ته‌نزنووس هه‌رگیز ده‌ستبه‌ردارى ته‌نزه‌كانى خۆى نابێت

بۆچوون / بیروڕا :: 21/01/2020

وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: دواڕۆژ

ریچارد شریدان داهێنه‌رترین نووسه‌رى گاڵته‌جاڕ بوو له‌ شانۆى ئینگلیزیدا. سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى نزیكه‌ى دوو سه‌د ساڵ به‌سه‌ر مردنیدا، كه‌م ساڵ هه‌یه‌ شانۆكانى بریتانیا به‌رهه‌مێكى ئه‌م نووسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ بڵاونه‌كه‌نه‌وه‌.

شریدان ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌ى كه‌ بوو به‌ په‌ڕله‌مانتاریش ده‌ستبه‌ردارى قۆشمه‌چیه‌ته‌كه‌ى خۆى نه‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌ لێدوان و وتاره‌كانیشدا وه‌ك په‌ڕله‌مانتار. په‌ڕله‌مانتاره‌كانى دیكه‌ و ته‌ماشاكه‌ران به‌ شه‌وقه‌وه‌ چاوه‌ڕوان بوون قسه‌یه‌ك بكات و له‌ بابه‌تێكدا هه‌ڵبداتێ، به‌ڵام گه‌وره‌ترین مه‌راقى ئه‌م پیاوه‌ شانۆ بوو. له‌ شانۆدا زۆرى به‌ده‌ستهێنا و زۆریشى له‌كیس چوو. گه‌وره‌ترین زیانێك كه‌ پێى گه‌یشت سووتانى شانۆكه‌ى بوو كه‌ پاره‌یه‌كى زۆرى تێدا سه‌رف كردبوو.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاگربه‌ربوون له‌ شانۆكانى خۆرئاوادا شتێكى باو بوو چونكه‌ شانۆكان له‌ ته‌خته‌ دروست ده‌كران و به‌ مۆم و مه‌شخه‌ڵى ئاگرین رووناك ده‌كرانه‌وه‌. ئه‌مانه‌ش هه‌موو كاتێك بۆیان هه‌بووه‌ ببنه‌ هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌.

شریدان ئه‌م شانۆیه‌ى هێنده‌ خۆش ده‌ویست كه‌ له‌ دروستكردن و رازاندنه‌وه‌یدا پاره‌یه‌كى زۆرى سه‌رف كرد هه‌تا كردیه‌ شوێنێكى سه‌رنجڕاكێشى وا كه‌ خه‌ڵك بلیتى ده‌بڕى ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ناوه‌وه‌ بیبینن. ئه‌م شانۆیه‌ خانمه‌ شۆخه‌كانى راده‌كێشا بۆخۆى. زۆربه‌ى به‌رهه‌مه‌ نمایشكراوه‌كانى سه‌ر ئه‌م شانۆیه‌ به‌رهه‌مه‌كانى شریدان بوو.

شریدان زۆرجار نه‌یده‌په‌رژایه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌كانى وه‌ك په‌ڕله‌مانتارێك چونكه‌ زوربه‌ى كاته‌كه‌ى له‌و شانۆیه‌دا به‌سه‌رده‌برد. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ى كه‌ شانۆكه‌ سووتا، له‌ 24ى شوباتى ساڵى 1809دا ئه‌و له‌وێ نه‌بوو. كاتێك كه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان پێ راگه‌یاند به‌ په‌له‌ خۆى گه‌یانده‌ شانۆكه‌ى كه‌ ئاگرى لێ به‌رز ده‌بووه‌وه‌ و تیمه‌كانى ئاگركوژێنه‌وه‌ش سه‌رقاڵى ئه‌وه‌بوون نه‌هێڵن ئاگره‌كه‌ بڵاو ببێته‌وه‌. شریدان كه‌ زانى هیچى پێناكرێت له‌ باڕێكى به‌رامبه‌ر شانۆكه‌یدا دانیشتوو داواى بوتڵێ شه‌رابى كرد و ده‌ستیكرد به‌ شه‌راب خواردنه‌وه‌. هاوڕێیه‌كى كه‌ ئه‌وى له‌م دۆخه‌دا بینى به‌ سه‌رسووڕماوییه‌وه‌ لێى پرسى ئه‌وه‌ چى ده‌كه‌یت؟ شانۆكه‌ت ئاگرى تێبه‌ربووه‌ و تۆش دانیشتووى شه‌راب ده‌خۆیته‌وه‌ به‌دیارییه‌وه‌؟

شریدان زۆر به‌ هێمنى وه‌ڵامى دایه‌وه‌ و وتى چى تیایه‌؟ یه‌عنى نابێت پیاو له‌به‌رده‌م كوره‌ى ئاگره‌كه‌ى خۆیدا شه‌راب بخواته‌وه‌ و خۆى گه‌رم بكاته‌وه‌؟ 

ئه‌م قسه‌یه‌ى شریدان چووه‌ مێژووى ئه‌ده‌بى شانۆوه‌ و بوو به‌ یه‌كێك له‌ قسه‌ هه‌ره‌ خۆشه‌كانى ئه‌م نووسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure