كۆچ له‌لاى ماركس

بۆچوون / بیروڕا :: 22/01/2020

ساڵى 1870 كارل ماركس له‌ نامه‌یه‌كى تایبه‌تدا بۆ دوو هاوڕێى خۆى كۆمه‌ڵێك تێبینى گرنگى ده‌رباره‌ى كۆچ ئاشكرا كردووه‌ وه‌ك نموونه‌یه‌ك كۆچكردنى ئایرله‌ندییه‌كانى بۆ بریتانیا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌. 

ماركس ده‌ڵێت سیاسه‌تى ئینگلیز به‌رامبه‌ر ئایرله‌ندا له‌سه‌ر بناغه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ئابوورییه‌كانى سه‌رمایه‌داره‌ پیشه‌سازییه‌كان و خاوه‌ن موڵكه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌. هه‌ردووكیان به‌رژه‌وه‌ندیان له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئایرله‌ندا ته‌نیا له‌وه‌ڕگایه‌ك بێت خوورى و گۆشتى هه‌رزان بۆ بازاڕى ئینگلیز دابین بكات. هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندیشى له‌وه‌دا بووه‌ ژماره‌ى دانیشتوانى ئایرله‌ندا به‌ نزمى بهێڵێته‌وه‌ له‌ڕێى چۆڵكردن و كۆچپێكردنى زۆره‌ملێ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رمایه‌ى ئینگلیزى به‌بێ كێشه‌ بكه‌وێته‌گه‌ڕ له‌و وڵاته‌دا.

ماركس له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت له‌م دوو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گرنگتر بۆ بریتانیا كۆچپێكردنى به‌زۆرى كرێكارانى ئایرله‌ندایه‌ بۆ ئینگلته‌را. به‌و مه‌به‌سته‌ى كه‌ چینى كرێكار دابه‌ش بكات بۆ دوو ئۆردوگاى دژبه‌یه‌ك، زه‌حمه‌تكێشه‌ ئینگلیزه‌كان و زه‌حمه‌تكێشه‌ ئایرله‌ندیه‌كان كه‌ رقیان له‌ یه‌كترى بێت و له‌و ركابه‌رایه‌تیه‌دا كرێى كار كه‌م ببێته‌وه‌. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ كرێكارى ئینگلیز خۆى به‌ به‌شێك له‌ نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌ست ده‌زانێت و له‌ زۆر مه‌سه‌له‌دا ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌لاى ده‌ستى ده‌ره‌به‌گ و سه‌رمایه‌داره‌ ئینگلیزه‌كان.

ئه‌م تێڕوانینه‌ هاوشێوه‌ى تێڕوانینى سپى پێسته‌ هه‌ژاره‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكایه‌ له‌ ره‌شپێسته‌ به‌كۆیله‌كراوه‌كان. چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ هه‌موو ئامراز و رێگایه‌ك به‌كارده‌هێنن بۆ قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و ناكۆكیى و دوژمنایه‌تیه‌. هه‌ر ئه‌م دوژمنایه‌تیه‌شه‌ چینى كرێكارى ئینگلیزى بێتوانا كردووه‌.

نكوڵى له‌وه‌ ناكرێت كه‌ كۆچكردن ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زینى كرێى كار به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌روا ساده‌ نییه‌ و پڕۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزه‌. چونكه‌ هاتنى كرێكارى كۆچبه‌ر بۆ وڵاتێك له‌سه‌ر ئاستێكى كورتمه‌ودا ده‌بێته‌ هۆى دابه‌زینى كرێى كار به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕبوونى كات كرێكان سه‌قامگیر ده‌بن. چونكه‌ ئه‌م كۆچبه‌ره‌ تازانه‌ پێویستیان به‌ كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌ واته‌ پێویستیان به‌ كرێكاره‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ كێشه‌ى نه‌زانینى زمانى ئه‌و وڵاته‌ش رێگرێكه‌ له‌وه‌ى كه‌ كرێكاره‌ بیانیه‌كان بتوانن له‌ هه‌ندێك بواردا كاربكه‌ن و سه‌رئه‌نجام كرێكاره‌ خۆماڵییه‌كان ئیشى به‌رزتر به‌ده‌ست ده‌هێنن.

ئابووریناسه‌كان ئه‌م خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه‌ى ماركس سه‌رنجى رانه‌كێشاون كه‌ چینى ده‌سه‌ڵاتدار كۆچ به‌كارده‌هێنێت بۆ خوڵقاندنى چینێكى كرێكارى لاوازى دابه‌شبوو. كه‌ له‌ڕاستیدا شێوازى رق و كینه‌ رۆڵى مێژوویى ده‌بینن له‌ یه‌كخستنى كرێكاران و رێكخستنیدا.

كرۆكى بۆچوونه‌كه‌ى ماركس له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كۆچ و سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و دروستبوونى ركابه‌رى له‌نێوان كرێكاراندا كۆچبه‌ران نین. به‌ڵكو سروشتى سیستمى سه‌رمایه‌دارییه‌. سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى 150 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌ هێشتا ئه‌م شیكردنه‌وه‌یه‌ زانستیترین توێژینه‌وه‌یه‌ بۆ ئاشكراكردنى پاڵنه‌ره‌كانى كۆچ و سوودمه‌نده‌كانى ئه‌م دیارده‌یه‌ كه‌ ئێستا زۆر له‌ جاران فراوانتر و كاره‌ساتبارتره‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure