوسمانییەکە.

بە پۆتینیش دەڵێین ڕوسیا ناچارە پێویستییەکانی گەلەکەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا بهێنێتە دی نەک بێهودە هەوڵبدات سەردەمی قەیسەرەکان بگێڕێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure