ئه‌و مێژووه‌ى خۆشم ده‌وێت

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ كچه‌ قوتابییه‌كى بچكۆله‌ بووم جوگرافیام خۆشویستووه‌ و رقم له‌ مێژوو بووه‌. جوگرافیا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ هزرى گه‌ڕۆك و خه‌یاڵى به‌پیتدایه‌. ئێسته‌ش بیرمه‌، بیرێكى پڕ له‌ چێژ و سه‌رسامیى ئه‌و ئه‌تڵه‌سه‌ى عێراق چۆن بوو كه‌ وه‌زاره‌تى مه‌عاریفى عێراقى كردبووه‌ مه‌نهه‌ج له‌ قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى عێراقدا.

پێموایه‌ هه‌ر ئازادبوونى ئه‌و خه‌یاڵه‌ منداڵییه‌ سه‌ربه‌سته‌ بووه‌ كه‌ له‌ ئاكامى ئه‌تڵه‌سه‌ ره‌نگاوڕه‌نگه‌ جوانه‌كه‌دا منى فڕێدایه‌ بوارى ئه‌ده‌به‌وه‌. به‌تایبه‌تیش بوارى رۆمانه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌ده‌ب گه‌شتێكه‌ به‌ناو جوگرافیاكانى سروشت و مرۆڤدا.

به‌ڵام مێژوو چیرۆكێكى دیكه‌ى پێچه‌وانه‌یه‌. له‌سه‌رده‌مى منداڵیمدا مێژوو وه‌ك سندوقێكى داخراو ده‌هاته‌ به‌رچاوم كه‌ سیخناخ كرابێت له‌ درۆ و كرده‌وه‌ى كه‌سانى ترسناك كه‌ زیاتر له‌ ئه‌ژدیها ده‌چن: كوشتن و په‌لامار و سه‌ربڕین و رق و كینه‌ و گه‌وره‌كردنى هه‌سته‌ شۆڤێنییه‌كان و به‌ جۆرێك كه‌ جیهانى كردووه‌ته‌ كۆمه‌ڵێك دورگه‌ى لێك جیاكراوه‌ و خه‌ڵكانێك تیایدا ده‌ژین هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى مرۆیى پێكیانه‌وه‌ نابه‌ستێت. به‌ڵام سوپاسێكى گه‌وره‌ بۆ بیڵ گه‌یتس: كتێبخانه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئه‌م پیاوه‌ كارئاسانى بۆ كردم بۆ تێگه‌یشتن و دۆزینه‌وه‌ى چه‌مكى (مێژووى گه‌وره‌) و به‌م كاره‌ تێڕوانینم بۆ مێژوو سه‌رله‌نوێ داڕێژرایه‌وه‌.

ناونیشانه‌ قه‌به‌كه‌ى ئه‌م كتێبه‌ كه‌ ریتمێكى درامی گه‌وره‌ى هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ وامان لێبكات هه‌ست بكه‌ین مێژووه‌كه‌ ته‌واوى رووداوه‌ مرۆییه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ به‌ بچوك و گه‌وره‌یانه‌وه‌: به‌ڵام واتا دیاریكراوه‌كه‌ى ئه‌و مێژووه‌ گشتگیره‌ بریتییه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ى چیرۆكى گه‌ردون له‌ ته‌قینه‌وە گه‌وره‌كه‌وه‌ تا نیشانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى دروستبوونى ژیان و ئینجا دروستبوونى به‌رزترین شێوه‌كانى كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگەكانى مرۆڤ. 

ئه‌م جۆره‌ گێڕانه‌وه‌یه‌ى مێژوو راستییه‌كى گرنگمان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ هه‌موو شتێك له‌م گه‌ردونه‌دا به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ زنجیره‌یه‌ك هۆكار له‌گه‌ڵ شته‌كانى دیكه‌دا. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆى خوڵقاندنى به‌رچاوڕوونییه‌كى گرنگ بۆ مرۆڤ كه‌ بتوانێت ئه‌نجامگیریى بكات له‌ڕێى تێگه‌یشتن له‌و زانیارییه‌ تێكئاڵاوانه‌ و ئینجا بیانتوێنێته‌وه‌ له‌ یه‌ك چیرۆكى رووندا كه‌ ئاره‌زووى زانین به‌هێزتر ده‌كات و ئاگرى فیزه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان خامۆش ده‌كات كه‌ پێى وایه‌ هه‌ندێك ره‌گه‌ز له‌ ره‌گه‌زه‌كانى دیكه‌ له‌پێشترن.

له‌ڕاستیدا تێگه‌یشتن له‌ چیرۆكى مێژووه‌ گه‌وره‌كه‌ى مرۆڤایه‌تى به‌و واتایه‌ى كه‌ روونم كرده‌وه‌ بابه‌تێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ وێناكردنى ئاینده‌ كه‌ به‌ره‌وڕووى ده‌ڕۆین له‌و چركه‌ساته‌ى ئێستادا شێوه‌ گشتییه‌كه‌یمان له‌به‌رچاوه‌.

خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م جۆره‌ مێژووانه‌ به‌ هۆشیارى و پشوودرێژییه‌وه‌ وا له‌ هاووڵاتى سه‌ده‌ى 21 ده‌كات به‌ تێڕوانینێكى بێ وێنه‌ و هاوچه‌رخه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌كان بڕوانێت و باشتر له‌ پێگه‌ى مرۆڤ له‌م گه‌ردونه‌دا تێبگات. ئینجا درك بكات به‌ په‌یوه‌ندییه‌ تێكئاڵاوه‌كانى نێوان مرۆڤ و هه‌موو هه‌بووه‌كانى ترى ئه‌م جیهان و گه‌ردوونه‌ بێ ئه‌وه‌ى بارى قورسى ئایدۆلۆجیا شێوێنده‌ره‌كان هه‌ڵبگرێت – واته‌ ئه‌و باره‌ قورسانه‌ى كه‌ چیتر به‌كه‌ڵكى مامه‌ڵه‌كردن نایه‌ن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ پڕ گیروگرفته‌ماندا، چونكه‌ ئایدۆلۆجیا ته‌نیا هه‌ر ئاگره‌كان خۆش ده‌كات.

زانست و ته‌كنه‌لۆجیا واقیعێكى تازه‌ى وایان سه‌پاندووه‌ كه‌ ناچارین به‌ شێوه‌یه‌كى زانستى مێژووى سروشتى و مرۆیى خۆمان بنووسینه‌وه‌. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ جۆره‌ ئاڵۆزه‌كانى سروشت له‌ چوارچێوه‌ى كۆیه‌كى یه‌كگرتووى زیندوودا كارلێك ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا.

خۆزگه‌ عێراقییه‌كان ئه‌م مێژووه‌ گه‌وره‌یه‌یان خۆشده‌ویست و ده‌یانكرد به‌ توخمێكى زیندوو له‌ دروستكردنه‌وه‌ى كه‌لتوورى خۆیاندا، ئه‌و كه‌لتووره‌ى كه‌ هه‌قایه‌ته‌ درۆكان و ئایدۆلۆجیا نه‌زۆكه‌كان بنكۆڵیان كردوون.

پ: چ.ع

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure