په‌روه‌رده‌ و ئه‌ركى ده‌وڵه‌ت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ
په‌روه‌رده‌ و فێركردن گۆشه‌یه‌كى هه‌ره‌ گرنگى كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كان پێكده‌هێنێت. گه‌شه‌كردنى وڵاتان راسته‌وخۆ ده‌رئه‌نجامى بایه‌خدانى گه‌وره‌یه‌ به‌ فێركردن و په‌روه‌رده‌. بیرمه‌ندێكى گه‌وره‌ى وه‌كو ماركس ده‌ڵێت (پێویسته‌ هه‌موو منداڵان فێرى خوێنده‌وارى بكرێن به‌ خۆڕایى و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌، كۆتایى بهێنرێت به‌ كارپێكردنى منداڵ له‌ كارگه‌كاندا و ده‌بێت په‌روه‌رده‌ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ به‌رهه‌مى ماددییه‌وه‌).

له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه‌ له‌ڕووى سیاسى و ئابووریى و ئاسایشه‌وه‌ سه‌قامگیر و ئارامن قوتابى و خوێندكار به‌ به‌شێك له‌ چینى بۆرجوازى بچوك داده‌نرێن و رۆڵێكى گرنگیان هه‌یه‌ له‌ دروستكردن و دابینكردنى هێزه‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانى كۆمه‌ڵگادا. دیاره‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ نائارامیى سیاسى و ئابووریى قوتابیان ناچار ده‌كات ده‌ست له‌ خوێندن هه‌ڵبگرن به‌شێوه‌یه‌كى كاتیى یان هه‌میشه‌یى. 

ئێستا له‌ كوردستاندا كێشه‌ى په‌روه‌رده‌ به‌ یه‌كێك له‌ جومگه‌ چاره‌نووسییه‌كانى مێژوودا تێده‌په‌ڕێت. له‌سه‌رێكه‌وه‌ كه‌رتى گشتى به‌ره‌و لاوازبوون و داخوران ده‌چێت به‌هۆى كۆمه‌ڵێك هۆكارى خودى و بابه‌تیه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ توانا و سیاسه‌تى حكومه‌ته‌وه‌ و فه‌لسه‌فه‌ى حوكمڕانى له‌ وڵاتدا. له‌سه‌رێكى دیكه‌شه‌وه‌ بێهیوایى له‌ ته‌واوكردنى خوێندن و هه‌ژاریى خێزان هانده‌رێكى خراپن بۆ وازهێنانى قوتابى له‌ خوێندن. به‌داخه‌وه‌ ئامارێكى ورد و به‌راوردكاریمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ رێژه‌ى وازهێنان قوتابیانمان له‌ خوێندن نیشان بدات. به‌ڵام دیارده‌یه‌كه‌ هه‌یه‌ و هه‌ستى پێده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌ شارۆچكه‌ و گوند و شوێنه‌ دوره‌ده‌سته‌كاندا. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا خوێندنگاى تایبه‌ت و وانه‌ى تایبه‌ت رۆژ به‌ڕۆژ له‌ هه‌ڵكشاندان، كه‌ سه‌رئه‌نجام وای لێدێت خوێندنى باش و مسۆگه‌ر ته‌نیا هه‌ر بۆ چینه‌كانى سه‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا بێت.

خه‌سڵه‌تێكى گرنگى په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سیاسه‌ت جیاناكرێته‌وه‌. له‌مه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌و به‌رنامه‌ و نه‌خشه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ رۆشنه‌ى نیه‌ كه‌ واقیعى ئه‌مڕۆ و خه‌مخۆرى بۆ ئاینده‌ به‌ پێویستیان ده‌زانن. ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى زۆر هه‌ستیاره‌ چونكه‌ شكستهێنانى حكومه‌ت له‌ بوارى په‌روه‌رده‌دا ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زینى ئاستى زانستى كۆمه‌ڵگا و شكستهێنانى پڕۆسه‌ى پێشكه‌وتنى وڵات.

دۆخى خوێندكارانى زانكۆ و خوێندنى باڵا له‌ قۆناغه‌كانى دیكه‌ى خوێندن باشتر نیه‌. چونكه‌ دواى ته‌واوكردنى خوێندن رێژه‌یه‌كى زۆریان بێكاریى چاوه‌ڕێیان ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ى حكومه‌ت ناتوانێت هه‌موو ده‌رچوان له‌ داموده‌زگا حكومه‌تیه‌كاندا دابمه‌زرێنێت، كه‌رتى تایبه‌تیش له‌ بوارى خزمه‌تگوزاریى و به‌رهه‌مهێناندا ئه‌وه‌نده‌ گه‌شه‌ى نه‌كردووه‌ بتوانێت رێژه‌یه‌كى گرنگى ده‌رچووان له‌خۆ بگرێت. كه‌واته‌ بێكارى ئه‌نجامێكى مسۆگه‌رى خوێندنه‌ بۆ زۆرێك له‌ خوێندكاران. له‌ ئاكامدا ئه‌و گه‌نجانه‌ كه‌ سه‌رمایه‌ى مرۆیى وڵاتن یان روو له‌ هه‌نده‌ران ده‌كه‌ن یان ناچار ده‌بن له‌ داموده‌زگا حیزبیه‌كاندا كاربكه‌ن یان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌رى حیزب و بزووتنه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا زیانێكى گه‌وره‌ به‌ كۆمه‌ڵگا ده‌گات و جیاوازییه‌ چینایه‌تیه‌كان فراوانتر و قووڵتر ده‌بن و هه‌ستى نیشتمانى و ئینتیما بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و لاواز و لاوازتر ده‌بێت.

دوو كۆڵه‌كه‌ى گرنگى پاراستنى كۆمه‌ڵ بریتین له‌ په‌روه‌رده‌ و ده‌زگاى دادوه‌رى كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ردوكیان له‌ كوردستاندا رووبه‌ڕووى كێشه‌ى گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌. كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا دابنرێت و رزگار بكرێت له‌ په‌راوێزخستن و گوێپێنه‌دان. ئه‌وه‌ش چه‌ندین ره‌هه‌ندى هه‌یه‌ كه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كه‌یان بایه‌خدانه‌ به‌ مامۆستا له‌ڕووى دابین كردنى ژیانێكى چاك و راهێنانى به‌رده‌وام و ئاشناكردنیان به‌ شێوازه‌ هاوچه‌رخه‌كانى په‌روه‌رده‌ و فێركردن چونكه‌ ئه‌گه‌ر مامۆستا جۆش و خرۆشى نه‌بێت بۆ پیشه‌كه‌ى و هه‌موو كاتى خۆى بۆ ئه‌و پیشه‌ گرنگه‌ ته‌رخان نه‌كات دابین كردنى پێداویستیه‌كانى دیكه‌ ناتوانن قه‌ره‌بووى ئه‌م كه‌موكورتیه‌ بكه‌نه‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure