لیبیا .. عیادەكە لە بەرلینە و پزیشكەكە روسییە

بۆچوون / بیروڕا :: 20/01/2020

هیچ شتێكی لیبیا رێگە بە فەرامۆشكردنی ئەم وڵاتە نادات، نە سامانە نەوتییەكەی و نە پێگە جوگرافیەكەی، بەتایبەت لەسەردەمی بەلەمەكانی مەرگ و كۆچە بەرفراوانەكاندا. ئەگەر مەترسییەكانی لیبیا تەنیا هەر بۆسەر خۆی بونایە دەتوانرا فەرامۆش بكرێت. بەڵام هەموو كەس دەزانێت كە فەرتەنە و بێ‌ سەروبەری چەكدارانە لە لیبیادا بۆی هەیە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشەیەكی هەمیشەیی بۆسەر دراوسێكانی و بگرە بۆسەر وڵاتانی دوورتریش.

زیادەڕۆیی ناكەین گەر بڵێین لیبیا وڵاتێكی بەدبەختە. ماوەی 40 ساڵی رەبەق دیكتاتۆرێكی نەخۆش هەناسەی لەبەربڕیبوو و بەر لەوەی بەتەواوی بحەسێتەوە پاش رووخاندنی ئەم دیكتاتۆرە شێتە خێرا كەوتە چنگی میلیشیاكانەوە. ئەزموونەكانیش دەریانخستووە كە میلیشیا دەروازەی زێڕینە بۆ جەنگە بێ كۆتاییەكان، كە هەموو لایەكی دەرەكی دەستی تێبخات و ببنە راوێژكەری.

تێكچوونی بارودۆخی لیبیا وایكرد هەندێك دەوڵەت لێی دووربكەونەوە، بۆ نموونە ویلایەتە یەكگرتووەكان پاش كوژرانی باڵیۆزەكەی لەوێ‌ لە ساڵی 2012دا ئیتر لەوكاتەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان تەنیا ئەوەی لا گرنگە كە ناوبەناو لەكاتی پێویستدا بنكەكانی قاعیدە یاخود داعش لەو وڵاتەدا بۆردومان بكات. 

میسر و جەزائیر و تونس و چاد و نەیجەر ئێستا زۆر نیگەرانن لە تێكچوونی بارودۆخی لیبیا. بەتایبەت كە نەمانی چاودێری لەسەر سنوورەكان رێگای هاتووچۆی تیرۆریست و چەكدارەكان ئاسان دەكات. سەرباری ئەمەش لیبیا بە درێژایی 1850 كیلۆمەتر كەناری هەیە لەسەر دەریای ناوەڕاست، بۆیە ئەوروپاش بەهەمان شێوە نیگەرانە، بەتایبەت لە رووكاری ئیتالیاوە.

لە ساڵانی رابوردوودا دەركەوت كەنارەكانی لیبیا دووهەمین دەروازەن بۆ پەڕینەوەی كۆچبەرە ئەفریقییەكان، كە یەكەمیان توركیایە. ئەمەیە سەقامگیریی لیبیا كردووە بە پێویستییەكی لیبیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی. 
وێنەكە دژوارتر دەبێت گەر بزانین جەنگاوەرە گەڕۆكەكان گۆڕەپانی لیبیا بە جێگرەوەیەكی گونجاوی گۆڕەپانی سوریا دەزانن كە روسیا خەریكە ئەو وڵاتەیان بەڕوودا دابخات.


لەم روانگەیەوە كۆنگرەكەی بەرلین دەربارەی لیبیا بایەخێكی نائاسایی هەیە، لە هەلومەرجێكدا كە پێدەچێت گۆڕەپانی لیبیا بخلیسكێتە بارودۆخێكەوە هاوشێوەی ئەو بارودۆخەی كە پێشتر سوریای تێكەوتبوو. واتە نقوم ببێت لە هەڵداماڵینی ناوخۆیی توندوتیژ و دەستوەردانی سیاسی و سەربازیی دەرەكی. بەدڵنیاییەوە دەستوەردانە دواینییەكەی توركیا بەوشێوە بێ‌ شەرمە لە لیبیادا زەنگە هوشیاركردنەوەی لە چەندین پایتەختی ئەوروپی لێدا.

چەند هەفتەیەك لەمەوبەر هەندێك سیاسەتمەدار و پسپۆڕ راشكاوانە رایانگەیاند كە ئەم بارودۆخەی لیبیا بەڵگەی پاشەكشێی رۆڵی ئەوروپی و بێ‌ توانایی وڵاتە بەهێزەكانی ئەو كیشوەرەیە كە رێكبكەون لەسەر وێنایەكی یەكگرتوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا كە لەڕووی سیاسی و ئابووریی و ئاساییش و دیموگرافیەوە بۆ هەموویان گرنگە.

رەجەب تەیب ئەردۆگان زیاد لە پێویست جڵەوی بۆ خۆی شل كرد لە مەسەلەی دەستوەردان لە لیبیادا. لێكتێگەیشتنێكی ئەمنی لەگەڵ حكومەتەكەی سەڕاجدا لە تەڕابلس و رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی سنووری دەریایی دەبنە مایەی سەرهەڵدانی ركابەری لەسەر سامانەكانی دەریای ناوەڕاست لە نەوت و غازدا.
ئەردۆگان هەر بەوە رانەوەستا كە مێژووی عوسمانی لە لیبیا و وڵاتانی دراوسێیدا هەڵبداتەوە و بەڵێنی بەرگریكردن بدات لە نەوەكانی عوسمانی بەڵكو هەڕەشەی راستەوخۆی نارد بۆ موشیر خەلیفە حەفتەر كە هێزەكانی جوڵاندووە بۆ دەستبەسەردا گرتنەوەی تەڕابلس، ئەمیش بە هاوكاری ئیمارات و میسر و تا ئەندازەیەكیش فڕەنسا. 

ئەردۆگان دەزانێت كە دەستوەردانی سەربازی بووەتە یاسای گفتوگۆكردن لەم بەشەی جیهاندا بۆیە ژمارەیەك ئەفسەر و راهێنەر و راوێژكاری رەوانەی لیبیا كردووە جگە لە هێزی چەكداری پێكهاتوو لە جەنگاوەری سوری لایەنگری توركیا.
كەسێكی دیكەش هەیە كە لیبیای بیرنەچووەتەوە. ئەویش ڤلادیمیر پۆتینە. ئەوكاتە سەرۆك وەزیرانی روسیا بوو كە مۆسكۆ رێگەی دا بە تێپەڕاندنی بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاساییش و پەیمانی ناتۆ ئەو بڕیارەی بەكارهێنا بۆ كردەوەیەكی سەربازی كە بووە هۆی روخاندنی رژێمەكەی قەزافی و لەم نەخشەیەدا فڕەنسا و بریتانیا هاوبەشی یەكتر بوون. چەكی روسیا و سۆڤێت لەم پڕۆسە سەربازییەدا سوكایەتی پێكرا وە چۆن پێشتر لە عێراقی سەدام حسێندا سوكایەتی پێكرا. پۆتین ئەوەی بیرناچێتەوە كە پەیمانی ناتۆ هێرشی كردووەتە سەر وڵاتێك هاوڕێ‌ی مۆسكۆ بووە. 
پۆتین ئێستا بە سودوەرگرتن لە بارودۆخە نێودەوڵەتیەكە بەجۆرێك هاتووەتە پێشەوە كە رۆڵی سەرپەرشتیاری ئاشتی بگێڕێت لە لیبیادا. بۆیە مۆسكۆ سەڕاج و حەفتەری بانگ كرد رێككەوتننامەی ئاگربەست لەوێ‌ ئیمزا بكەن. كاتێك كە حەفتەر بەبێ‌ ئیمزاكردن مۆسكۆی جێ‌ هێشت. پۆتین هەر بە هاوڕێی خۆشەویست بانگی دەكات و ئامادەیی دەردەبڕێت گەشتەكەی لەگەڵدا درێژەپێبدات.
 
شێوازی ئێستای روسیا لە چارەسەركردنی قەیرانەكاندا پشت دەبەستێت بە راگەیاندنی پڕۆسەكە بە چەند قۆناغێك لە روانگەی گۆڕانكارییە سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی و مرۆیی و ئاسایشەوە. پۆتین هەوڵی داوە ئەو ئەزموونەی كە لە سوریادا فێری بووە بیگوێزێتەوە بۆ یاریگا لیبییەكە.

مەبەستی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەستی كۆنگرەی بەرلین ئەوەیە كە هەموو دەستوەردەرەكان لە ژێر ساباتێكدا كۆبكاتەوە بە هیوای ئەوەی دەستوەردانەكان كۆنترۆڵ بكات و شانبەشانی ئەمە دایلۆگێكی ناوخۆیی لە لیبیادا بەردەوام بێت لەسەر هەموو مەسەلە سیاسی و ئابووریی و سەربازییەكان. 

پۆتین ئەزموونێكی دەوڵەمەندی هەیە. ئەو بوو قەیرانەكەی سوریای بە چەند قۆناغێك گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستا. كۆنگرەكەی بەرلینیش سەبارەت بە لیبیا دووپاتكردنەوەی هەمان سیاسەتی مۆسكۆیە. ئاشكرایە پزیشكە روسییەكە دەتوانێت قسە لەگەڵ هەموو پەیوەندیدارەكان بكات دەربارەی ئەو نەخۆشە لیبییەی كە هێنراوەتە عیادەكەی بەرلین. پۆتین پزیشكێكە دەتوانێت رۆڵی هەمووان بخاتە چوارچێوەی ویست و مەبەستەكانی خۆیەوە و لەهەمان كاتیشدا بەشدارییان پێبكات بێ‌ ئەوەی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی لەبیر بچێت.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێش ئەوەی كار لەكار بترازێت لیبییەكان لە خەوی غەفڵەت خەبەریان دەبێتەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure