لیبرالیزم و رزگاربوون له‌ كۆتوبه‌ندى سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 16/01/2020


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

لیبرالیزم رێبازێكى سه‌رمایه‌دارییه‌ بانگه‌واز بۆ ئازادى ره‌ها ده‌كات له‌ بواره‌كانى سیاسه‌ت و ئابووریدا و داوا ده‌كات بیروبۆچوون و كرده‌وه‌ى به‌رامبه‌ریش قبووڵ بكرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دژ و ناكۆكیش بێت له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆجیا و كرده‌وه‌كانى خۆیدا.

یه‌كێك له‌ خه‌سڵه‌ته‌كانى لیبرالیزم له‌ بوارى سیاسه‌تدا فره‌یى ئایدۆلۆجى و فره‌یى رێكخراوه‌ سیاسى و حیزبییه‌كانه‌. له‌ڕووى هزره‌وه‌ لیبرالیزم له‌سه‌ر بنه‌ماى ئازادى بیروباوه‌ڕ دامه‌زراوه‌. واته‌ ئازادى بێ ئیمانیش و ئازادى ره‌فتار به‌ ره‌هایى، وه‌ك ئه‌وانه‌ى كه‌ وێنه‌ى رووتى خۆیان له‌سه‌ر په‌یجه‌كانیان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا داده‌نێن و تادوایى.

وشه‌ى لیبرالیزم له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ وشه‌ى لیبرتییه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ سه‌ربه‌ستى و ئازادى ده‌گه‌یه‌نێت. بیروباوه‌ڕێكه‌ گرنگترین مه‌سه‌له‌ به‌لایه‌وه‌ ئازادى تاكه‌. به‌ پێویستى ده‌زانێت رێز له‌ سه‌ربه‌خۆیى تاك بگیرێت. لیبرالیزم پێى وایه‌ ئه‌ركى بنه‌ڕه‌تى ده‌وڵه‌ت پاراستنى ئازادییه‌كانى هاووڵاتیه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌. واته‌ رێبازێكه‌ ده‌یه‌وێت كۆت و پێوه‌ند له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دابنێت و رۆڵى كه‌مبكاته‌وه‌ و حكومه‌ت دووربخاته‌وه‌ له‌ بازاڕ و ئازادیه‌ مه‌ده‌نییه‌كان فراوانتر بكات.

یه‌كێك له‌ بناغه‌كانى لیبرالیزم عیلمانیه‌ته‌ كه‌ مرۆڤ به‌ بوونه‌وه‌رێكى مه‌زن ده‌زانێت و پێى وایه‌ مرۆڤ سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ هه‌ستكردن به‌ پێویستیه‌كانى خۆى. ئه‌مه‌ له‌سه‌رده‌مى رۆشنگه‌ریدا خه‌ت و خاڵى ده‌ركه‌وت و مرۆڤى كرده‌ چه‌قى هه‌موو مه‌سه‌له‌كان. له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌توانێت هه‌موو شتێك تێبگات و گه‌شه‌ به‌ خۆى و كۆمه‌ڵگاكه‌ى بدات له‌ڕێى كرده‌وه‌ى ئه‌قڵانى سیستماتیكى.

هه‌ندێكى تر پێیان وایه‌ لیبرالیزم سه‌ربارى ئه‌مه‌ش رێبازێكى سیاسى فه‌لسه‌فییه‌ و پێى وایه‌ یه‌كێتى یه‌ك ئایینى پێویست نییه‌ بۆ رێكخستنێكى سه‌ركه‌وتووى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ڵكو پێویسته‌ یاسا ئازادى ده‌ربڕین و ئازادى بیروباوه‌ڕ زامن بكات. پارادۆكسه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ خۆرئاوا بانگه‌شه‌ بۆ دیموكراسى و لیبرالیزم ده‌كه‌ن ده‌بینین له‌ په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیاندا دژى ئازادى تاك و ئازادى گه‌لانن.

ره‌گ و ریشه‌ى لیبرالیزم له‌ ئه‌وروپادا له‌ سه‌رده‌مێكى زۆر دژوار و سه‌ختدا دروست بوو كه‌ خه‌ڵكى ئه‌وروپا به‌ده‌ست سیستمێكى فیوداڵى گه‌نده‌ڵ و دواكه‌وتووه‌وه‌ ده‌یناڵاند. شكستى ده‌سه‌ڵاتى ئایینى كه‌ خۆى له‌ كه‌نیسه‌دا ده‌بینیه‌وه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ شكستى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كه‌ پادشا و حكومڕانه‌كان و ئیمپراتۆره‌كان به‌رجه‌سته‌یان ده‌كرێت و شكستى ده‌سه‌ڵاته‌ ئابوورییه‌كه‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى گونجاویان دروست كرد بۆ سه‌رهه‌ڵدانى بیرى لیبرالیزم به‌ هیواى رزگاربوون له‌ كۆتوبه‌نده‌كانى ئه‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌.

ئه‌م دروشمانه‌ به‌داخه‌وه‌ ره‌نگیان نه‌دایه‌وه‌ له‌ كرده‌وه‌كانى خۆرئاوا و له‌شكره‌كانیان كاتێك وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهانى سێهه‌میان داگیر كرد. به‌پێچه‌وانه‌ى بانگه‌وازه‌كانیانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێزگرتن له‌ ئازادى مرۆڤ، ملیۆنه‌ها مرۆڤیان كرد به‌ كۆیله‌ و له‌ زۆر ناوچه‌ى ئه‌فریقادا مه‌زهه‌بى كاسۆلیكیان بڵاوكرده‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure