نامەی نووسەری تورک، ئەحمەد ئاڵتان لە زیندانەوە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

برا و خوشکەکانم. کوردەکان.
من تورکێکم.
من لەسەر دین، کلتور و دابونەریتی ئەم وڵاتە گەورە بووم.
لە ئامێزی ئەم خاکەدا لە دایک بووم، لە خاکی ئەنادوڵ و میزۆپۆتامیادا گەورە بووم.
بەڕێژەیەکی کەمیش بێت، بەرهەمەکانی جیهان، وەک بەرهەمی فرەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیزیم بۆ سەر زمانەکەم وەرگەڕاند.

من نووسەرێکم کە بەرهەمەکانم لە لایەن رۆشنبیر، کەسایەتی، مافپەروەر، سیاسەتمەدار و نووسەرەکان و گروپە جیاوازەکانەوە دەخوێندرێتەوە.
ئەردۆغان منی دەستگیرکردووە.
منی زیندانی کردووە.
سزای هەتا هەتایی بەسەر مندا سەپاندووە.
بە خەیاڵمدا نایەت.
تا رۆژگاری ئەمڕۆ نەترساوم.
گەر بزانم دەشمرم، لە ئەردۆغان ناترسم.
ئەردۆغان...
دیکتاتۆرێک خاوەنی چی بێت، ئەویش خاوەنی هەر هەمان شتە.
خاوەنی مێشکێکی هەژارە.
بە پارە و ترساندنەوە، هەموو گاڵتەجاڕەکانی دەوروبەری کڕیوەتەوە.
بە ئەردۆغان ناوێرم، بەڵام..
ئەردۆغان ناتوانێت بۆچوون و هزری من بکڕێتەوە.
لە تورکیادا دوو پیاو و ژنێک هەن کە مێشکیان بە پارە ناکڕدرێتەوە.
یەکەمیان، سەڵاحەدین دەمیرتاش
دووەم، من
سێیەمیش، فیگەن یوکسەکداغە.
بەزەییم بە ئەردۆغاندا دێتەوە.
خاوەن مێشکێکی هەژار و دیکتاتۆرێکی سەرکوتکەرە.
وادەزانێت من لە ژوورەوە بەند بکات.
دەمترسێنێت!
وادەزانێت دەتوانێت بێدەنگم بکات.
مێژووی جیهان یادی کەسانی وەک ویلیام شکسپیر بە بەرهەمەکانیانەوە دەکاتەوە.
ئەگەر پرسیاری ئەوە بکرێت، لە سەردەمی ویلیام شکسپیر کێ پاشا بوو؟ رەنگە کەس بیری نەمابێت.
رۆژێک دێت کەس نازانێت ئەردۆغان کێ بووە و کەس نایناسێت.
مرۆڤەکان چۆن یادی شکسپیرەکان دەکەنەوە، ئاوا یادی منیش دەکەنەوە.
22 ساڵ لەمەوبەر، لە قادی کۆی، چووم بۆ دوکانێکی بەرگدوورین.
دانیشتم، ویستم ژمارەیەک پانتۆڵ بەدوورین بدەم.
بەرگدرووەکە درێژی منی دەپێوا.
لەو کاتەدا 3 گەنج هاتنە ژوورەوە.
دانەیەکیان خەڵکی ریزە، دانەیەک خەڵکی ئامەد و دانەیەکیان خەڵکی دەرسیم بوو.
تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 16 ساڵ دەبوو.
ئەوان لە سێ شاری جیاوازدا، لە دایک ببوون.
لە هەمان یانەی وەرزشیدا یارییان دەکرد.
بەرگدرووەکە بەدەم وەرگرتنی درێژی من، لەسەر پێ قسەی لەگەڵ گەنجەکاندا دەکرد.
کاتێک ئیشی بە من تەواو بوو، بە گەنجەکانی وت، فەرموون چیتان دەوێت.
گەنجەکان داوای جلێکی وەک ئینتەر میلانی ئیتاڵییان کرد، بۆ خولی تۆپی پێ.
داوای رەنگی زەرد و سوور و سەوزیان کرد.
بەرگدرووەکە بەسەریاندا هاواری کرد وتی، بۆ ئێوە تیرۆریستن.
وتی، زوو ون بن، ئەگینا پۆلیس بانگ دەکەم.
منداڵەکان چوون و بەرگدرووەکە جنێوی بە دایکیان دا.
شەرمم کرد.
نەمدەزانی سەیری کوێ بکەم.
ئەو شەرمی نەکرد، سەیری منی کرد و وتی، ئەحمەد بەگ توخوا حەقم نییە؟
وتم حەقی چی؟ باسی چی دەکەی؟
وتی رەنگی سەوز و سوور و زەرد لە وڵاتەکەمان قەدەغەیە.
وتم بۆچی؟
وتی رەنگی کوردن.
ئەو رەنگانە نیشانەی جوداخوازین.
موناقەشەم لەگەڵی نەکرد.
بە جوانی وتم: جارێکی دی، نایەمەوە بۆ لات.
چوومە دەرەوە و جارێکی دی نەچوومەوە بۆ ئەوێ.
بەڵام رەفتاری ئەو بەرگدرووەم لەگەڵ ئەو گەنجانە لەبیرنەچووەوە.
من تورکم، بەڵام ئەو رۆژە، تورک بوون بوو بە شەرمێک بۆ من.
کورد لە ترسی ئەوەی وەک تیرۆریست نەبینرێن.
لە ترسی ئەوەی وەک خائین لەقەڵەم نەدرێن
دەڵێن، من خەڵکی وانم.
من خەڵکی سیڤەرەک، خەڵکی بینگۆلم، خەڵکی قەڕسم.
من لە دوورەوە هاتووم خەڵکی هەکاریم، من خەڵکی ماردینم.
دەڵێن من خەڵکی عورفام.
ناوێرن بڵێن من کوردم.
دەڵێن من دیاربەکریم.
باسی کورد بوونی خۆیان ناکەن.
لەگەڵ ئەوەی کە کوردن.
بەڵام لە تورکیا برای کوردم هەیە.
من خاوەنی دۆستی گیانی بە گیانی کوردم.
برای کوردی موسڵمانم هەیە.
لەم وڵاتەدا دۆستی کوردی شۆڕشگێڕ و چەپم هەیە.
ئێمە برای کوردمان هەیە کە لە هەمان مزگەوتدا، بەیەکەوە نوێژ دەکەین.
لە هەمان شوێندا خۆپیشاندان دەکەین.
لەیەک شوێندا کار دەکەین.
بەیەکەوە عارەق دەخۆینەوە.
بەیەکەوە زەماوەند دەکەین و هەڵدەپەڕین.
بەیەکەوە چا دەخۆینەوە و باسی ئەملا و ئەولا دەکەین.
ئایا دەزانین %80ی کورد، لایەنگری هەدەپەن؟
ئەوانەی کە ئێوە هەموو کاتێک بە بێ شەرمی
دەڵێن کوردە پەکەکەیی و تیرۆرسیتەکان
لە کاتێکدا کە تیرۆریست نین، بەڵام چەکیان هەڵگرتووە.
وەک تورکێک دژیان دەوەستنەوە.
هەر لەبەرئەوەی، تەنیا کوردن، کردەوەی نەژادپەرستی لە دژیان دەکەن.
ئەوان کوردی هەدەپەیین.
ئەوان برای ئێمەن.
ئەوان ئەو برایەی ئێمەن کە
بە کلتوری خۆیان ئەم وڵاتە دەوڵەمەند دەکەن.
بە گۆرانییەکانیان دڵخۆشمان دەکەن.
بە خواردنەکانیان تێرمان دەکەن.
بە زمانەکەیان، لە زەماوەندەکانماندا گۆرانی دەڵێن.
لە شەوە خۆشەکاندا دڵخۆشی دەهێننە ماڵەکانمان.
ئەوان برای بەمشێوەیەی ئێمەن.
من وەک تورکێک.
بەهۆی ئەو زوڵمەی کە لە کوردەکانی دەکەین، شەرم لەخۆم دەکەمەوە کە تورکم.
لە دەرسیم، لە سەرەتای دروستکردنی کۆماری تورکیا، ئەوان رەتدەکرێنەوە.
هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردەکانمان دا.
گاڵتەمان بە دابونەریتیان کرد.
گاڵتەمان بە شێوەی ئەوان کرد.
لە زیندانی دیاربەکر ئەوانمان ئەشکەنجەدا.
گوندەکانی ئەوانمان بوردومان کرد.
موسا ئانتەرەکانیان، ڤەدات ئایدنەکانیان و موراد بولدانەکانیانتان کوشت.
یەلماز گونای و ئەحمەد کایاتان لە وڵات وەدەر نا.
75 ساڵ ناوی کوردیتان بۆ منداڵی کورد قەدەغە کرد.
گوێگرتن لە میوزیکی کوردیتان تا ساڵی 2000 قەدەغە کرد.
بە دەیان کەس کە قاتیلەکانیان دەوڵەتە، وەک ئەوەی قاتیل نادیار بن کوژران.
لە روبۆسکی بە فڕۆکەی ئێف شانزە، ٣٥ کوردتان کوشت.
نوێنەری خەڵکتان دەستگیرکرد.
قەیومتان لە شارەوانییەکانیان دامەزراند.
دەمیرتاش و یوکسەکداغی سەرۆکی سیاسیتان زیندانی کرد.
ئەو کوردانە برای ئێمەن.
مێژوو بەرامبەر ئەو کردەوانەی کە بەرامبەر کورد ئەنجامتاندا شەرم دەکاتەوە.
بەڵام ئێمە بەرامبەر کردەوەکانمان شەرممان نەکرد.
ئێمە چیمان لەم کوردانە دەوێت؟
ئەوان برای ئێمەن.

لەگەڵ رێزمدا
نووسینەکەم لە ناو زینداندا
ئەحمەد ئاڵتان

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure