به‌ بۆنه‌ى ڤالانتاینه‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

راپۆرتى: بى بى سى
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ


په‌یوه‌ندیه‌ سۆزدارییه‌كان له‌ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانى دیكه‌ زیاتر تووشى شكست و هه‌ره‌سهێنان ده‌بن. ئه‌مه‌ راستیه‌كه‌ له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ تا ئێستا كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشه‌ویستى هه‌ر ماوه‌ و كۆتایى نایه‌ت سه‌ربارى هه‌موو شكست و ئازاره‌كانى.


ژیانى هاوچه‌رخ و ئاڵۆزییه‌كانى كارێكیان كردووه‌ كه‌ مرۆڤ رۆژ به‌ رۆژ گومانى زیاتر ببێت به‌ په‌یوه‌ندیه‌ سۆزداریه‌ نه‌ریتییه‌كان. به‌لاى زۆرێك له‌ فیمینیسته‌كانه‌وه‌ هاوسه‌رگیریى بۆ ئافره‌ت وه‌ك تابووتێك وایه‌ و منداڵ بزمارى ئه‌و تابووته‌یه‌. هه‌تا ئێستاش له‌ په‌یوه‌ندى هاوسه‌رگیریدا پیاو باڵاده‌ست و به‌هه‌ژموونه‌. مافى ژن پێشێل ده‌كرێت و هاوسه‌رگیریى له‌ڕاستیدا په‌یوه‌ندیه‌كه‌ كه‌سێكى به‌ده‌سه‌ڵات ده‌خاته‌ به‌رده‌م كه‌سێكى بێده‌سه‌ڵات. 


به‌رده‌وامی ناته‌واوى و كێشه‌كانى په‌یوه‌ندى سۆزدارى بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌كانیان ناچار كردووه‌ سه‌رله‌نوێ چه‌مكى خۆشه‌ویستى پێناسه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌جۆرێك كه‌ كۆتایى بهێنێت به‌و ئازار و سته‌مه‌ى كه‌ زۆرجار ئافره‌ت قوربانیه‌كانیه‌تى. له‌م رووه‌وه‌ ئه‌زموونى فه‌یله‌سووفى فڕه‌نسى خاتوو سیمۆن دۆبۆڤوار نموونه‌یه‌كى به‌رجه‌سته‌یه‌. ئه‌زموونى ئه‌و كه‌ 50 ساڵ له‌ خۆشه‌ویستیه‌كى نائاساییدا به‌سه‌رى برد له‌گه‌ڵ جان پۆڵ سارته‌رى فه‌یله‌سوفى به‌ناوبانگى فڕه‌نسیدا، كۆمه‌ڵه‌ بناغه‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێشى هه‌یه‌. ئه‌م دووانه‌ ساڵى 1929 كه‌ له‌ بیسته‌كانى ته‌مه‌نیاندا بوون بڕیاریان دا گرێبه‌ستێك ئیمزا بكه‌ن بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ كه‌ قابیلى تازه‌كردنه‌وه‌ بێت. 


بناغه‌ى دووهه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆشه‌ویستیه‌كه‌ى نێوانیان خۆشه‌ویستى پێویست بێت و رێگرى نه‌كات له‌وه‌ى كه‌ ئه‌م خۆشه‌ویستیه‌ به‌رده‌وام و نه‌گۆڕه‌ خۆشه‌ویستى لابه‌لاش له‌خۆ بگرێت له‌گه‌ڵ كه‌سانى تردا. واته‌ هه‌ردووكیان بۆیان هه‌بێت سه‌ركێشى سۆزداریى بكه‌ن و كه‌سیان ئه‌وى دیكه‌ قۆرخ نه‌كات ته‌نیا بۆ خۆى چونكه‌ به‌ گوته‌ى سارته‌ر سه‌ركێشى سۆزداریى باشترین رێگه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ جیهان. پیاو له‌ رێگه‌ى ئافره‌ته‌وه‌ له‌ جیهان تێده‌گات و ژنیش له‌ رێگه‌ى پیاوه‌وه‌. تاقه‌ مه‌رجى سه‌ركه‌وتنى ئه‌م رێكه‌وتن و گرێبه‌سته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردووكیان به‌ ره‌هایى راستگۆ و راشكاو بن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، هیچ شتێك له‌ یه‌كترى نه‌شارنه‌وه‌ و سه‌ركێشیه‌ لابه‌لاكانیشیان بۆ یه‌كترى باس بكه‌ن.


ئه‌م كه‌پڵه‌ به‌ناوبانگه‌ى بوارى فه‌لسه‌فه‌ بڕیاریان دا خۆشه‌ویستیه‌كه‌یان به‌بێ دامه‌زراوه‌ بێت واته‌ به‌بێ هاوسه‌رگیریى كردن بێت، رێ له‌ ئازادى یه‌كتریى نه‌گرن و شه‌فاف بن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا. كاتى خۆى ئه‌م گرێبه‌سته‌ ئاله‌نگارییه‌كى گه‌وره‌ بوو دژى ره‌وشتى بۆرجوازیى، ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ له‌نێوانیاندا 51 ساڵ درێژه‌ى كێشا و چه‌ندین تیۆریى و هزر و نووسراوى گه‌وره‌ى لێكه‌وته‌وه‌. له‌ ئه‌نجامى ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌دا منداڵێك دروست بوو كه‌ بریتییه‌ له‌ وجودیه‌ت. دیاره‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ درێژه‌ به‌ هه‌وراز و نشێوى زۆردا رۆیشتووه‌. به‌تایبه‌ت كه‌ دۆبۆڤوار نایشارێته‌وه‌ زۆرجار غیره‌ى له‌ سارته‌ر كردووه‌ هه‌روه‌ها سه‌ركێشیه‌ سێكسیه‌كانیشیان زۆر جار خه‌ریك بووه‌ ببنه‌ مایه‌ى رسوایى بۆ ژیانى ئه‌كادیمیى و هزرى ئه‌م دوو فه‌یله‌سوفه‌. به‌ڵام په‌یوه‌ندى نێوانیان هه‌ر به‌ تۆكمه‌یى مایه‌وه‌. سارته‌ر شه‌ش ساڵ پێش دۆبۆڤوار مردوو و په‌یوه‌ندیه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ كۆتایى هات.


كرۆكى بیرۆكه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هیچ شتێك پێش وه‌خت دابین نه‌كراوه‌ و پێشوه‌خت نادرێت به‌ڵكو مرۆڤ به‌ ده‌ردى سارته‌ر ده‌ڵێت پڕۆژه‌یه‌كه‌ مرۆڤه‌كه‌ خۆى دروستى ده‌كات، به‌رده‌وام پێكى ده‌هێنێت و هه‌ڵیده‌وه‌شێنێت چونكه‌ ئێمه‌ى مرۆڤ له‌ جیهانێكدا به‌جێهێڵدراوین كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى نیه‌، كه‌واته‌ ئێمه‌ى مرۆڤ مه‌حكومین به‌ ئازادیى. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه‌ بۆڤوار ده‌ڵێت هیچ كه‌سێك به‌ ژنیه‌تى له‌دایك نابێت به‌ڵكو ده‌بێت به‌ ژن. له‌مه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ناسنامه‌ جێنده‌رییه‌كان دروستكراوێكى كۆمه‌ڵایه‌تین. له‌ فه‌لسه‌فه‌ى وجودیدا مرۆڤ یه‌كسانه‌ به‌ ئازادیى. هیچ كردار و په‌یوه‌ندیه‌ك سه‌رناكه‌وێت ئه‌گه‌ر نكووڵى له‌م ئازادیه‌ بكات یان هه‌وڵ بدات ره‌دى بكاته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ى كه‌ رێز له‌ خود و له‌ به‌رامبه‌ر نه‌گرێت خۆشه‌ویستیه‌كى ناڕه‌سه‌نه‌ و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ سوودوه‌رگرتنى خراپ له‌ په‌یوه‌ندیه‌ سۆزدارییه‌كه‌، كه‌ سه‌رئه‌نجام په‌یوه‌ندیه‌كى هه‌ره‌میى له‌ كۆمه‌ڵگادا دروست ده‌كات و ئافره‌ت ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌.


تێڕوانینى پیاو بۆ خۆشه‌ویستى جیاوازه‌ له‌ تێڕوانینى ژن. به‌لاى پیاوه‌وه‌ په‌یوه‌ندى سۆزداریى به‌شێكه‌ له‌ كۆیه‌كى گشتى. به‌ڵام ژن زۆرجار هه‌موو ژیانى وا لێده‌كات كه‌ له‌ ده‌ورى ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ بسووڕێته‌وه‌. به‌ درێژایى مێژوو ژن هاندراوه‌ چاوه‌ڕوانى گه‌وره‌ى له‌ پیاو نه‌بێت. هه‌روه‌ها ئافره‌ت ئاماده‌ كراوه‌ بۆ خۆشه‌ویستى و هاوسه‌رگیریى له‌و رێگه‌یه‌وه‌ كه‌ به‌ ناوى خۆشه‌ویستیه‌وه‌ چاوه‌ڕێى سته‌م بكات له‌ پیاو.


ژن وا راهێنراوه‌ كه‌ خۆشه‌ویستى به‌لاوه‌ ئامانجى ژیان بێت له‌كاتێكدا، كه‌ ته‌نیا ئازادى پێوه‌رى راسته‌قینه‌ى ژیانى ئافره‌ته‌. دۆبۆڤوار پێى وایه‌ ته‌مومژ له‌ چه‌مكى خۆشه‌ویستیدا بووه‌ته‌ هۆى خراپ به‌كارهێنانى و كراوه‌ته‌وه‌ ئامرازێك بۆ چه‌وساندنه‌وه‌. ئه‌م پێناسه‌ هه‌ڵه‌یه‌ى خۆشه‌ویستى سوودى لێ وه‌رگیراوه‌ بۆ داڕشتنى شێوه‌ هه‌ره‌مییه‌كانى كۆمه‌ڵگا و چه‌سپاندنى رۆڵى جێنده‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا و زامنكردنى داینه‌میكه‌كانى كۆمه‌ڵگاى باوكسالاریى.

 

 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure