ته‌مه‌ن و سامان

بۆچوون / بیروڕا :: 19/01/2020

نووسینى: كه‌یت رانداڵ
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

شتێكى تازه‌مان نه‌گوتوو گه‌ر بڵێین ئاستى دارایى مرۆڤ كاریگه‌رى راسته‌وخۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیان و ته‌ندروستى ئه‌و كه‌سه‌. به‌ڵام روونكردنه‌وه‌ى ئه‌م راستییه‌ به‌ ژماره‌ و به‌ڵگه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى دیكه‌یه‌.

به‌پێى تازه‌ترین توێژینه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و بریتانیا به‌گشتى ته‌مه‌نیان زۆرتره‌ له‌ هه‌ژارانى ئه‌و دوو وڵاته‌. ژماره‌كان پێمان ده‌ڵێن ژنان و پیاوانى ده‌وڵه‌مه‌ند تێكڕا هه‌شت نۆ ساڵ زیاتر له‌ هه‌ژاران ده‌ژین بێ هیچ كه‌موكوڕیى و كێشه‌یه‌كى ته‌ندروستیی، به‌تایبه‌ت له‌دواى ته‌مه‌نى 50 ساڵییه‌وه‌.

بارى ته‌ندروستى له‌ ساڵه‌كانى كۆتایى ژیاندا هێنده‌ى درێژى ته‌مه‌ن گرنگه‌. ئه‌و توێژینه‌وانه‌ له‌سه‌ر ده‌یان هه‌زار كه‌سى سه‌روو په‌نجا ساڵدا ئه‌نجامدراوه‌. 

توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كاریگه‌رى ئاستى دارایى له‌سه‌ر ته‌مه‌ن و كوالیتى ژیان گرنگتره‌ له‌ ئاستى رۆشنبیریى و بڕوانامه‌ى زانستى مرۆڤ. ئه‌وانه‌ى كه‌ بارى دارایى و ئابوورییان باشه‌ چاوه‌ڕوانى ته‌مه‌نى درێژ و ته‌ندروستى باشتریان لێ ده‌كرێت به‌ به‌راورد به‌ هاوته‌مه‌نه‌ هه‌ژاره‌كانیان.

حكومه‌ته‌ موحافزكاره‌كه‌ى بۆریس جۆنسن له‌ بریتانیا هه‌ڕه‌شه‌ى لاوازكردنى زیاترى خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستیه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات و ده‌یه‌وێت كه‌رتى ته‌ندروستى به‌ته‌واوى بخاته‌ كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌. له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیشدا سه‌ره‌ڕاى دابینكردنى سیستمى بیمه‌ بۆ گروپى جیاجیاى كۆمه‌ڵگا به‌ڵام هێشتا نزیكه‌ى 14%ى دانیشتووانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هیچ بیمه‌یه‌كیان نییه‌ له‌ بوارى ته‌ندروستیدا. 

سه‌ره‌ڕاى جیاوازى شێوازى پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى له‌نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و بریتانیادا به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ بووه‌ته‌ قوربانى نایه‌كسانى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌تایبه‌ت له‌ بوارى ته‌ندروستیدا چینى كرێكار و خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌ى وڵاته‌. له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا كه‌ تائێستاش پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى بۆ هه‌ژاران یان هه‌ر نییه‌ یان له‌ڕووى جۆرییه‌وه‌ زۆر نزم و خراپه‌. 

نایه‌كسانى له‌نێوان هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا نه‌ك ته‌نها ده‌بێته‌ هۆى مردنى زۆرتر و په‌ككه‌وتن به‌ڵكو رێژه‌ى مردنى پێشوه‌ختیش به‌رز ده‌كاته‌وه‌. سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ تێكڕاى ته‌مه‌ن له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ ساڵى 2017 نزمتره‌ له‌چاو تێكڕاى ته‌مه‌ن له‌ ساڵى 2014دا، كه‌ ئه‌مه‌ نیشانه‌ى ناسه‌قامگیریى قووڵى كۆمه‌ڵگایه‌. پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى خۆڕایى به‌ كوالیتى به‌رز یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانى مرۆڤ، به‌ڵام حاڵى حازر سیستمى سۆشیالیستى پزیشكى له‌ هیچ وڵاتێكى سه‌رزه‌ویدا پێشكه‌ش ناكرێت.

خه‌باتكردن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ئه‌م جۆره‌ سیستمه‌ ته‌ندروستییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌ ناوه‌ندییه‌كانى به‌رنامه‌ى سۆشیالیزم كه‌ پێویسته‌ كرێكارانى جیهان خه‌باتى بۆبكه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure