دیكتاتۆرى خۆمانه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 15/01/2020

نووسینى: میشیل زه‌هره‌
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

له‌ دیارده‌ى دیكتاتۆرى ئه‌م وڵاتانه‌ى خۆمان و ده‌وروبه‌ر، دوو مه‌سه‌له‌ زاڵن، یه‌كه‌میان، كه‌لتووری یه‌كتاپه‌رستییه‌، كه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت له‌ یه‌ك تاكى بێ وێنه‌ى نموونه‌یى، كه‌ ده‌توانین بڵێین یه‌كسانه‌ به‌ بت. مه‌سه‌له‌ى دووم، سروشتى ئه‌و ئابوورییه‌ دواكه‌وتووه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌پارێزێت.

ئه‌و سه‌رۆكه‌ى كه‌ زاده‌ى ئابوورییه‌ دواكه‌وتووه‌كه‌یه‌، چونكه‌ ئابووریه‌كى وشكى بێ مێشكه‌ و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ ئابوورى هاوچه‌رخه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو كۆپیه‌كى ناشرینى ئابوورییه‌كانى جیهانى كۆنه‌. ئابوورییه‌كه‌ نه‌ تازه‌ ده‌بێته‌وه‌، نه‌ هیچ ده‌خوڵقێنێت. خۆى له‌ په‌ناى دیكتاتۆردا ده‌پارێزێت بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌نه‌دات ئابوورییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان شوێنى پێ له‌ق بكه‌ن.

دیكتاتۆر، یاساى تایبه‌تى بۆ ده‌رده‌كات، كه‌ ناهێڵێت كاڵاى باشتر پێ بنێته‌ بازاڕى نیشتمانییه‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ستایشى دیكتاتۆر ده‌كرێت وه‌ك خاوه‌نى زه‌وى و ئاسمان و پارێزه‌رى ره‌عیه‌ت و نیشتمان. ئیتر راگه‌یاندنه‌كانى دیكتاتۆر ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ زیاده‌ڕه‌ویكردن له‌ نیشتمانپه‌روه‌ریى و هاندانى فیداكاریى و خه‌بات كردن دژى داگیركه‌ر و ئیستعمار و دوژمنى ئیستراتیجى و ته‌واوى ئه‌و چه‌مك و زاراوانه‌ى كه‌ رۆشنبیره‌ هه‌لپه‌رسته‌كانى دیكتاتۆر ده‌یانخوڵقێنن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure