محەمەد تۆفیق عەللاوی .. ململانێ‌ دەروونییەكانی

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

ئامادەكردن و وەرگێڕانی: دواڕۆژ

سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق محەمەد تۆفیق عەللاوی مەینەتیەك رووی تێكردووە كە هیچ سەرۆك وەزیرێكی پێش خۆی مەینەتی وای نەبینیوە. جاران ململانێكە لەنێوان پێكهاتەكانی دەسەڵاتدا بوو بەڵام ئێستا ململانێكە لەنێوان پێكهاتەكانی دەسەڵات (بە دیاریكراوی شیعە) و میللەتی عێراقدایە بەشێوەیەكی گشتی، كە ئێستا خۆپیشاندەرەكان نوێنەرایەتی دەكەن. بەمەش عەللاوی رووبەڕووی سێ‌ جۆر ململانێ‌ دەبێتەوە:
1- ململانێی نێوان لایەنە نەرێنی و لایەنە ئەرێنییەكان، بۆ نموونە دامەزراندنی حكومەت. ئەمە سەختترین جۆری ململانێیە كە هەركەسێكگرفتاری ببێت تەواو ماندووی دەكات. چونكە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكان پەیوەستن بە یەكەوە و ئاڵۆزكاون بەسەر یەكدا. ئەگەر ئەم ململانێیە ماوەیەكی زۆر بخایەنێت ئەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوكێ‌ و سترێسی درێژخایەن. پێم وایە لەو رۆژەوەی كە عەللاوی بیری لێ كردووەتەوە خەوی تێكچووە. هەر بۆیە پەلەی كرد لە پێشنیاركردنی چەند ناوێك لە حكومەتەكەیدا، كە هەندێكیان لەسەر دەسەڵات حسابن و هەریەكەیان زیاتر لە گومانێكی لەسەرە. هەندێكی تریشیان لە خۆپیشاندەرانن و جەماوەر قبووڵیانن بەڵام ئەم كەسانە شارەزایی و لێهاتووییان نییە.
2- ململانێی نێوان دوو ئامانجی دژبەیەك، واتە تۆ دوو بژاردەت لەبەردەمدا بێت كە ناچاریت یەكێكیان هەڵببژێریت. ئەمەش ناچارت دەكات ئەوەیان هەڵببژێریت كە زیانی كەمترە یاخود پەنا ببەیت بۆ میكانیزمی دواخستن و خۆدزینەوە. (ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەنێوان مەرجەكانی حیزبەكانی ناو دەسەڵات و داواكاریی خۆپیشاندەراندا).
3- ململانێی ئارەزووە دژبەیەكە چەند بەرامبەرەكان: ئەمە كۆی گشتی هەردوو ململانێكەی سەرەوەیە كە بەهێزبوونی لایەنێكیان ناچارت دەكات ملی بۆ بدەیت و بژاردەكەی دیكە وەلابنێیت یان بەپێچەوانەوە. ئەم ململانێیە لە هەر 11 بەڵێنەكەی سەرۆك وەزیراندا هەستی پێدەكرێت.
كێشەی بەڕێز عەللاوی ئەوەیە كە بارودۆخی راستەقینەی قەیرانەكە لە عێراقدا و داواكاریی خۆپیشاندەران و رێنماییەكانی مەرجەعیەت و مافیە سیاسییەكان و بارودۆخی ئەمنی و بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گشتیان پێكەوە ناچاری دەكەن كە لەگەڵ هەموو بابەتە دژبەیەكەكاندا بژی بۆ چارەسەركردنی ململانێكان .. هەرە سەختەكەیان ململانێی جۆری یەكەمە، بە دیاریكراویش لە رووبەڕووبوونەوەی ترسناكترین و ناشیرینترین دیاردە كە تائێستا روویدابێت لە مێژووی عێراق و ناوچەكەدا ئەویش مەسەلەی گەندەڵیە. سەرۆك وەزیری پێشوو عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند كە بودجەكانی عێراق لە ساڵی 2003وە تائێستا گەیشتوونەتە 850 ملیار دۆلار. ئەگەر بیگۆڕیتەوە بە دیناری عێراقی ئەوا هەر هاووڵاتییەك 50 ملیۆن دیناری بەردەكەوێت و باقیەكەشی بەشی دروستكردنی ئەوەندە كارگە و كارخانە دەكات كە هەموو دەرچووانی بێكاری زانكۆكان بتوانن تیایدا دامەزرێن.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا عەللاوی هیچی پێدەكرێت یان ئەمیش وەك عەبادی پێش خۆیەتی، كە بەڵێنی دا بە دەستێكی پۆڵایین لە گەندەڵی بدات بەڵام لێی نەدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure