لەسەر دادپەروەری و سایکس پیکۆ

بۆچوون / بیروڕا :: 21/05/2016

نوسینی مستەفا زێن
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئەلحەیات
وەرگێڕانی: د. شێرکۆ عەبدوڵڵا

  کورد و تورک و ئیسرائیلییەکان باسی مردنی سایکس پیکۆ دەکەن و بە ڕێککەوتنێکی زاڵمی دەزانن بۆ خۆیان. عەرەب، لەدەرەوەی خۆرهەڵات و لە عێراقدا دوور و نزیک باسی ڕێککەوتنەکە ناکەن. چونکە ئەم ڕێککەوتننامەیە نە مەغریبی دابەشکرد، نە میسر و نە تونس و نە دەوڵەتەکانی کەنداو و نە یەمەن، هەرچەندە کاریگەرە جوگرافییە سیاسییەکەی ڕێککەوتننامەکە دەگاتە یەمەن و کەنداویش، بەتایبەت پاش ئەوەی کە بەهاری عەرەبی بوو بە هۆکارێک بۆ وێنەکێشانی سنوورەکان بە خوێن و دابەشکردنی میللەتان لەسەر بناغەی ڕەگەز و خێڵ و مەزهەب. کورد، پاش سەد ساڵ، پێی وایە ئەم دەرفەتەی کە جەنگ و شۆڕشەکان دروستیان کردووە نابێت لەکیس بدرێت چونکە لە باکوری عێراق سەربەخۆ بووە و تەنیا ئەوەی ماوە کە پاش ئازادکردنی موسڵ و ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەم سەربەخۆییە بە ڕەسمی ڕابگەیەنێت و زۆر شار و گوند بخاتە سەر هەرێمەکەی. مەسعود بارزانی سەرکردەی کوردیش لە هەموو بۆنەیەکدا باسی مردنی سایکس پیکۆ و ئامادەیی خۆی دەکات بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆییەکە. ناوبەناویش خۆپیشاندان و ئاهەنگی جەماوەری ڕێکدەخات بۆ جەختکردنەوە لەسەر مافی چارەی خۆنوسین.

لە سوریاشدا کە ماوەی پێنج ساڵە تیرۆر وەک ئەمیبا زۆر دەبێت و دەوڵەتان پشتگیری لێدەکەن و بەکاریدەهێنن، دەبینین لەوێش کورد، بە پاڵپشتی ئەمریکا، مردنی ڕێککەوتننامە بەناوبانگەکەیان ڕاگەیاند و خۆبەڕێوەبردنێکی دروستکرد، وەک ئامادەکاری بۆ سەربەخۆیی هەرێمێکی دیموکراسی کە بێجگە لە زۆرینەی کورد، هەندێک سریان و ئاشوری و خێڵی عەرەبیش لەخۆدەگرێت. ئەم گۆڕانکارییانە هاوکاتن لەگەڵ بانگەوازی ڕەگەزپەرستانە دژی عەرەب و هەروەها گرتنەبەری ڕێ وشوێنی کارگێڕی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە، چونکە بەپێی دەستوورەکەی بریمەر هیچ کەسێک بەبێ مۆڵەتی ئاسایش ناتوانێت لە هەرێمدا نیشتەجێ ببێت. هەرچی ناکۆکی لەنێوان حیزبەکەی تاڵەبانی و بارزانیشدایە لەسەر مەسەلەی جیابوونەوە نییە بەڵکو لەسەر دیاریکردنی کاتەکەیەتی و لەسەر شێوازی حوکمڕانییەتی پاش سەربەخۆیی و ئایا ئەوکاتە لەژێر دەسەڵاتی  بارزانییەکاندا دەبێت یاخود تاڵەبانییەکان.

دیارە تورکیای ئەردۆغانیش لە هەمووان خۆشحاڵترە بە هەرەسهێنانی سنوورەکانی سایکس پیکۆ. بۆیە یارمەتیدەر بووە و یارمەتیدەریش دەبێت لە وێرانکردنی ئەو سنوورانە بە چەک و مەشق پێکردنی ئیسلامییەکانی ناوچە جیاجیاکانی سوڵتاننشینی کۆن کە هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ سەردەمی خەلافەت. لەبەرئەوە ئەردۆغان هیچ دەرفەتێک لەکیس نادات بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو سازشانەی وایان لە پاریس و لەندەن کرد (سنوورەکان بە ڕاستە) دیاریبکەن. تیۆریسیۆنی عوسمانی نوێ، ئەحمەد داود ئۆغلو، دەڵێت:(ئێمە هەمیشە ڕێککەوتنکەی سایکس پیکۆمان ڕەتکردووەتەوە چونکە ناوچەکەمانی دابەشکرد و شارەکەمانی لەیەکتر دوورخستەوە). پێش بەهاری عەرەبی، ئەردۆغان هەوڵی دا چوار دەریاکە پێکەوە ببەستێتەوە و بەڕووی خۆرهەڵاتدا بکرێتەوە، بەبێ سڕینەوەی سنوورەکان و لەڕێی دامەرزاندنی چەند ئەنجوومەنێکەوە بۆ هاوکاری ستراتیجی لەگەڵ سوریا و عێراقدا، بەو هیوایەی کە ئەنقەرە لە سایەی هێزە ئابووری و سەربازییەکەی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ خۆرئاوادا شکۆی جارانی بەدەستبهێنێتەوە. بەڵام پرۆژەکەی شکستی هێنا و هەموو ڕیککەوتنەکانی بوون بە مەرەکەبی سەر کاغەز. سوریا بە ناچاری گەڕایەوە بۆ گۆشەگیرییەکەی جارانی بەڵام ئەمجارە بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەکان نەبوو لەگەڵ چواردەورە دواکەوتووەکەیدا وەک ئەتاتورک دەیوت، بەڵکو بۆ دروستکردنەوەی دەوڵەت بوو لەسەر بناغە ئیسلامییەکان نەک دیموکرسییەکان، لەڕێی داڕشتنی چەند یاسایەکەوە بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان و کۆنترۆڵکردنی ڕۆژنامەکان و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسە دژەکان.

جگە لەمانەش، ئەو تورکیایەی کە خۆشحاڵ بوو بە هەرەسهێنانی سنوورەکانی سایکس پیکۆ، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕووبەڕووی کوردەکانی ناوخۆ بووەوە  کە داوای حوکمی خۆسەری دەکەن، بۆیە هەڵمەتێکی سەربازیی کردە سەریان و زۆرێک لە گوندەکانی کاول کردن لەترسی ئەوەی پەیوەندی نەکەن بە کوردەکانی سوریاوە و هێزێکی گەورە دروستبکەن کە ڕوسیا و ئەمریکا پشتیوانییان لێ بکات، هەروەها لە ترسی ئەوەش کە شەڕی مەزهەبی پەل نەکێشێت بۆناو تورکیا، لەبەرئەوە بە پێداگرییەکی زۆرەوە دژی بەشداریکردنیان وەستا لە گفتوگۆکانی ڤیەننا و جنێڤدا و بەردەوام بوو لەسەرمایە گوزاریکردن لەبەرەی نوسرە و داعش لە حەڵەبدا و کەوتە هەوڵی دامەزراندنی ناوچەیەکی بێ چەک لەناو سوریادا کە دەسەڵاتی ئەم بەسەر کۆمەڵە و سوپا لایەنگرەکانیدا دروستبکات. ئەردۆغان ئیخوانی گرەوی لەسەر هۆکاری دینی کرد، بەڵام تەقاندنەوەی سنوورەکانی ململانێ تائیفی و مەزهەبییەکانیشی تەقاندەوە و ئیتر هەڕەشەی گواستنەوەی تیرۆر بۆ ناو تورکیا بوو بە واقیعێک کە هەر دەبوایە بچێتە سەنگەر لە دژی.

سوودمەندی سێهەم لە هەرەسهێنانی سنوورەکانی سایکس پیکۆ بریتییە لە ئیسرائیل کە هەر لەوەتەی دروستبووە هەوڵدەدات بۆ لەتوپەتکردنی وڵاتانی دەوروبەر و هەڵگیرساندنی شەڕ تیایاندا، ئەمەش دەرفەتەکەیەتی بۆ توندکردنەوەی ناکۆکییەکان لە خۆرهەڵاتی عەرەبیدا کە بەرەو ئەوە دەڕوات لەسەر بناغە ئاینییەکان دابەش ببێت. ئەم خاڵە ئیسرائیل دەیکاتە پاساو بۆ سەپاندنی خۆی وەک دەوڵەتێک بۆ جولەکە و دەرکردنی فەڵەستینییەکان، ئەوانەی ماون، لەسەر خاکی خۆیان و لکاندنی جۆلانی سوریا و بەرجەستەکردنی رۆڵێکی بنەڕەتی لە وێنەکێشانی نەخشەکاندا، چونکە لە چواردەوری ئیسرائیلەوە گیانی نیشتمانی هەرەسی هێناوە. ئەو عروبەیەی کە دژایەتیشی دەکرد بووەتە بیروهزرێکی کۆن و وردە وردە لەشوێنی ئەم هزرە تێڕوانینی تازە دێتە ئاراوە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی. بەبەرچاوی ئێمەوە خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ لەسەر دادپەروەری و سایکس پیکۆ خەریکە خەت و خاڵ دەردەکات. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure