راى رۆژنامه‌ى (رأى الیوم)

بۆچوون / بیروڕا :: 18/05/2016

وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید
وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا بۆچى له‌ناكاو قه‌باره‌ى وه‌به‌رهێنانى سعودیه‌ى ئاشكراكرد؟ و ئه‌و په‌یامه‌ چییه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێت؟ و ده‌كرێت چ خوێندنه‌وه‌یه‌كى سیاسیانه‌ بۆ ئه‌م ژمارانه‌ بكرێت؟ و ئایا ریاز ده‌توانێت (جه‌نگى دارایى) له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌ڵگیرسێنێت؟

ئه‌و پێگه‌ داراییه‌ى كه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ جه‌ختى لێده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌ڵێت"هیچ نهێنییه‌ك له‌ خۆرئاوادا نه‌ماوه‌ كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا بتوانرێت بشاردرێته‌وه‌، ئیتر به‌هۆى یاساكانى - ئازادیى زانیارى- یه‌وه‌ بێت یان به‌هۆى یاسا تونده‌كانى تایبه‌ت به‌ جه‌نگى - پاره‌ شۆردنه‌وه‌(سپیكردنه‌وه‌ى دراو) یاخود فه‌زحكردنى (یه‌كه‌- كۆك - ره‌صید) و مامه‌ڵه‌ى بانكه‌كان و كۆمپانیاكانى (ئۆف شور) وه‌ك چۆن له‌م دواییه‌دا (به‌ڵگه‌نامه‌كانى په‌نه‌ما)ى ئاشكراكرد.
دواى هه‌ڕه‌شه‌كانى عادل جوبه‌یر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سعودیه‌ به‌ كشانه‌وه‌ى كۆمپیاله‌ و وه‌به‌رهێنانه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر كۆنگرێس یاسایه‌ك ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سوكارى قوربانیانى ته‌قینه‌وه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌رى ساڵى 2001 بتوانن شانشینى عه‌ره‌بستان له‌به‌رده‌م دادگاكانى ئه‌مریكادا ناچارى قه‌ره‌بووى دارایى بكاته‌وه‌، دامه‌زراوه‌ داراییه‌كان و توێژه‌ر و پسپۆره‌كانیان ده‌ستیانكرد به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ زانینى قه‌باره‌ى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى كه‌ ره‌نگه‌ به‌ر ئابوریى ئه‌مریكا بكه‌وێت ئه‌گه‌ر هاتوو حكومه‌تى ریاز هه‌ڕه‌شه‌كانى وه‌زیره‌كه‌ى ده‌ره‌وه‌ى جێبه‌جێ بكات.
رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مریكى، كاتى خۆى قه‌باره‌ى وه‌به‌رهێنانى سعودیه‌ى به‌ نزیكه‌ى 750 ملیار خه‌مڵاندووه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا له‌سه‌ر داوای ئاشكراكردنى قه‌باره‌ى راسته‌قینه‌ى كۆمپیاله‌كانى گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكا لاى سعودیه‌ و به‌پێى یاساى ئازادیى زانیاریه‌كان، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ چل ساڵدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕى ئه‌و كۆمپیاله‌ و وه‌به‌رهێنه‌ حكومیانه‌ له‌ 116 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیاتر نین هه‌تا مانگى  ئازارى رابردوو. واتا به‌ تێكڕاى 6% كه‌می كردووه‌ له‌چاو كانونى دووه‌مى رابردوودا. ئه‌مه‌یش ماناى وایه‌ خه‌مڵاندنه‌كه‌ى (نیویۆرك تایمز) ورد نه‌بووه‌.
ئاژانسى بلۆمبێرگی ئابورییش لاى خۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كى دیكه‌ى راگه‌یاندووه‌ و ده‌ڵێت یه‌ده‌گى دارایى سعودیه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ نزیكه‌ى 587 ملیار دۆلار، واتا به‌ 200 ملیار دۆلار له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ دووساڵدا، ئه‌ویش به‌هۆى كێشانه‌وه‌ى به‌رده‌وام بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى له‌ بودجه‌كانى هه‌ردوو ساڵى 2015 و 2016دا.
كۆمپیاله‌كانى حكومه‌تى سعودییه‌ له‌ گه‌نجینه‌ى ئه‌مریكادا 116ملیار و800 ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌مه‌یش زۆر كه‌مه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى چین كه‌ یه‌ك ترلیۆن و 300 ملیار دولار و ژاپۆن كه‌ ترلیۆنێك و یه‌ك ملیار دۆلارن. به‌ڵام زۆر و گه‌وره‌یه‌ له‌چاو ئه‌وانه‌ى ئیمارات كه‌ 62 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و كوه‌یت كه‌ 31 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار و عوممان كه‌ 15 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار و قه‌ته‌ر كه‌ 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارن. هه‌ڵبه‌ت به‌حره‌ین له‌ دواوه‌ى لیسته‌كه‌دایه‌ به‌ نزیكه‌ى ملیارێك و200 ملیۆن دۆلارێك. 
ئێستا ئه‌گه‌ر زمانى ژماره‌كان بخه‌ینه‌ ئه‌ولاوه‌ و خوێندنه‌وه‌یه‌كى سیاسیانه‌ بۆ مانا و ده‌لاله‌ته‌كانى ئێستا و ئایینده‌ى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بكه‌ین، ده‌توانین چوار خاڵى لێ هه‌ڵه‌نجێنین كه‌ ئه‌مانه‌ن:
* یه‌كه‌م: ئاشكراكردنى قه‌باره‌ى وه‌به‌رهێنانى سعودیه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، په‌رچه‌كردارێكى جوبه‌یرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانیه‌تى كه‌ ره‌نگه‌ به‌ باشى ئه‌م ژمارانه‌ هه‌ر نه‌یشزانێت. هه‌روه‌ها ناردنى په‌یامێكه‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ى و تێیدا ده‌ڵێت سامانه‌كه‌تان چ بمێنێته‌وه‌ یان بیكێشنه‌وه‌ هیچ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ بۆسه‌ر ئابوریى ئه‌مریكا دروست ناكات.
* دووه‌م: ژماره‌كان ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن كه‌ حكومه‌تى سعودیه‌ له‌ كۆتایى ساڵى رابردوو و سه‌ره‌تاى ئه‌م ساڵه‌وه‌ به‌ توندى ده‌ستیكردووه‌ به‌ فرۆشتنى سامان و وه‌به‌رهێنانه‌كانى له‌ ئه‌مریكا بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنانى به‌دجه‌كانى (190 ملیار دۆلار له‌ دوو ساڵدا) و ئه‌م وه‌به‌رهێنانانه‌یش له‌ ماوه‌ى ته‌نیا دوو مانگدا به‌تێكڕایى 6% دابه‌زیوه‌. 
* سێیه‌م: مه‌ترسیى ده‌ركردنى یاسایه‌ك له‌ كۆنگریسه‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌ى كه‌سوكارى قوربانیانى یازده‌ى سێپته‌مبه‌ر هێشتا ئه‌گه‌رى هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕاى قسه‌كه‌ى سه‌رۆك ئۆباما كه‌ وتى له‌ڕێى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ مافى ڤیتۆى له‌ دژ به‌كاردێنێت. به‌ڵام دواى حه‌وت مانگى تر ئۆباما به‌ته‌واوى كۆشكى سپى جێدێڵێت.
* چواره‌م: به‌رپاكردنى جه‌نگێكى دارایى له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌ و له‌ دژى ئه‌مریكا به‌ پێچه‌وانه‌ به‌سه‌ر خۆیدا ده‌شكێته‌وه‌ و زه‌ره‌رمه‌ندى گه‌وره‌ خۆى ده‌بێت، چونكه‌ هیچ (عاصفه‌ حزم المالیه‌)ك وه‌ك ئه‌وه‌ى یه‌مه‌ن نابێت. خۆ ئه‌گه‌ر (عاصفه‌ الحزم)ى یه‌كه‌م له‌ دژى یه‌كێك له‌ هه‌ژارترین ده‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى جیهان نه‌توانێت ئامانجه‌كانى به‌دیبێنێت، ئاخۆ گه‌رده‌لوولى دووه‌میان له‌ دژى به‌هێزترین وڵاتى جیهان له‌رووى سه‌ربازى و ئابورییه‌وه‌، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟. 
ئێمه‌ له‌م رۆژنامه‌ى (راى الیوم)ه‌دا، دژى ئه‌و سیاسه‌ته‌ین كه‌ هه‌موو هێلكه‌كان بخرێنه‌ سه‌به‌ته‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان یاخود هه‌ر لایه‌كى دیكه‌وه‌ و پشتگیرى له‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ین له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بى و ئیسلامیه‌كاندا و به‌لامانه‌وه‌ كارى له‌ پێشینه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر سعودیه‌ ویستى جه‌نگێكى دارایى دژى واشنتۆن به‌رپا بكات با بیكات و ئێمه‌یش له‌گه‌ڵیداین به‌و مه‌رجه‌ى له‌ خزمه‌تى ئوممه‌دا بێت و بچێته‌ چوارچێوه‌ى ستراتیژێكى مه‌حكه‌م و پته‌وه‌وه‌.
ئه‌وه‌ى له‌م رۆژانه‌دا سه‌ركردایه‌تیى سعودیه‌ پێویستیه‌تى، به‌ڕاى ئێمه‌، حیكمه‌تى زۆرتر و له‌ هه‌مانكاتدا ته‌وازوعى زۆرتره‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌نجامه‌كان كاره‌ساتبار ده‌بن و بناغه‌كه‌یان ئاشكرایه‌ و پێویستى به‌ هاوێنه‌ى گه‌وره‌كردن نییه‌ هه‌تا بیبینین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure