جیهان به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

به‌شى یه‌كه‌م

پاش هه‌ره‌سهێنانى دیوارى به‌رلین فڕه‌نسیس فۆكۆیاما رایگه‌یاند كه‌ خۆرئاوا له‌ سایه‌ى سیستمى دیموكراسى لیبراڵه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووى جه‌نگه‌ ئایدۆلۆجییه‌كانه‌. قسه‌یه‌كى به‌ناوبانگیشى كرد كه‌ گوایه‌ ئیتر مێژوو كۆتایى هاتووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژوو به‌ كۆڵێك رق و كینه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى تۆڵه‌سه‌ندن گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

له‌ڕاستیدا شێواندنى ئه‌و نه‌زمانه‌ى كه‌ كۆمه‌ڵگا خووى پێوه‌گرتوون كاردانه‌وه‌ى قورسى به‌دوادا دێت. ساڵانى 1990 تا 2008 به‌لاى ئابووریناسه‌كانه‌وه‌ قۆناغێكه‌ ناوى لێ نراوه‌ (قۆناغه‌ میانڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌). ئه‌م قۆناغه‌ میانڕه‌وه‌ له‌ پایزى ساڵى 2007دا رووبه‌ڕووى قه‌یرانێك بووه‌وه‌ كه‌ تا به‌هارى ساڵى 2019 درێژه‌ى كێشا و له‌ ئه‌نجامدا قۆناغه‌كه‌ كۆتایى هات و ئیتر هیچ شتێك نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر دۆخى جارانى.

تێكچوونى ئه‌و قۆناغه‌ میانڕه‌وه‌ و ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ ئابوورییه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراوى خه‌ڵك و روخاندنى رژێمه‌ سیاسیه‌كانى چه‌ندین وڵاتى لێكه‌وته‌وه‌.

له‌مبه‌رو ئه‌وبه‌رى ئۆقیانووسى ئه‌تڵه‌سیدا دانیشتووانى بریتانیا و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامى ئه‌و رق و كینه‌ په‌نگخواردووه‌وه‌یان به‌ شێوه‌ی زلله‌یه‌كى كتوپڕ ئاڕاسته‌ى كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى كرد: نه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ى برێكزید و نه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ساڵى 2016ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا هیچیان پێشبینیكراو نه‌بوون.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو رووداوه‌ بخه‌ینه‌ لاوه‌، ده‌بینین جیهان كه‌م تا زۆرێك هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه‌ كه‌ هه‌بووه‌: خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌ر شێواوه‌، دانیشتووانى ئه‌مریكاى باكوور و ئه‌وروپاى خۆرئاوا به‌رزترین ئاستى ژیانیان هه‌یه‌، ئه‌مریكاى باشوور هێشتا هه‌ر له‌ هه‌وڵێكى دژواردایه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانى ئابووریى، خۆرهه‌ڵاتى دوور درێژه‌ ده‌دات به‌ گه‌شه‌ ئابوورییه‌ سه‌رسامهێنه‌ره‌كه‌ى. وڵاتى چین له‌مه‌ولاش به‌ پشتبه‌ستن به‌ چینى ناوه‌ڕاستى خۆى درێژه‌ به‌ گه‌شه‌كردنى ئابووریى بدات چونكه‌ ئه‌و چینه‌ ناوه‌ڕاسته‌ ده‌توانێت هاوشانى چینى ناوه‌ڕاستى وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان پاره‌ خه‌رج بكات.

كه‌واته‌ ئایا ده‌توانین به‌ خه‌یاڵێكى ره‌حه‌ته‌وه‌ بڵێین كه‌ دنیاى سبه‌ینێ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان هاوشێوه‌ى دنیاى ئه‌مڕۆ ده‌بێت؟ وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ كورتى نه‌خێره‌. نه‌خێر به‌ هیچ جۆرێك وانییه‌.
ساڵى 2020 سه‌ره‌تاى ده‌یه‌یه‌كى تازه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریى بنچینه‌یى درێژخایه‌ن و كاریگه‌ر و پێشبینینه‌كراو خۆیان تێدا حه‌شار داوه‌. واته‌ ئه‌و گۆڕانكاریى و رووداوانه‌ى كه‌ له‌ 10 ساڵى رابوردوودا به‌ ئاشكرا هه‌ستمان پێكرد كارلێك و ئه‌نجامه‌كانیان له‌سه‌ریه‌كتر به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆمان ئاشكرا نین.

وڵاتى چین له‌ ماوه‌ى 30 ساڵدا توانى زیاتر له‌ 500 ملیۆن مرۆڤ له‌ هه‌ژاریى و كوێره‌وه‌رى رزگار بكات. په‌كین له‌ سایه‌ى گه‌شه‌ى ئابووریى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ و له‌ سایه‌ى به‌هێزكردنى چینى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ ده‌توانێت درێژه‌ به‌و گه‌شه‌ ئابوورییه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ى بدات. له‌ ئه‌زموونه‌كانى رابوردووه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ زیادبوونى ده‌سه‌ڵاتى ئابووریى وڵات تووشى كه‌ڵكه‌ڵه‌ى جیۆپۆلیتیكى ده‌كات. ئیمپراتۆرى عوسمانى و بریتانیاى مه‌زن و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ نیوه‌ى دووهه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا، هه‌وڵیان داوه‌ سنوورى ده‌سه‌ڵاتیان فراوانتر بكه‌ن و چونكه‌ شه‌ڕ و ململانێوه‌ له‌ ناوچه‌ى وادا كه‌ هه‌زاران كیلۆمه‌تر له‌ سنوورى خۆیانه‌وه‌ دووربوون. ئێستا هه‌مان كه‌ڵكه‌ڵه‌ له‌لای سه‌ركرده‌كانى چینیش ده‌بینین. سه‌رمایه‌گوزاریكردنى زۆر له‌ وڵاتانى ئه‌فریقا و دروستكردنى به‌نده‌ر له‌ وڵاتانى ئاسیادا نموونه‌یه‌كى ئه‌و ته‌ماعكاریى و كه‌ڵكه‌ڵه‌ سیاسییانه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure