ئه‌گه‌ر وتووێژه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

نووسینى: عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌لڕاشد
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستین ژیانى بۆ گه‌ڕایه‌وه‌ و بووه‌وه‌ به‌ بابه‌تى قسه‌وباس. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌كى باشه‌ پاش فه‌رامۆشكردنێكى دوورودرێژ. كاردانه‌وه‌كان به‌رامبه‌ر به‌و پڕۆژه‌ى كه‌ ناوى لێنراوه‌ گرێبه‌ستى سه‌ده‌ گوزارشت كردنه‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان. ئیسرائیلییه‌كان ده‌ڵێن نه‌خشه‌كه‌ هه‌نگاوێكى مه‌زنه‌ هه‌رچه‌نده‌ هێشتا ورده‌كارییه‌كانیمان پێنه‌گه‌یشتووه‌. فه‌له‌ستینییه‌كان هه‌ڵوێسته‌ كۆنه‌كه‌یان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌، نه‌خشه‌كه‌ ره‌د ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ نازانین چییه‌ و ره‌نگه‌ ته‌نیا هه‌وڵێك بێت بۆ رزگاركردنى بنیامین ناتانیاهۆ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى زیندانیكردنى له‌سه‌ره‌.
ده‌توانین بڵێین ته‌مه‌نێك به‌سه‌ر پڕۆژه‌كانى ئاشتیدا تێپه‌ڕیوه‌. دیاره‌ جیهان راناوه‌ستێت. چه‌ندین رژێم هه‌ره‌سیان هێنا، چه‌ندین سه‌ركرده‌ نه‌مان، وه‌ك قه‌زافى و سه‌دام. سنوور و هزر و نه‌وه‌كان گۆڕاون. سودان نیوه‌ى خاكه‌كه‌ى له‌ده‌ست داوه‌، سوریا وێران كراوه‌. به‌ها ستراتیجییه‌كه‌ى ناوچه‌كه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ى پیترۆڵ له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ و نه‌وت نیوه‌ى نرخ و هێزى خۆى له‌ده‌ست داوه‌. 
مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانى سه‌ر به‌ نه‌وه‌ى كۆن نازانن ئه‌م گۆڕانكارییه‌ گه‌ورانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان چه‌نده‌ ترسناكن. به‌ڵگه‌كه‌شم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستاش هه‌روه‌كو جاران مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ كێشه‌ى فه‌له‌ستیندا و هه‌ڵوێستیان نه‌گۆڕاوه‌. ئیسرائیلییه‌كان وایان پێ باشتره‌ دۆسیه‌ى مه‌سه‌له‌كه‌ دابخه‌ن. له‌مه‌شدا گره‌و له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى ره‌دكه‌ره‌وه‌ى فه‌له‌ستینى ده‌كه‌ن كه‌ ده‌زانن به‌شدارى له‌ وتووێژدا ناكه‌ن. هه‌ندێك له‌ گروپه‌ فه‌له‌ستینیه‌كانیش خاوه‌نى بڕیارى خۆیان نین به‌ڵكو بڕیاره‌كه‌یان به‌ده‌ست وڵاتانى وه‌كو ئێران و سوریاوه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى جیاوازیان هه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى فه‌له‌ستینییه‌كان.
له‌ڕاستیدا هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ك بگیرێت به‌شێك له‌ راستگۆیى تێدایه‌. چونكه‌ رێكه‌وتنه‌ سنوورداره‌ ئاشتییه‌كانى جاران به‌شێوه‌یه‌كى كه‌م سوودى به‌ مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستین گه‌یاندووه‌. رێككه‌وتننامه‌ى ئۆسلۆ پێكهاته‌یه‌كى ئیداریى له‌سه‌ر زه‌ویى و شه‌رعیه‌تێكى نێوده‌وڵه‌تى به‌ فه‌له‌ستینیه‌كان به‌خشى پاش ئه‌وه‌ى كه‌ رێكخراوێكى دوورخراوه‌بوو له‌ تونسدا. ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌رفه‌تى ره‌خساند 150 هه‌زار فه‌له‌ستینى بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ى خۆیان. باشترین هاوپه‌یمانى ئیسرائیل ئێرانه‌ چونكه‌ له‌ڕێى گروپه‌ فه‌له‌ستینیه‌ هه‌واداره‌كانییه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانى وتووێژى له‌ رابوردوودا له‌ناوبرد. به‌ چى؟ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ و دروستكردنى گومان و ئاژه‌وه‌گێڕیى و له‌كه‌داركردنى شه‌رعیه‌تى سه‌رۆكى كۆچكردوو یاسر عه‌ره‌فات كه‌ به‌ مردنى ئه‌و هه‌وڵه‌كان وه‌ستان.
هه‌میشه‌ تاقه‌ دۆڕاوى تێكدانى پڕۆژه‌كانى ئاشتى ته‌نیا هه‌ر فه‌له‌ستینیه‌كان بون نه‌ك ئێرانییه‌كان و ئیسرائیلییه‌كان. چونكه‌ هه‌موو رۆژێك سنوورى ئیسرائیل فراوانتر ده‌بێ و زه‌وییه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان بچوكتر ده‌بنه‌وه‌.
بیانووى ره‌دكردنه‌وه‌ى وتووێژ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا دۆناڵد ترامپ لایه‌نى ئیسرائیل ده‌گرێت. له‌ڕاستیدا هه‌موو سه‌رۆكه‌كانى پێشووترى ئه‌مریكاش له‌سه‌ر ئیسرائیل بوون، كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وكاته‌ ده‌سه‌ڵاتى فه‌له‌ستینى گفتوگۆى له‌گه‌ڵدا ده‌كردن. ئه‌گه‌ر به‌ بڕیاره‌كانى پێشووى ترامپدا بچینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئیسرائیل ده‌بینین ئه‌و بڕیارانه‌ واقیعى حاڵیان قبووڵ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگده‌رانى وڵاته‌كه‌ى بۆ خۆى رابكێشێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیارانه‌ هیچ شه‌رعیه‌تێكیان نییه‌. گواستنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ بۆ قودس ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ له‌ یاساى نێوده‌وڵه‌تیدا قودس دراوه‌ به‌ ئیسرائیل جگه‌ له‌ به‌شى خۆرئاواى. ئه‌و راگه‌یاندنه‌ش كه‌ ده‌ڵێت به‌رزاییه‌كانى جۆلان سه‌ر به‌ ئیسرائیلن هیچ كاریگه‌رییه‌كى نییه‌ چونكه‌ له‌ نه‌خشه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا جۆلان زه‌وییه‌كى سوریى داگیركراوه‌.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ى له‌ كرده‌وه‌كانى ترامپ ترسناكتره‌ خۆدوورخستنه‌وه‌ى فه‌له‌ستینییه‌كانه‌ چونكه‌ دانیشتوون و چاوه‌ڕێى موعجیزه‌یه‌ك ده‌كه‌ن له‌ ئاسمانه‌وه‌. مه‌حمود عه‌باسى سه‌رۆكى فه‌له‌ستینى ره‌نگه‌ تاقه‌ كه‌س بێت بتوانێت ئه‌م جه‌نگی دانووستانه‌ نوێیه‌ بكات چونكه‌ له‌ڕووى مێژووییه‌وه‌ كۆنترۆین سه‌ركرده‌یه‌ و له‌ هه‌موویان ئه‌قڵانیتره‌ و ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه‌ ئاژاوه‌ و بێسه‌روبه‌رى 16 ساڵ بوو له‌و ناوچه‌یه‌دا ریشه‌ى داكوتابوو، واته‌ له‌دواى مردنى یاسر عه‌ره‌فاته‌وه‌.
ئایا قبووڵكردنى بانگهێشته‌كه‌ى ترامپ به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ فه‌له‌ستینییه‌كه‌ چه‌كى به‌تاڵ ئیمزا بكات؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر.
دانیشتن و گفتوگۆ و نیشاندانى نیازپاكى گرنگن. كه‌س چاره‌سه‌رێك ناسه‌پێنێت كه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان نه‌یانه‌وێت.
ئیسرائیلییه‌كان زیره‌كن بۆیه‌ به‌شدارى ده‌كه‌ن له‌ وتووێژه‌كاندا هه‌رچه‌نده‌ زۆر حه‌زیان به‌ دانووستانكردن نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ى كه‌ هه‌یه‌ چونكه‌ ئێستا له‌ سایه‌ى ئه‌م بارودۆخه‌وه‌ هه‌م زه‌وییان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و هه‌م ده‌سه‌ڵاتیش. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ ئه‌رێنى مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ترامپدا كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ڵببژێردرێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا و ده‌سه‌ڵاتێكى زه‌به‌لاحى هه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئیسرائیلییه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌كارى بهێنن یان هیچ نه‌بێت زیانه‌كانى له‌سه‌رخۆیان كه‌مبكه‌نه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure