نیشتمانى بیرمه‌ند

بۆچوون / بیروڕا :: 23/01/2020


وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ

پاش ئه‌زموونێكى دوورودرێژ له‌گه‌ڵ بیرى مرۆڤایه‌تیدا بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ فكر نیشتمانى مرۆڤێكه‌ كه‌ بیربكاته‌وه‌. بوارى بیركردنه‌وه‌ هه‌موو شتێكى ئه‌و جۆره‌ مرۆڤه‌ی، عیشق و پابه‌ندبوون و چاره‌نووسیه‌تى .. بیرۆكه‌كانى وه‌ك خزم و كه‌سوكار و خێڵ و ره‌نگى پێست و جگه‌رگۆشه‌كانیه‌تى. بگره‌ خوودى خۆیه‌تى و گرنگترین و قووڵترین به‌شى هۆش و ئه‌قڵیه‌تى بۆیه‌ پێویسته‌ په‌له‌ نه‌كات له‌وه‌ى كه‌ پابه‌ندى هیچ هزرێك بێت و له‌ڕووى فكره‌وه‌ به‌لاى هیچ لایه‌ن و ره‌وت و كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا نه‌چێت پێش دڵنیابوون له‌ سه‌لامه‌تییان له‌ڕووى هزره‌وه‌.

له‌ڕاستیدا گه‌شه‌سه‌ندوترین كۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌ كه‌ كۆڵه‌كه‌كانى بریتین له‌ ئه‌قڵانیه‌ت و ریالیستى و زانستى ئه‌زموونگه‌رایى و هزرى رۆشنگه‌ریى گه‌ردوونى.

دواكه‌وتوترین و سه‌ره‌تاییترین كۆمه‌ڵگاش ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌كانى ره‌نگ و چین و مه‌زهه‌ب دامه‌زراون. كۆمه‌ڵه‌ مرۆییه‌ باڵاكان مرۆڤ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كى پته‌وى زانست و خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانى ره‌وشتى گشتى كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماكانى مرۆڤایه‌تى و گه‌ردوونى دامه‌زراون، هه‌موو پۆلێنكردنێكى ته‌سك و هه‌موو جیاوازیكارییه‌ك له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا ره‌د ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ هه‌رێمى و تائیفیی و مه‌زهه‌بى و چینایه‌تیه‌كان جیاوازیى ده‌كه‌ن له‌نێوانى كورد و تورك و ئه‌ڵمانى و فڕه‌نسى و موسڵمان و مه‌سیحى و جوله‌كه‌ و بودى و بێ باوه‌ڕ و ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار و كۆیله‌ و ئاغا و بازرگان و تادوایى.

پێم خۆشه‌ راستیه‌كتان پێ بڵێم، كۆمه‌ڵگا باڵاكان كۆمه‌ڵگاى مرۆیی ته‌واون چونكه‌ له‌سه‌ر ئه‌قڵى رۆشنگه‌ریى دامه‌زراون ئه‌و ئه‌قڵه‌ى كه‌ باوه‌ڕى به‌ لۆجیكى ئازادى ته‌ندروست هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ مرۆڤ جیاده‌كاته‌وه‌ له‌ زینده‌وه‌ره‌كانى تر. 

به‌ڵام كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌ كۆنه‌په‌رسته‌كان كۆمه‌ڵگاى سه‌ره‌تایى مێگه‌لین كه‌ مرۆڤ داده‌بڕن له‌ ناوه‌ڕۆكه‌ ئه‌قڵانیه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى مرۆڤ بكه‌نه‌ وێنه‌یه‌كى بێ گیانى كۆمه‌ڵه‌كه‌ و هه‌ر ئه‌و ره‌نگه‌ میراتیه‌ هه‌ڵگرێت كه‌ پشتاوپشت ماوه‌ته‌وه‌ و له‌سه‌ر خه‌یاڵى پابه‌ندبوونێكى ته‌سك ده‌ژى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure