خواردنى هه‌فته‌
ریفراندۆم

بۆچوون / بیروڕا :: 22/05/2016

1- پێناسه‌:
ریفراندۆم خواردنێكى فره‌نسی یه‌ كه‌ ئه‌وروپاییه‌كان وه‌ك به‌ركوڵى دیموكراسى ئه‌یخۆن به‌ڵام جه‌ماعه‌تى عاله‌مى سێ كردوویانه‌ به‌ قاوه‌ڵتى عه‌شایه‌رى.

2- كه‌ره‌سه‌ى پێویست:
پشتى شله‌خه‌جێ                            دوانزه‌ دانه‌
ده‌هۆڵ                                       یه‌ك عه‌ده‌د
زوڕناى سه‌لك زل                           دوو دانه‌ى ئه‌سڵ
چاوپێكه‌وتنى ته‌له‌فزیۆنى                أ. خزم و ئه‌حباب هه‌تا زۆربێ باشه‌
                                             ب. هاووڵاتیانى ئاسایى 4-5 دانه‌
مه‌قاله‌ى توون به‌ به‌هاراتى جنێوه‌وه‌    روبعه‌ كیلۆیه‌ك

3- چۆنێتى ئاماده‌كردن
هه‌ركاتێك له‌ ژووره‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌ جه‌ره‌سیان لێدا فه‌وره‌ن كه‌ره‌سه‌كان له‌ زه‌رفى عه‌لـلاگه‌دا، ببوورن له‌ زه‌رفى دوو سه‌عاتدا حازر ئه‌كه‌ین و ئینجا له‌سه‌ر ئاگرێكى به‌قووه‌تى ئیعلامى خێرا خێرا تێكه‌ڵى یه‌كترى ئه‌كه‌ین و دڵیشمان هه‌ر لاى جیڕه‌ى ده‌رگاكه‌ى ژوورى حسابات و موكافه‌ئه‌یه‌. ئه‌وسا دێین هه‌ر به‌و گه‌رموگوڕى یه‌ چێشته‌كه‌ له‌ گرته‌ى جۆراوجۆردا پێشكه‌شى بینه‌ران ئه‌كه‌ین، هه‌ر كه‌سێكیش حه‌زى لێ ى نه‌بوو چاوى ده‌رئه‌هات چونكه‌ زه‌وق سز و خائینه‌.

تێبینى:
هه‌رچه‌نده‌ جیهانى ریفراندۆم به‌ قه‌ده‌ر عه‌داله‌ت دووره‌ له‌ دنیاى ئه‌ى ره‌قیب و مشكى و جامانه‌وه‌ كه‌چى له‌ زۆر موناسه‌باتا ئه‌بینین گۆرانیبێژه‌ میلـلیه‌كان له‌ گه‌عده‌ و بۆنه‌ سیاسیه‌كانا باسى ئه‌كه‌ن. مه‌سه‌له‌ن ئه‌ڵێن:
به‌ فیاى حكومه‌ت بم، وه‌ى چه‌نێ باشه‌
ریفراندۆمه‌كه‌ى له‌ جێ ى مه‌عاشه‌

یان ئه‌فه‌رموون:
غه‌مم نى یه‌ غه‌مى تۆمه‌، دڵدارم ره‌نجه‌ڕۆمه‌
له‌ فیدراڵ هه‌ڵمانتڕاند، جا نۆره‌ى ریفراندۆمه‌

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure