دوو زێڕەكە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

پاش گەڕانەوەی كریستۆفەر كۆڵۆمبس لە یەكەمین گەشتی لە دۆزینەوەی ئەمریكادا، ئەو دەستكەوتانەی لە بازاڕەكانی ئیشبیلیەدا نمایش كرد كە لەگەڵ خۆیدا هێنابوونیەوە. سەدان كەس بە خۆشحاڵییەوە كۆبوونەوە لەدەوری ئەو بابەتە عەنتیكانەدا؛ تووتی رەنگاوڕەنگ، ئاژەڵ و رووەكی نامۆ و نەبینراو هەروەها ئەو بەروبوومانەی كە پێشتر هەرگیز چاویان پێنەكەوتبوون. هێندەی نەبرد ئەمانە هەموویان لەسەرتاسەری ئەوروپادا بڵاوبوونەوە. لە هەمووان گرنگتر تووتن و گوێزی هندی بووە. خەڵكەكە لە خۆشیدا هاواریان دەكرد و چەپڵەیان لێدەدا، بەڵام پادشا و شاژن كە ئامادەی ئەم نمایشە رەنگاوڕەنگە بوون زیاتر سەرنجیان چووە سەر دیمەنی سندوقە پڕ لە زێڕەكان.

كۆڵۆمبس زۆری لەوانە نەهێنابووەوە ئەمەش ئەم ژن و مێردە دەسەڵاتدارەی تا ئەندازەیەك ناڕەحەت كرد. كۆڵۆمبس هندستانی نوێ‌ی بۆ بەدەستهێنانی زێڕ دۆزیبووەوە نەك لەپێناوی باڵندەدا. بەڵێنی دا لە گەشتی دووهەمدا هەموو هەوڵەكانی تەرخان بكات بۆ بەدەستهێنانی زێڕ. هەموو كەس دەیویست لەگەڵیدا بڕوات: هەژارەكان و سەركێشەكان و زیندانییەكان و خەڵكی بێ ئیش هەمووان خوازیاری دۆزینەوەی سامان بوون لەو جیهانە نەزانراوەدا كە دواتر ناوی لێ‌ دەنرێت ئەمریكا، چونكە كۆڵۆمبس بە هەڵە پێی نابووە جیهانە تازەكەوە كە خۆی وایدەزانی گەیشتووەتە هندستان.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمیشدا كە لە ویلایەتی تەكساسدا بۆ یەكەمین جار نەوت هەڵقوڵا، هەمووان ناویان لێ‌ نا زێڕی رەش. لەوكاتەوە ئەم دوو جۆر زێڕە هاوشانی یەكن لە جیهاندا. هەردووكیان نیشانەیەكن لە نیشانەكانی دەوڵەمەندی و دڵنیایی دارایی. كاتێكیش كە تارمایی جەنگ لە هەر ناوچەیەكی جیهاندا دەبینرێت. هەردوو جۆری زێڕەكە زێڕی زێڕین و زێڕی رەش پێكەوە گران دەبن. ئەوە دەستبەجێ‌ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی قاسم سولەیمانی لە عێراق روویدا. چونكە هەموو خەڵك ترسی ئەوەیان لێ‌ نیشت جەنگێكی گەورە رووبدات، بگرە هەندێك كەس باسی جەنگی جیهانی سێهەمیان دەكرد. 
نرخی پشكەكان لە هەموو شوێنێك دابەزین، وەبەرهێنەرانیش لە هەموو شوێنێك هەڵپەیان كرد بۆ كڕینی زێڕ و نەوت. لەو رۆژەوەی كە كۆڵۆمبس وڵاتی زێڕی دۆزیوەتەوە و پاشان كە نەوت دەركەوت وەك زێڕێكی تەریب، گەشتی ئەم دوو زێڕە نەگۆڕاوە. هەندێك جار نرخی ئەم یان ئەویان تا ئاستێكی ترسناك و چاوەڕواننەكراو دادەبەزێت. زوربەی كات هۆكارەكە یەك شتە، هەڵئاوسانی سامانی زیادە. ئینجا لەپڕ سەرلەنوێ‌ هەردوو نرخەكە بەرز دەبنەوە. لەمەشدا هۆكارەكان چوونیەكن، قەیرانە جیهانییەكان و كەمی بەرهەمهێنان.

جارێكیان پرسیارم لە هاوڕێیەكی سعودی كرد كە شارەزایەكی گەورەی ئابوورییە: باشترین دڵنیایی لە چ بازرگانییەكدایە وتی لە ژیانیدا بێجگە لە نەوت لە هیچ بوارێكی دیكەدا كاری نەكردووە. من هیچم نەگوت، بەڵام لە دڵی خۆمدا سەیرم بەم قسەیەی دەهات چونكە ئەوكاتە نرخی نەوت لە ئاستێكی زۆر خراپدا بوو، بەرمیلێكی لە دەوروبەری 25 دۆلاردا بوو. چەند هەفتەیەكیش لەمەوبەر بینیمەوە كە نرخی نەوت بە خێرایی لە هەڵكشاندا بوو. پێم وت بەڕاستی سەلماندت كە شارەزایت لە بواری ئابووریدا بەو بەڵگەیەی كە تۆ هەمیشە قازانج دەكەیت رێك بە پێچەوانەی منەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure