ده‌رباره‌ى ده‌وڵه‌تى عوسمانى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینى: حسێن عه‌بدولحسێن
سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕى ئه‌لحوڕه‌
له‌ناو ده‌سته‌بژێرى عه‌ره‌بدا به‌تایبه‌ت عه‌ره‌بى سوننه‌ كه‌م نین ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ باسى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ده‌كه‌ن و به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ مێشكیاندا وێنا كراوه‌ كه‌ گوایا ده‌وڵه‌تى عوسمانى نه‌ نه‌خۆش بووه‌ و نه‌ دواكه‌وتوو بووه‌ به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌وڵه‌تێكى گه‌شه‌سه‌ندوى پێشكه‌وتوو بووه‌ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى داب و نه‌ریت و شێوازى ژیانى جیاواز بووه‌ له‌ وڵاتانى خۆرئاوا ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌یان بۆ كردووه‌ و پیلانیان له‌ دژ گێڕاوه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ خۆرئاواى مه‌سیحى به‌رزتر و پێشكه‌وتووتره‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى موسوڵمان.

دیاره‌ پاڵنه‌رى ئه‌م جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ لاى ده‌سته‌بژێره‌ ته‌نیا هه‌ر رق و دژایه‌تیكردنى ئیمپریالیزمى خۆرئاواییه‌ و ره‌دكردنه‌وه‌ى ئینتیدابه‌ كه‌ دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانى چه‌ند ناوچه‌یه‌كى خۆرهه‌ڵاتى عه‌ره‌بى گرته‌وه‌. هه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ ده‌ڵێت وڵاتانى وه‌ك لوبنان و شێخ نشینه‌كانى كه‌نداو ده‌ستكردنى ئیستیعمارن، ئه‌و ئیستیعماره‌ى كه‌ ئیسرائیلى قووت كرده‌وه‌.

ئه‌مانه‌ بێئاگان له‌ رووداوه‌كانى مێژوو. نازانن كه‌ له‌ ساڵى 1520ه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ 300 ساڵ بریتانیا كۆمه‌ڵێك مافى تایبه‌تى پێبه‌خشرا له‌ڕووى بازرگانییه‌وه‌ كه‌ بتوانێت به‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانیدا بگاته‌ هندستان. به‌ڵام له‌ ساڵى 1869دا ده‌وڵه‌تى عوسمانى ئه‌و بایه‌خه‌ى بۆ بریتانیا نه‌ما چونكه‌ كه‌ناڵى سویس هه‌ڵكه‌ندرا و دوورى نێوان ئه‌وروپا و هندستان كورتكرایه‌وه‌. ئیتر بریتانیا ناچار نه‌بوو به‌رتیل بدات به‌ چینه‌ سیاسیه‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ى عوسمانى. ده‌وڵه‌تى عوسمانى ناچار بوو به‌دواى كۆمه‌ڵێك هاوپه‌یمانى ئه‌وروپى تازه‌دا بگه‌ڕێت كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌ڵمانیا بوو. ئه‌ڵمانیا ئه‌ركى دروستكردن و به‌ڕێوه‌بردنى هێڵى شه‌مه‌نده‌فه‌رى به‌رلین – به‌غدادى گرته‌ ئه‌ستۆ، كه‌وا داڕێژرابوو بگاته‌ كوه‌یت. ئه‌مه‌ ده‌بووه‌ ركابه‌رێكى گه‌وره‌ى كه‌ناڵى سویس و بازرگانییه‌كانى بریتانیا له‌گه‌ڵ هندستاندا بۆیه‌ له‌نده‌ن كه‌وته‌ خۆى و كوه‌یتى له‌ ده‌وڵه‌تى عوسمانى دابڕى و ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ى پووچه‌ڵ كرده‌وه‌.

ته‌واوى گۆڕانكارییه‌كانى دیكه‌ش له‌پاش هه‌ردوو جه‌نگى یه‌كه‌م و دووهه‌مى جیهانیدا به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوورییه‌كان دروستیان كردووه‌. به‌ڵام ئه‌م ده‌سته‌بژێره‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ نابینێت كه‌ پێشبڕكێیه‌كى بازرگانى جیهانییه‌ به‌ڵكو پێى وایه‌ ئه‌مه‌ ململانێیه‌ له‌نێوان ناسنامه‌ و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه‌كاندا. بۆ به‌هێزكردنى لێكدانه‌وه‌كه‌یان ئه‌م جۆره‌ خۆرهه‌ڵاتناسانه‌ مێژوویه‌كى درۆ و خه‌یاڵاوى بۆ ده‌وڵه‌تى عوسمانى دروست ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ سه‌رزه‌مینى لێبووردن و ئازادى بووه‌، كه‌ له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌تێكى دواكه‌وتوو بووه‌. به‌ ئه‌قڵیه‌تى چاخه‌كانى ناوه‌ڕاست ژیاوه‌ نه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سه‌رده‌میى بووبێت. سوڵتانه‌كان هه‌میشه‌ پیلانیان له‌یه‌كترى گێڕاوه‌ و نموونه‌كان ئه‌وه‌نده‌ زۆرن كه‌ پێویست به‌ باسكردنیان ناكات.

والییه‌كانى عوسمانى هه‌میشه‌ به‌ زه‌برى ئاگر و ئاسن حوكمى ناوچه‌كانیان كردووه‌. له‌ ئه‌نجامى ئه‌مه‌دا ده‌یان خێزان و بنه‌ماڵه‌ ناچار بوون كۆچ بكه‌ن، بۆ نموونه‌ سه‌دره‌دین شه‌ره‌فه‌دین له‌تاو زوڵم و زۆرى والى عه‌كا هه‌ڵهات بۆ نه‌جه‌ف و به‌شێك له‌ نه‌وه‌كانى ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ دواتر ناویان ده‌ركرد وه‌ك محه‌مه‌د باقر سه‌در و محه‌مه‌د سادق سه‌در.

ده‌وڵه‌تى عوسمانى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ نموونه‌ییه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ئه‌وروپییه‌كان پیلانى لێ بگێڕن به‌ڵكو ده‌وڵه‌تێكى ئیسلامى بووه‌ هاوشێوه‌ى زوربه‌ى وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كانى ئه‌مڕۆ كه‌ گه‌نده‌ڵكار حوكمى كردووه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ى له‌ گێژاوى جه‌نگى ناوخۆ و تائیفیى و نه‌ته‌وه‌ییدا نغرۆ بووبوو. كه‌مایه‌تیه‌كان هه‌میشه‌ چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌. دیاره‌ ئاژاوه‌ و نائارامیى له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ده‌ستكردى ئه‌وروپییه‌كان نییه‌، ته‌نانه‌ت پێش عوسمانیه‌كانیش هه‌بووه‌، كه‌ باشترین نموونه‌ شه‌ڕى نێوان هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى هارونه‌ ره‌شیده‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێ حوكمى وڵات بكات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure