بریتانیا له‌ ئه‌وروپا ده‌رده‌چێت ده‌ڕوات بۆ كوێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

نووسینى: جه‌میل موته‌ر
سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

له‌ دوایین رۆژى مانگى رابوردوودا بۆرس جۆنسى سه‌رۆك وه‌زیرانى بریتانیا به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ بریتانیه‌كان ناسنامه‌ى خۆیان به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌. 47 ساڵ پێشتر خه‌ڵكى بریتانیا ئه‌و ناسنامه‌یه‌یان به‌ ئه‌مانه‌ت لاى ئه‌وروپییه‌كان دانا له‌ ئه‌زموونێكدا كه‌ یه‌كه‌مجار بوو بچنه‌ ناویه‌وه‌.

بریتانیا به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌ ژیاندا ریالیستییه‌ و له‌ روانگه‌ى واقیعه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات. یه‌كه‌مجار كه‌ چووه‌ ناو یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌ له‌به‌ر هۆكاره‌ واقیعییه‌كان بوو، ئه‌مڕۆش كه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ هه‌ر به‌هۆى فاكته‌ره‌ واقیعییه‌كانه‌وه‌یه‌.

ته‌نیا هه‌ر بریتانیه‌كان به‌ ده‌رچوونیان له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا خۆشحاڵ نه‌بوون، خه‌ڵكانى تریش له‌ناو ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وروپادا پێشوازیان له‌م هه‌نگاوه‌ كرد. یه‌كێك له‌وانه‌ دۆناڵد ترامپه‌، كه‌ هه‌رگیز نه‌یشاردووه‌ته‌وه‌ رقێكى چه‌ند زۆرى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپایه‌. تره‌مپ له‌ دوایین سه‌ردانیدا بۆ شانشینى یه‌كگرتوو به‌ ئاشكرا پشتیوانى خۆى له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌ربڕى و په‌له‌ى بوو له‌وه‌ى بریتانیا یه‌كێتى ئه‌وروپا جێبهێڵێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ڵێنى داوه‌ هاوكارى بریتانیا بكات له‌ گه‌شه‌پێدانى سیستمى ته‌ندروستى ئه‌و وڵاته‌دا.

لایه‌نێكى دیكه‌ كه‌ به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ هه‌واڵى ده‌رچوونى بریتانیاى له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا وه‌رگرت روسیایه‌. مۆسكۆ رۆژێك له‌ رۆژان پێى خۆش نه‌بووه‌ ئه‌وروپا یه‌كگرتوو بێت. روسه‌كان ده‌زانن كه‌ بریتانیا زیاتر پابه‌ندى ئه‌مریكایه‌. له‌نده‌ن هه‌وڵى زۆرى داوه‌ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌مریكا رابه‌رى خۆرئاوایه‌. واشینتۆنیش هه‌میشه‌ به‌و چاوه‌وه‌ سه‌یرى له‌نده‌نى كردووه‌ كه‌ توخمێكى سه‌ره‌كییه‌ بۆ راگرتنى په‌یوه‌ندیه‌ ئه‌مریكییه‌ – ئه‌وروپییه‌كه‌.

له‌ڕاستیدا بریتانیا ته‌نانه‌ت له‌ قۆناغه‌كانى پێش جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانیش خۆى به‌ لایه‌نێكى ئه‌وروپى نه‌زانیوه‌ به‌ڵكو واى له‌ خۆى روانیوه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و هێزه‌ ته‌ریبه‌ باڵاده‌سته‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌بێت به‌رامبه‌ر هێزه‌ ئه‌وروپیه‌ ناكۆكه‌كاندا. له‌بیرمانه‌ كاتى خۆى چۆن جه‌نه‌راڵ دیگۆڵ به‌ توندى دژى ئه‌وه‌بوو بریتانیا بچێته‌ بازاڕى هاوبه‌شى ئه‌وروپییه‌وه‌ كه‌چى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌مووان به‌جۆش و خرۆشتر بوو بۆ ئه‌وه‌ى بریتانیا له‌و بازاڕه‌ یه‌كگرتووه‌دا وه‌ربگیرێت.

بیرمه‌ندان و سه‌نته‌ره‌كانى توێژینه‌وه‌ ئه‌و ئاماژه‌یه‌مان ده‌دانێ كه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا جیهان له‌ژێر سه‌ركردایه‌تى دوو جه‌مسه‌ردا ده‌ژى، یه‌كێكیان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ و ئه‌وى دیكه‌ وڵاتى چینه‌. جێگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ جه‌مسه‌رى سێهه‌م.

واته‌ نه‌ مۆسكۆ و نه‌ هیچ كۆمه‌ڵه‌یه‌كى ئه‌وروپى نابێت به‌ته‌ماى ئه‌وه‌ ببن كه‌ له‌ ئاینده‌ده‌ رۆڵێكى سه‌ركردایه‌تیان هه‌بێت له‌ جیهاندا. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌وڵ ده‌دات دووجه‌مسه‌رییه‌ك له‌گه‌ڵ په‌كیندا دروست بكات چونكه‌ سوودى لێ ده‌بینێت و ئه‌زموونیشى هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا بۆیه‌ هه‌رگیز رێگه‌ به‌ روسیا و یان ئێران یان هندستان یان هیچ هێزێكى فراوانخوازى دیكه‌ نادات پێكهاته‌ى ناوچه‌یى دروست بكات له‌ژێر هه‌ر ناوێكدا بێت.

بریتانیا له‌ ساته‌وه‌ختێكدا له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا دێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ پۆپۆلیستى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ هه‌ڵكشاندان. زۆر نه‌شاز بوو كه‌ ده‌مانبینى بریتانیا له‌ ریزى هێز و رێكخراوه‌ ئه‌وروپییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندایه‌ چونكه‌ ساڵه‌هاى ساڵ له‌نده‌ن دژى ئه‌و بیرۆكانه‌ بووه‌. له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ بریتانیا به‌ته‌مایه‌ ببێته‌ یاریزانێكى بنه‌ڕه‌تى بۆ به‌ده‌ستهێنانى سامانه‌كانى ئه‌فریقا و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئه‌مه‌ش هێنده‌ى تر درز ده‌خاته‌ ناو بیناى یه‌كێتى ئه‌وروپاوه‌. شانبه‌شانى ئه‌مانه‌ش بریتانیا هیواداره‌ ئه‌مریكا و ئوسترالیا به‌ خێرایى به‌ڵێنه‌كانیان ببه‌نه‌ سه‌ر و رێككه‌وتنى بازرگانى ئازادیى له‌گه‌ڵدا ئیمزا بكه‌ن. له‌هه‌مان كاتیشدا هێنده‌ى ده‌كرێت سوود له‌ بازاڕى ئه‌وروپیى و له‌ كرێكارانى ئه‌وروپا وه‌ربگرێت.

به‌ كورتییه‌كه‌ى ده‌رچوونى بریتانیا له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا و وازهێنان له‌ ناسنامه‌ ئه‌وروپییه‌كه‌ بۆ خزمه‌تكردنى ناسنامه‌یه‌كه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌ ناسنامه‌كه‌ى 47 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. ناسنامه‌ى ئێستا و ئاینده‌ى بریتانیا ناسنامه‌یه‌كى ئاڵۆز ده‌بێت، ناسنامه‌یه‌كى ئه‌فرۆ ئاسیایى ئه‌نگلۆسه‌كسۆنى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure