كاره‌ساتی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

نووسینی: عاید سه‌عید ئه‌لسه‌ڕاج
وه‌رگێڕانی: دواڕۆژ

هیچ نامكوژێت ئه‌م وێرانبوونه‌ رۆشنبیرییه‌ نه‌بێت كه‌ ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ من ئه‌زانم كه‌ به‌ردی بناغه‌ی نه‌ته‌وه‌ ره‌وشته‌. دڵنیاشم كه‌ دیكتاتۆره‌كان هه‌موو شتێك وێران ئه‌كه‌ن. ئه‌وه‌ش ئه‌زانم ئه‌وه‌ی كه‌ مرۆڤ بریندارئه‌كات ته‌نیا هه‌ر ئه‌و چه‌كه‌ نییه‌ كه‌ به‌ده‌ست پیاوی ترسنۆكه‌وه‌یه‌ به‌ڵكو پاره‌ی لای به‌كرێگیراو و گه‌جه‌روگوجه‌ریش هه‌موو شتێك ده‌شێوێنێ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست تاقمێكه‌وه‌ پێیان وابێت خاك و خه‌ڵكه‌كه‌ خزمه‌تكاری ئه‌وانن. 

ئه‌وكاته‌ ئیتر خه‌ڵكی ده‌بنه‌ خزمه‌تكار و ویژدان ده‌بێته‌ كاڵایه‌كی هه‌رزان. له‌ بارودۆخی وادا پیاهه‌ڵدان و ماستاوچێتی بره‌و په‌یدا ده‌كه‌ن. 

خه‌ڵكی هیچوپوچ ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر داموده‌زگا رۆشنبیری و هونه‌رییه‌كاندا. ئیتر زۆر ئاسایی ده‌بێت ئه‌دیب و نووسه‌ر له‌برسا بمرن، به‌هره‌كان له‌سه‌ر بێشكه‌ له‌ناوببرێن یاخود بخرێنه‌ خزمه‌تی گاڵته‌جاڕییه‌كی بێئامانه‌وه‌. گرنگ نییه‌ هونه‌ر بمرێت چونكه‌ هه‌موو شتێك رێپێدراوه‌ مادام هیچ یاسا و رێسایه‌ك له‌ئارادا نییه‌. 

من ده‌زانم نووسه‌ر هه‌یه‌ به‌ هێواشی خۆی ده‌كوژێت. رۆژ له‌دوای رۆژ ده‌مرێت به‌به‌رچاوی هه‌موانه‌وه‌. نووسه‌ری داهێنه‌ر كه‌ پاره‌ی كولێره‌یه‌كی پێنییه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیدا كارێكی ده‌ستناكه‌وێت. تاوانه‌كه‌شی ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داموده‌زگاكانی وڵاته‌كه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ ده‌سته‌مۆیان بكه‌ن، ئاماده‌نین به‌ هیچ نرخێك ویژدان و قه‌ڵه‌م بفرۆشن، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ژارییان قبوڵكردووه‌ و چاوه‌ڕێی مه‌رگن. 

له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌ واوێك له‌ سكیاندا نییه‌ لافی ئه‌دیبی و رۆشنبیری و هونه‌رمه‌ندی لێده‌ده‌ن ده‌بنه‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی میلله‌ت. ئێستا ره‌چه‌ته‌یه‌ك داهاتووه‌ ده‌ڵێت فێرببه‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك ببیت به‌ شاعیر. هیچ شه‌رمیش ناكه‌ن. به‌های ئه‌ده‌بی پێوه‌رنییه‌ بۆ نووسینی چیرۆك و شیعر ئیتر قه‌یچێكا هه‌رچی هه‌ستا ببێت به‌ ئه‌دیب و نووسه‌ر؟ ئای كه‌ مایه‌ی نه‌نگییه‌ ئه‌م گاڵته‌جاڕییه‌! 

ئه‌م كاره‌ساته‌ی كه‌ جوانترین شانازیی نیشتمان وێران ده‌كات كه‌ مرۆڤی داهێنه‌ره‌. بێئاگان له‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ گه‌وره‌كانی شه‌كسپیر و موته‌نه‌بی و هاوشانه‌كانی بوون ئێمه‌یان ئاشنا كرد به‌ چه‌ندین سه‌رده‌م و شارستانی، به‌ڵام ئه‌ده‌ب و هونه‌ری هه‌رزان و بێبایه‌خ خه‌ڵكه‌كه‌ش و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ش سووك ده‌كه‌ن. ئیتر به‌ چ ئه‌قڵێكه‌وه‌ داموده‌زگای ره‌سمی له‌پشت ئه‌مجۆره‌ رۆشنبیرییه‌وه‌ بێت؟ بودجه‌ی زۆری بۆ ته‌رخانبكات؟ بودجه‌یه‌ك كه‌ ژیانی هه‌زاران نووسه‌ری پێ رزگار ده‌كرێت. له‌ وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا زۆر ئه‌دیب و بیرمه‌ند و زانا و رۆشنبیر هه‌ن كه‌ كه‌س گوێیان پێنادات ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆیان نه‌فرۆشتووه‌. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure