لە هێلكە زیاتر

بۆچوون / بیروڕا :: 25/05/2016


+ خوا قەوەتت بدات گەورەم.
- عەمر درێژ بیت رۆڵە، بەس قەوەتی چۆن؟

+ قەوەتی قەوەت. حەز ئەكەم وەكو شێر بنەڕێنی. حەز ئەكەم كەس نەوێرێ‌ تەماشای ناوچەوانت بكات. حەز ئەكەم چنگت چنگی هەڵۆ بێت.
- كەواتە ئەتەوێ‌ عەمر كورت بم كەلـلەپووت.

+ وەی دەمم بشكێ‌ بەگم.. من چۆن حەزی وا قۆڕم هەیە؟
- ئەی ئەوە نی یە ئەڵێ‌ ی وەكو شێر و پڵنگ و هەڵۆ بیت؟!

+ ئاخر ئەوانە زۆر بەقووەتن ئوستاز.
- راستە بەقووەتن بەڵام چ سوودێكیان لە قووەتەكەیان بینیوە؟. قوڕبەسەرانە خەریكە 
قڕیان تێ‌ ئەكەوێ‌. تۆ خۆت تا ئێستا (یەك) شێری راستەقینەت بینیوە؟

+ پیاو بۆ درۆ بكا، نەوەڵـڵا. خەجاڵەتم.
- خەجاڵەت مەبە منیش نەمدیوە. نە شێرم دیوە، نە دەیناسۆر، نە سیمرخ. بۆچی؟ چونكە یان بەتەواوی لە ناوچوون یاخود تاك و تەرایەكیان ماوە لە ژێر پردەكە و لە باخچەی ئاژەڵان، كەچی تەماشا ئەكەی داروبەرد پڕە لە مریشك.

+ بەوخوایە راست ئەكەی، مریشكی خوێڕی نە ئازایە، نە ئەتوانێ‌ بفڕێ‌، نە فێڵبازە، نە حەكیمە، كەچی هەزاران هەزار ساڵە هەیە.
- چاوت لێ‌ یە؟! هەموو قووەتەكەشی ئەزانی چی یە؟.. قووەتی هێلكەكردنە.. هێلكە نەیهێشتووە مریشك لەناو بچێ‌.

+ ئێ‌ ئێ‌ ئێ‌.. تێگەیشتم.. یەعنی كەواتە ئەبێ‌ لەمەولا كوردیش هیچ نەكا لە هێلكە زیاتر.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure